٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
میدیای ده‌ره‌وه‌

زە ئەتلەنتیک: ئەمەریکا هەرگیز لە عێراق تێنگات.. کورد بەگوێرەی دەستوور مافی سەربەخۆییان هەیە

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info-  پێگەی زە ئەتلەنتیک نووسیویەتی، کە ئەمەریکا هەرگیز لە عێراق تێنگات و، نموونە بە دیباچەی دەستووری عێراق دێنێتەوە کە کوردەکان مافی سەربەخۆییان هەیە، کەچی ئەمەریکا وانەی لە کۆی رووداوەکانی رابردووی عێراق وەرنەگرتووە و سیاسەتێکی باشی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ عێراقدا نەبووە. پێگەکە دەشڵێ، لەو هێرشانەی بەغدا بە میلیشیاکان کردیە سەر ناوچە جێناکۆکەکان ئەمەریکا لەوە گەیشت کە عێراقی فیدراڵ و یەکگرتوو کۆتایی هاتووە.

مێدیاکانی جیهان زۆرینەیان لە سیاسەتی ئێستای ئەمەریکا لە عێراقدا رازی نین، بە ئاشکرا رۆژانە بە مانشێتی جودا هۆشداری بە ئەمەریکا دەدەن کە لە عێراقدا نەیتوانیوە سیاسەتێکی گونجاو و تێگەیشتووی هەبێ.
لە ئێستادا ئەگەرچی ئەمەریکا دەیەوێ هەولێر و بەغدا بخاتە سەرمێزی گفتوگۆ و رێککەوتنێکی هاوبەشیان پێ واژۆ بکات، بە تایبەت کە لە مووسڵ لەم حەفتەیەدا چاودێریی کۆبوونەوەی شاندی سەربازی نێوان هەولێر و بەغدای کردووە، بەڵام رای گشتیی ئەمەریکا و مێدیا ناودارەکانی جیهان لە سیاسەتی ئەمەریکا رازی نین.
لە راپۆرتێکی نمونەییدا، 'زە ئەتلەنتێک' ڕۆشنایی خستووەتە سەر رووداوەکانی رابردووی عێراق لە دوای پرۆسەی ئازادیی عێراق تا ئەمڕۆ و لە بەرەنجامی رووداوەکاندا دەڵێ، ئەمەریکا هەرگیز لە عێراق تێنگات.

لە  راپۆرتەکەیدا، زە ئەتلەنتیک باسی لە سەربەخۆییی کوردستان کردووە کە 93%ی خەڵکی کوردستان بە تایبەت گەنجەکان دەنگیان بۆ سەربەخۆییی کوردستان داوە و، ئەوان زۆرینەیان گرینگی بە زمانی عەرەبی نادەن و یان نایزانن، کوردزمانن و هەروەها بایەخیش بە زمانی ئینگلیزی دەدەن، هه‌ڵبه‌ت ئەوان نایانەوێ لەگەڵ عێراقدا بژین.
لە راپۆرتەکەدا ئەمە وەک نموونەیەک نیشان دراوە کە گرینگە ئەمەریکا لەوە بگات کە کورد نایەوێ لەگەڵ عێراقدا بژیێت، هەروەکچۆن لە 2005 هه‌رێمی كوردستان لەسەر بنەمای دەستوور پیکەوەژیانی لەگەڵ عێراق هەڵبژارد، بەڵام دواجار عێراق دەستووری پێشێل کرد و ئیدی بنەمای شەراکەتی نەهێشت، دوای رۆژانی ئەنجامدانی ریفراندۆمیش لەم ساڵەدا، ئیدی (عەبادی) میلیشیاکانی بەرەو کەرکووک جووڵە پێکرد، هێرشێکی دوژمنکاری کردە سەر کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دیکە، کە ئەم ناوچانە پێگەی کوردین و بەگوێرەی دەستوور ناسێندراون بە ناوچەی جێناکۆک، سەرۆکوەزیرانی عێراق مەبەستی بوو کە کوردەکان بەهەر رێگایەک بێ لە عێراقدا بهێڵێتەوە، بۆ ئەمەریکایش دەرکەوت کە عێراقی فیدراڵ کۆتایی هاتووە.
ئەگەرچی لە راگەیاندراوەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکادا زۆرترین جەخت لەوە دەکرێتەوە کە دەبێ عێراق یەکگرتوو و فیدراڵ و دیموکرات بێ، بەڵام بەگوێرەی راپۆرتەکەی زە ئەتلەنتیک، بۆ ئەمەریکا عێراقی فیدراڵ و یەکگرتوو کۆتایی هاتووە.
رۆژنامە دەڵێ، ئەمەریکا نەخشەیەکی سیاسیی وەها تێگەیشتووی نییە کە وانە لە رابردووی عێراقدا وەرگرێت و لە تاییفییەتی عێراق و لە پشتەوەی ئەو سیاسەتەی عێراق کە داعشی لێ لەدایک بوو، تێبگات.

رۆژنامەکە نموونە بەو کاتەی هەرێمی کوردستان دێنێتەوە کە لە ساڵی 1992 ناوچەی دژەفڕینیان بۆ دانرا و حکوومەتی خۆیان هەبوو، نموونە دێنێتەوە کە لە ساڵی 2005 کورد دەیتوانی سەربەخۆیی خۆی رابگەیەنێ، بەڵام ئارەزوومەندانە لەگەڵ عێراق مانەوە و لە دیباچەی دەستووری عێراقیشدا هاتووە کە خەڵکی عێراق مافی سەربەخۆییان هەیە لە بژاردەی یەکێتیی خۆیان لە داهاتوودا کە مەبەست لێی عێراقی یەکگرتووە، لە گفتوگۆکاندا کوردەکان ئەوەیان لەگەڵ عێراق باس کرد کە ئەگەر بمانەوێ لەگەڵتان بین ئەوا سەربەخۆییانە بڕیار دەدەین و ئەگەر بشمانەوێ لەگەڵ عێراق نەبین، ئەوا سەربەخۆیانە ئەو بڕیارە دەدەین. رۆژنامەکە لەو راپۆرتەیدا نیشانی دەدات کە کورد بەگوێرەی دەستوور مافی سەربەخۆیی هەیە.
بەدەر لەو راپۆرتەی زە ئەتلەنتیک، لە ئێستادا دیپلۆماتکارەکانی ئەمەریکا چاویان لەسەر وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکایە، کە ئاخۆ کەی دەتوانێ نفوزی ئەمەریکا لە رۆژهەڵاتی ناوین و بەتایبەت لە عێراقدا بەرانبەر بە هەژموونی ئێران بەهێز بکات.
فۆکس نیوز، لەم حەفتەیەدا جارێکی دیکە هۆشداریی داوەتەوە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا کە ئەگەر دۆخەکە وا بڕوات، ئەوا ئەمەریکا لە عێراقدا بە شکست لێی دێتە دەرەوە.
رای گشتیی ئەمەریکا ئومێدێکیان بە ستراتیژیەتی نوێی سەرۆکی ئەمەریکایە کە لە مانگی 12 دەرەنجامەکەی لە کۆنگرێسی ئەمەریکا دەردەکەوێ، بۆیە لە ئێستادا گوشار دەخەنە سەر سەرۆکی ئەمەریکا کە لە عێراقدا دەبێ پشتگیری لە کوردەکان بکرێ.

شاو
 

هەواڵی پەیوەندیدار