٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
دەزگاکانی پارتی

دەزگای بارزانی خەڵاتی Sergio de Melloی وەرگرت

سەرچاوە: KDP.info

پۆڵۆنیا-KDP.info- لەو ڕۆژە تەم و مژاویانەی کە لە کوردستان دەگوزەرێن، هەواڵێکی خۆش لە پۆلۆنیاوە بەرگوێ کەوت. ئەمڕۆ لە کاتی مەڕاسیمی پێشکەشکردنی خەڵات لە شاری کڕاکۆڤ، دەزگای خێرخوازیی بارزانی خەڵاتی Sergio de Mello  -ی کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤی وەرگرت. براوەی خەڵاتەکە پەیکەرێكی هونەری و دیپلۆمێك و دیارییەکی دارایی وەرگرت، کە لە لایەن سپۆنسۆرەکانەوە تەرخان کراوە.

خەڵاتی پۆڵۆنیی "Sergio Vieira de Mello” دەدرێتە ئەو کەس و لایەن و ڕێکخراوانەی کار دەکەن لە پێناوی ئاشتی و پێکەوەژیان و پێکەوەکارکردنی کۆمەڵگە و ئایین و کولتوورەکان. ئەوەش خەڵاتێکی پرێستیژە و ناوبانگی زۆری هەیە لە پۆڵۆنیا و ئەوروپای ڕۆژهەڵات و ناوەڕاست. ئەو خەڵاتە لە لایەن دەستەیەكەوە ڕادەگەیەنرێت، کە ئەندامەکانی بریتین لە نوێنەرانی: سەرۆكکۆماری پۆڵۆنیا، باڵوێزی بەرازیل، باڵوێزی سویسرا لە پۆڵۆنیا، کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پرسی ئاوارەکان، وەزارەتی دەرەوە، وتەبێژی مافەکانی مرۆڤ، دەزگای بیرەوەریی نیشتمانی و کۆنسووڵی گشتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە کڕاکۆڤ، دەزگای هاوکاری چاڵاکییەکانی کۆمەڵەی Decjusz. لە مەراسیمەکەدا نوێنەرانی هەموو ئەو دەزگا ناوبراوانە ئامادە بوون. (زیاد ڕەئوف)، نوێنەری حکوومەتی هەرێم لە مانگی یۆنیۆ دەزگای خێرخوازیی بارزانیی کاندید کرد بۆ وەرگرتنی ئەو خەڵاتە.

لە کاتی بەخشینی خەڵاتەکە، وتاری تایبەتی بەخێرهاتنی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە لایەن هێنریك ڤۆژنیاك Henryk Woźniak بەرپرسی دەزگای Znak  خوێندرایەوە. باسی دەستکەوتی وەرگرانی خەڵاتەکەی کرد بۆ ئامادەبووان، بەتایبەتی هەوڵ و ماندووبوون و خزمەتەکانیان لە ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی مرۆیی، چاودێریکردن و پاراستنی ملیۆنێك و هەشتسەد هەزار ئاوارە کە لە دەستی تیرۆریستانی داعش و جەنگی سووریا و عێڕاق هەڵاتن و لە کوردستان شوێنی حەوانەوەیان دۆزییەوە، هەروەها لە پێناو بەهێزکردنی کۆمەڵگەی شارستانی لە هەرێمی کوردستان و پێکەوەژیانی ئاشتییانەی گرووپ و ئایینە جیاوازەکان.

دوای پێشكەشکردنی خەڵاتەکان، (مووسا ئەحمەد)، بەرپرسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەنگی هەڵبڕی، باسی گرنگترین دەستپێشخەرییەکانی دەزگاکەی کرد بۆ هاوکاریکردنی ئاوارەکان و پێکەوەژیانی ئاشتییانە و مۆزایکی ئایینی و نەتەوەیی، کە هەرێمی کوردستانی لێ پێك دێت. بەڕێز (مووسا ئەحمەد) هەوڵ و تێکۆشانی کۆمسیار Sergio de Mello ی بیر هێنایەوە کە بەو خەڵاتە یادی دەکرێتەوە. (مووسا ئەحمەد) باسی بارودۆخی ئێستای هەرێمی کوردستانیشی کرد و ئاماژەی دا بە شەپۆڵێکی نوێی ئاوارەبوون لە کەرکووك و دەوروبەری. بانگەوازی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی کرد بۆ زیاترکردنی هەوڵەکانیان لە پێناو یارمەتیدانی ئاوارە و دەربەدەربووەکان و پشتیوانی لە دیالۆگی ئاشتییانە لە هەرێم. سوپاسی هەموو لایەکی کرد، کە دەنگیان دا بۆ بڕانی ئەو خەڵاتە بە دەزگای خێرخوازیی بارزانی و بۆ هەموو چاڵاکییەکانی نوێنەری حکوومەت (زیاد ڕەئوف) ڕۆژی هەینی خوانێکی تایبەت ڕێک دەخات لە شاری کڕاکۆڤ بۆ براوەی خەڵاتەکە و ڕێزلێنانیان.

هەواڵی پەیوەندیدار