٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
دەزگاکانی پارتی

راگەیاندنی پارتی پەیامێکی سەرەخۆشیی بۆ تیرۆرکردنی ئەرکان شەریف راگەیاند

سەرچاوە: KDP.info

بە داخەوە هەواڵی شەهیدبوونی كامیرامان و رۆژنامەوان لە دەزگای سەتەلایتی كوردستان(ئەركان شەریف)مان پێگەیشت، كە بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەماڵەكەی خۆیدا لە شارۆچکەی داقوق بەدەستی چەكدارارنی حەشدی شەعبی بەشێوازێکی نامرۆڤانە و دوور لە هەموو بەهایەک، شەهید كرا، بەو بۆنە خەمناكەوە پرسەو سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی خانەوادە و كەس و كاری خوالێخۆشبوو و هاوپیشەكانی دەكەین، خۆمان بە هاوبەشی خەمیان دەزانین و ئومێدەوارین خوای گەورە ئارامی و دڵنەوایی بەكەسوكاری خوالێخۆشبوو ببەخشێ و گیانی كۆچكردوویش بە بەهەشتی بەرین شاد بكات.

(ئەركان شەریف) راگەیاندكارێکی بوێروچاونەترس بوو و دڵسۆزانە كارەكانی خۆی لەو بوارەدا رادەپەڕاند، دوای رووداوە نەخوازراوەكانی ئەم دواییەی شاری كەركوك و ناوچەكە ئاوارە بووە، بەڵام جارێكی دیكە گەڕاوەتەوە بۆ داقوق و بەردەوام بووە لە ئەنجام دانی كاری رۆژانەی خۆی کە وێڕای کاری رۆژنامەوانی بەڕێوەبەری قوتابخانەش بوو.

ئێمە لەكاتێكدا ئەو تاوانە ئیدانە و مەحكوم دەكەین كە نەیەكەم و نە دوا تاوانیش دەبێ، داوا دەكەین هەرچی زووە كۆتایی بەو داگیركاری و مەینەتیانە بهێنرێ و باری ئاسایی و سەقامگیریی بۆ ناوچەكان بگەڕێتەوە، هەروەها داوا لە سەندیکا و کۆمەڵە و رێکخراوەکانی كۆمەڵگەی مەدەنی و  مافەکانی مرۆڤ و رۆژنامەنووسان و تەواوی راگەیاندنكاران دەكەین ئەو تاوانە سەرزەنشت بكەن و بە هەموو لایەك فشار بخەنەسەر دەسەڵاتدارانی ئێستای ئەو شوێن و ناوچانەو لایەنە پەیوەندیدارەكان چیدیكە ئەو رووداوە قێزەونانە دووبارە نەبنەوە و گیانی میدیاكاران و هاووڵاتیان بەگشتی پارێزراو بێ.

جارێكی دیكە پرسەوسەرەخۆشی لە خۆمان و بەڕێوەبەر و کادیر و کارمەندانی دەزگای سەتەلایتی کوردستان و خانەوادەوكەسوكاری خوالێخۆشبوو دەکەین و خوای گەورە ئارامیی بەهەموو لایەك ببەخشێ..

دەزگای رۆشنبیریی و راگەیاندنی
پارتی دیموكراتی كوردستان
30/10/2017

هەواڵی پەیوەندیدار