کونسووڵی ئێران: وڵاتەکەمان هەرگیز گەل و حکوومەتی هەرێمی بە دوژمن نەبینیوە و نایبێنێت

هەولێر-KDP.info- كونسووڵی ئێران دەڵێت، كۆماری ئیسلامیی ئێران هیچ كات گەل و حكوومەتی هەریمی كوردستانی بە دوژمن نەبینووە و نایبینێت, بیگومان جیاوازی لەسەر چەند پرسێك لە نیوانماندا هەیە، بەڵام ئەم جیاوازیانە نابنە هۆكاری لیكترازان و دوركەوتنەوە و ئاڵۆزی.
لە پیرمام بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان پێشوازی كرد لە سەركونسووڵی گشتیی كوماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر.
(هۆشیار سیوەیلی)، بەپرسی پێوەندییەكانی دەرەوەی پارتی لە پیرمام پشوازیی كرد لە ئاغای (عەبادی) سەركونسووڵی گشتیی كوماری ئیسلامیی ئیران لە هەولێر و شاندی یاوەری.
(سیوەیلی) بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و لە ڕیگای بەڕێزیانەوە دوبارە سەرەخوشیی سەركردایەتی پارتیی بە قوربانیانی كارەساتەكەی كرماشان و ئەو ناوچانەی تر، كە زەمینلەرزەكە تێیاندا ڕووی دا و هیوای زوو چاكبوونەوەی بۆ بریندارەکان خواست. لە درێژەی ئەو دیدارەدا بەرپرسی پێوەندییەكانی دەرەوەی پارتی بە وردی باسی لە ڕووداوەكانی چەند مانگی ڕابردوو و ئەو كاریگەری و لێكەوتانەی كە لە ئەنجامدا هاتوونەتە ئاراوە، کرد.
(سیوەیلی) دووپاتی کردەوە، كە گەلی كوردستان و گەلی ئێران خاوەنی سنوور و جوگرافیایەكی هاوبەشن، كە بۆ هەزاران ساڵە تێیدا نیشتەجین و ئەمەش هەردوولای كردووەتە خاوەنی مێژوو و بەرژەوەندیی هاوبەش، بۆیە گرینگە بە چاوی دۆستانە لە یەكتر بڕوانن و كار بكەن بۆ زیاتر بەهێزكردنی ئەو پەیوەندییە لەمێژینە. گەلی كوردستان و كۆماری ئیسلامی لە سەنگەرێكدا لەدژی دوژمنێكی هاوبەش شەڕیان كردووە و قوربانیان داوە, كۆماری ئیسلامی لە زۆر لە قۆناغە هەستیار و گرنكەكاندا هاوكار و پاڵپشتی هەرێم بووە, هەر چاوەڕوانی ئەوەشیان لێ دەكرێت.
ئەو ڕووداوانەی كە لە چەند مانگی ڕابردوودا ڕوویان داوە گاریگەریی نەرێنیی دروست كردووە لەسەر پەیوەندی و ئەو چاوەڕوانییەی كە گەلی کورد لە كۆماری ئیسلامی هەیبوو. (سیوەیلی) ئەوەی دووپات كردەوە، بۆ كاركردن بەرەو ئایندەیەكی ئارام و باشتر، گرنگە هەردوولا كار بكەین، بۆ بنیادنانەوەی متمانە و كاری هاوبەش و لیكتێگەیشتنی زیاتر لە نێوانماندا، تاكو لەو ڕێگەوە خزمەتی زیاتر بە بەرژەوەندییەكانی یەكتر بكەین. (سیوەیلی) ئەوەیشی خستە ڕوو، کە هەرێمی كوردستان دەیەوێت دۆستایەتیی باش و نزیك و هەماهەنگیی بەهێزی هەبێت لەگەڵ كۆماری ئیسلامیدا, هیواخوازین هەمان بۆچوونیش لای تاران هەبێـت.
ئاغای (عەبادی) سپاسی ئەو پیشوازی و هاوغەمییەی كرد بۆ قوربانیانی زەمینلەرزەكەی كرماشان و ناوچەكانی تر و، دووپاتی کردەوە، كە كوماری ئیسلامیی ئێران هیچ كات گەل و حكوومەتی هەریمی كوردستانی بە دوژمن نەبینیوە و نابینێت, بێگومان جیاوازی لەسەر چەند پرسێك لە نێوانماندا هەیە، بەڵام ئەم جیاوازیانە نابنە هۆكاری لێكترازان و دوركەوتنەوە و ئاڵۆزی.
كۆماری ئیسلامی و هەرێمی كوردستان خاوەن مێژوو و خەباتێكی دوستانەن لە دژی زوردارانی وەكو ڕژێمی پێشووی عیراق و تیرۆریستانی داعش. كۆماری ئیسلامی ئامادەیە هەموو هاوكارییەك بكات و كاریگەرییەكانی بەكار بهێنێت بو دۆزینەوەی چارە بۆ گرفتەكانی نێوان بەغدا و هەولێر, لەو باوەڕەدایە، كە كقتوگۆ تەنیا ڕێگایە بۆ چارەكردنیان .
لە درێژەی ئەو دیدارەدا هەر دوولا هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی كە پێویستە كاری زیاتر بكریت بۆ زیاتر لێك نزیككردنەوەی بۆچوونە جیاوازەكان و ئاساییكردنەوە و بەهێزكردنی پەیوەندیی نێوان هەولێر و تاران، كە لە بەرژەوەندیی سەقامگیریی ناوچەكە و گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێت.

_(2)__2024_05_14_h16m6s41__ER.jpg)

__2024_01_03_h15m1s20__ER.jpg)
