٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
میدیای ده‌ره‌وه‌

کاردانەوەی جیهان سەبارەت بە کشانەوەی ئەمەریکا لە ڕێککەوتنە ناوەکییەکەی ئێران

سەرچاوە: KDP.info

 

هولیر-KDP.info-  سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ بڕیاری دا، وڵاتەکەی لە ڕێککەوتنە ناوەکییەکەی ئێران بکشێتەوە و سەرلەنوێ سزاکان بەسەر ئێراندا بسەپێنێتەوە.

دوای بڕیارەکەی سەرۆک ترامپ هەندێک لە وڵاتانی جیهان و لایەنەکانی ناو ڕێککەوتنە ناوەکییەکە کاردانەوەیان هەبوو سەبارەت بە بڕیارەکە و هەندێک پێشوازییان لە بڕیارەکەی سەرۆک ترامپ کرد و هەندێکیش نیگەرانیی خۆیان دەربڕی سەبارەت بە بڕیاری کشانەوەی ئەمەریکا لە ڕێککەوتنەکەدا.
یەکێک لەو وڵاتانەی کە بەشدارە لە ڕێککەوتنەکەدا ئەڵمانیایە، لە ڕاگەیاندراوێکدا وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا هایکۆ ماس وتی وڵاتەکەی هەوڵ دەدات لەسەر ڕێککەوتنە ناوەکییەکەی ئێران بمێنێتەوە سەرەڕای بڕیارەکەی سەرۆک ترامپ بۆ کشانەوەی ئەمەریکا.
ماس بە کەناڵی ئەی ئاڕ دی گوت "هەوڵ دەدەین پارێزگاری لەم ڕێککەوتنە گرینگە بکەین، کە گرەنتی ئەوە دەدات ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەموو جیهان پارێزراوتر بێت."
هەروەها جێگری وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر نووسیویەتی بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کشانەوە لە ڕێککەوتنە ناوەکییەکە لەگەڵ ئێراندا هەواڵێکی باش نیە لە واشنتنەوە.
هەروەها گوتیشی، دەبێت ئەورووپاییەکان ئەوەی کە ماوە لە ڕێککەوتنە ناوەکییەکە ڕزگاری بکەن و بیپارێزن.
لە هەمان کاتدا وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند هەست بە بێهیواییەکی زۆر دەکات سەبارەت بە بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ بۆ کشانەوە لە ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ئێران.
گوتیشی "هیچ بیانوویەک نیە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنەکە. ڕێککەوتنەکە سەرکەوتوویی خۆی دەرخستووە."
گوتیشی "ئەمەریکا متمانەی جیهان بە دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی ناهێڵێت."
ئاماژەشی بەوەدا، مۆسکۆ ئامادەیە بەردەوام بێت لە کارکردن لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی ڕێککەوتنەکەدا و، هەروەها بەردەوامیش دەبێت لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێراندا.
لەلایەکی دیکەوە گوتەبێژی سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەییب ئەردۆگان گوتی، بڕیارەکەی ئەمەریکا بۆ کشانەوە لە ڕێککەوتنە ناوەکییەکە دەبێتە هۆی خستنەوەی نائارامی و ململانێی نوێ لە ناوچەکەدا.
گوتەبێژ ئیبراهیم کالین گوتیشی، ڕێککەوتنەکە لەگەڵ وڵاتانی دیکەدا بەردەوام دەبێت و تورکیایش بەردەوام دەبێت لە دژایەتیکردنی هەموو جۆرەکانی چەکی ناوەکیی.
هەروەها بەریتانیا و ئەڵمانیا و فەڕەنسا داوایان لە ئەمەریکا کرد ڕێوشوێن نەگرێتە بەر بۆ بەربەست دانان لەبەردەم جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە لەلایەن وڵاتانی دیکەوە.
ڕابەرانی بەریتانیا و ئەڵمانیا و فەڕەنسا لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا کە ئۆفیسی سەرۆکوەزیری بەریتانیا تێریزا مەی بڵاوی کردەوە دەڵێن "داوا لە ئەمەریکا دەکەین بەربەست نەخاتە بەردەم ڕێککەوتنەکە و، خۆی بەدوور بگرێت لە گرتنەبەری ڕێوشوێن کە ببێتە هۆی بەربەست دانان لەبەردەم جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە لەلایەن وڵاتانی دیکەی ناو ڕێککەوتنەکەوە."
دوای ئەوەی سەرۆک ترامپ بڕیارەکەی ڕاگەیاند، سەرۆکوەزیری بەریتانیا تێریزا مەی بە تەلەفون قسەی لەگەڵ سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆندا کرد.
لەلای خۆشیەوە سەرۆکی ئێران حەسەن ڕوحانی گوتی، وڵاتەکەی لە ڕێککەوتنە ناوەکییەکەدا دەمێنێتەوە سەرەڕای بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ.

سەرچاوە/ ڤی ئۆ ئەی

هەواڵی پەیوەندیدار