٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
دەزگاکانی پارتی

دەزگای بارزانی سەنتەرێکی ڕۆشنبیری و پیشەیی لە حەسەنشام کردەوە

سەرچاوە: KDP.info

حەسەنشام-KDP.info-  بە مەبەستی کۆکردنەوەی ئاوارەکان و دروستکردنی ژیانێکی نوێ لە کەمپەکاندا سەنتەری ڕۆشنبیری و پیشەییی (پێکەوەژیان) لە کەمپی حەسەنشام لە لایەن ڕێکخراوی  Act Now Children's Fund  بە هاوکاریی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەکرێتەوە.

ئەمڕۆ ڕێکەوتی ٢٧/٨/٢٠١٧ بە ئامادەبوونی (موسا ئەحمەد)، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و نوێنەرانی ڕێکخراوی Act Now Children's Fund  و کارگێڕانی کەمپی حەسەنشام و ژمارەیەک ئاوارە سەنتەرێک بە مەبەستی پێگەیاندنی ئاوارەکان، دەکرێتەوە.

لە مەراسیمی کردنەوەی سەنتەرەکەدا (موسا ئەحمەد)، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی چەند وتەیەکی پێشکەشی بەشداربووان کرد و گوتی: ''زۆر خۆشحاڵین کە ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوەداین و ئەمە یەکەم هەنگاوی دەزگای خێرخوازیی بارزانی نییە لەگەڵ ئێوەی خۆشەویست، بەڵكو لەگەڵ یەکەم ڕۆژی ئاوارەبوونتانەوە بە شانازییەوە خزمەتمان کردوون و دەیکەین، ئەمەش ڕێبازی (بارزانی نەمرە) کە هاوکاریی کەسانی لێقەوماو بکەین و بە ئەرکی خۆمانی دەزانین''.

سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە درێژەی وتەکەیدا گوتی: ''زۆرکەس هاوکار و هاوبەشمان بووە بۆ خزمەتکردنی ئێوەی خۆشەویست و سوپاسیان دەکەین، بەتایبەتی ڕێکخراوی Act Now Children's Fund کە لەم پرۆژەیەدا پێکەوە توانیومانە هاوکاریی ئێوە بکەین و لەگەڵ ئەو ڕێکخراوە لە کەمپەکانی دیکەشدا قوتابخانە و بیر و سەنتەری دیکەمان کردووەتەوە''.

(موسا ئەحمەد) ئاماژەی بە گرینگیی کردنەوەی سەنتەری لەو شێوەیە دا و گوتی: ''باشترین ڕێگا بۆ خزمەتکردنی ئێوە دوای جێگیربوونتان، کردنەوەی سەنتەری لەم شێوەیە و هیوادارین ببێتە مەڵبەندی فێربوون و پێگەیاندن، نەک بەتەنیا بۆ ئەم کەمپە، بەڵکو بۆ کەمپەکانی دیکەش، دەرگای ئەم سەنتەرە لە ئەمڕۆوە بۆ تاک بە تاکی ئێوە کراوەیە، بۆ ئەوەی ببێتە دەرفەتێک بۆ خۆپێگەیاندن و زاڵبوونتان بەسەر ئەو تەنگ و چەڵەمانەدا کە بەسەرتان هاتووە''.

لە درێژەی مەراسیمەکەدا (سپێنەر ئێدوارد)، نوێنەری ڕێکخراوی Act Now Children's Fund   چەند وتەکەی پێشکەش کرد و گوتی: ''ئێمە زۆر سوپاسگوزاری دەزگای خێرخوازیی بارزانین کە ئەم دەرفەتەی بۆ کارکردن بە ئێمە بەخشیوە، ئەم سەنتەرە بەو شێوەیە کە ئێمە چاوەڕێمان دەکرد و هیوادارین هەمووان لێرەدا کۆ بکاتەوە.''
سەبارەت بە کار و پرۆژەی ڕێکخراوەکەش لە داهاتوودا گوتی: لە داهاتووشدا بە پرۆژەی دیکە بەردەوام دەبین لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی هەتا بتوانین خزمەتی زیاتر بەم خەڵکە بکەین''.

هەروەها (جۆناسان وود)، نوێنەری ڕێکخراوی Act Now Children's Fund  سەبارەت بە کردنەوەی سەنتەرەکە گوتی: ''هیوادارین ئەم سەنتەرە ببێتە شوێنێک بۆ ئێوە و منداڵەکانتان هەتا بتوانن خەمەکانتان لەبیر بکەن و ئێمە بڕیارمان داوە، لێرە بۆ چەند ساڵی داهاتووش خزمەتی ئەم خەڵکە بکەین و یارمەتییان بدەین، بۆ ئەوەی زیاتر پێش بکەون''.

هەواڵی پەیوەندیدار