پارتی و گۆڕان کۆ دەبنەوە

هەولێر-KDP.info- گوتەبێژی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، ئەم دووشەممەیە، مەکتەبی سیاسیی پارتی دموکراتی کوردستان و خانەی ڕاپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆان کۆ دەبنەوە و، موناقەشەی دانانی ئەجێندای کۆبوونەوە و، دواتریش ناوەرۆکی ئەجێنداکە دیاری دەکەن.
دوای پێوەندییە تەلەفۆنییەکانی ماوەی ڕابردووی نێوان مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و خانەی ڕاپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان، باسوخواس لەبارەی کۆبوونەوەی چاوەڕوانکراوی هەردوولا لە ئارادایە، لەبارەی ئەوەوە کە کەی کۆ دەبنەوە؟، (مەحموود محەممەد) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، "کۆبوونەوەمان لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان، ڕۆژی دووشەممە ٢١-٨ ئەنجام دەدرێت."
وەک گوتەبێژی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، کۆبوونەوەی نێوانیان لە بارەگای بزووتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی دەبێ.
پرسگەلێکی نێوخۆیی لە نێوان هەردوو لادا هەن کە لە کۆبوونەوەیاندا گفتوگۆی لەبارەوە بکەن و دەبێ ئەجێندای ئەم کۆبوونەوەیەیان چ بێ، لەوبارەوە (مەحموود محەممەد) ڕایگەیاند، "وەک عورفی باو، لە گفتوگۆی نێوان دوو لایەندا، لە سەرەتای کۆبوونەوەدا بە ڕێککەوتنی هەردوو لا، موناقەشەی دانانی ئەجێندای کۆبوونەوە دەکرێ، دوای ڕێککەوتنیش ناوەرۆکی ئەجێنداکە دیاری دەکرێ و خاڵەکانی یەک لە دوا یەک تاوتوو دەکرێن و دەخرێنە بەر باس و گفتوگۆوە."
گوتەبێژی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان پێکهاتەی شاندی پارتییشی ئاشکرا کرد کە لەگەڵ خانەی ڕاپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕاندا کۆ دەبنەوە کە ئەمانەن، (فازڵ میرانی) سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی و ئەندامەتیی هەڤاڵانی مەکتەبی سیاسی(ئازاد بەرواری، مەحمـوود محەممەد، جەعفەر ئیبراهیم، عێزەددین بەرواری، ڕێبوار یەڵدا).



