٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
دەزگاکانی پارتی

دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هاوکارییەکانی ئەم چین و توێژانە بەسەر دەکاتەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- بە بۆنەی هاتنی جەژنی قوربانەوە، دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هاوکاریی چەند کۆمپانیایەک، چەند ڕۆژێکە بە بەردەوامی دیاریی ماددی و خۆراکی پێشکەشی منداڵە بێباوکەکان و خانەوادە کەمدەرامەتەکانی سەرجەم پارێزگاکانی کەرکووک و هەولێر و سلێمانی و دهۆک و هەڵەبجە دەکات و تاوەکو ڕۆژی جەژنیش هاوکارییەکانیان بەردەوام دەبێت.

ڕێکەوتی ٢٨/٨/٢٠١٧ تیمەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی هاوکاریی خۆراکییان پێشکەشی ٨٠٠ خێزانی کەمدەرامەت لە سنووری شارۆچکەی ڕانیە کرد. جێگای ئاماژەیە لە شارەدێکانی (چوارقوڕنە ٢٠٠ خێزان، حاجیاوا ٣١٠ خێزان، سەروچاوە ١٥٠ و خدران ١٤٠ خێزان) سوودمەند دەبن.

ڕێکەوتی ٢٩/٨/٢٠١٧ لە پارێزگای هەڵەبجە ١٩٩ منداڵی بێباوک (ئازیز) بە سپۆنسەریی خاوەنکار و کۆمپانیاکانی کوردستان مووچەی ٥ مانگیان پێشکەش کرا، کە بە هەرمنداڵێک بڕی ٢٥٠ دۆلاری ئەمەریکی درا.

لەم قۆناغەی پرۆژەی چاودێریی ئازیزاندا ٤٦٤٦ منداڵی بێباوک بە سپۆنسەریی خاوەنکار و کۆمپانیاکانی کوردستان لە سەرتاسەری کوردستاندا سوودمەند دەبن.

سەرجەم بڕی هاوکارییەکە ١١٦١٠٠٠ دۆلاری ئەمەریکییە و لە سەرجەم پارێزگاکانی کوردستان بەسەر ئازیزاندا دابەش دەکرێت. لە هەولێر ١٢٢٥ ئازیز، دهۆک ٨٢٥، سلێمانی و هەڵەبجە ١٠٦٢ ئازیز، گەرمیان ٧٢٦ ئازیز و کەرکووک ٨٠٨ ئازیز سوودمەند دەبن. هاوکات بە سپۆنسەریی خاوەنکار و کۆمپانیاکانی کوردستان دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە بۆنەی جەژنی قوربانەوە مووچەی ٥ مانگی ئازیزان لە خانەقین دابین دەکات.

هەروەها تیمەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی هاووڵاتییانی کەمدەرامەتیان لە پارێزگای هەڵەبجە بەسەر کردەوە و پارسێلی خۆراکی وشکی پێشکەشی ٥٠٦ خێزان کرد. جێگای ئاماژەیە لە ناوەندی هەڵەبجە ٢٣٢ خێزان، لە شارەدێی سیروان ١٧٠ خێزان و لە شارەدێی بەرزنجە ١٠٤ خێزان پارسێلی خۆراکی وشکیان پێشکەش دەکرێت.

هاوکارییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە جەژنی قورباندا بەردەوام دەبێت و زۆرترین خێزانی کەمدەرامەت لە سەرتاسەری کوردستاندا سوودمەند دەبن.

هەروەها دەزگاکە پارسێلی خۆراکی وشکی پێشکەشی ١٠٠ خێزان لە دەربەندیخان کرد، هەر لە هەمان ڕۆژدا هاوکارییەکانی گەیاندە ١٠٠ خێزانی کەمدەرامەتی دیکە لە خانەقین.

هاوکارییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی هەتا جەژنی قوربان بەردەوام دەبێت، هاوکات ئەمڕۆ لە کەمپی حەسەنشام هاوکاریی پێشکەشی ٤٠٠٠ منداڵی ئاوارە کرد.

ڕێکەوتی ٣٠/٨/٢٠١٧ بە مەبەستی دڵخۆشکردنی منداڵەکان و پێدانی دیاریی جەژن، تیمێکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە ئامادەبوونی (مووسا ئەحمەد)، سەرۆکی دەزگاکە، خانەی بێسەرپەرشتانیان لە پارێزگای هەولێر بەسەر کردەوە و دیاریی جەژنانە و جلوبەرگیان پێشکەشی سەرجەم منداڵەکان کرد.

جێگای ئاماژەیە دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە پارێزگاکانی دیکەی کوردستانیش هاوکاریی منداڵانی بێسەرپەرشت دەکات و لە سەرجەم کوردستاندا ١٤٦ منداڵ سوودمەند دەبن، لە پارێزگای هەولێر ٤١ منداڵ، لە پارێزگای سلێمانی ٤٤ منداڵ، لە پارێزگای دهۆک ٣٩ منداڵ و لە پارێزگای کەرکووک ٢٢ منداڵ هاوکارییەکان وەردەگرن.
 

هەواڵی پەیوەندیدار