شاندی پارتی لە ژاپۆن پرسی ڕیفراندۆمیان خستە بەرباس
__2017_08_13_h15m1s54__HK.jpg)
ژاپۆن-KDP.info- لەسەر بانگهێشتی فەرمیی سكرتاریەتی کۆنفرانسی ئاشتیی هێرۆشیما و ناکازاكی، كە لە ڕۆژانی ٧ تا١٠ی ٨ی ٢٠١٧ لە شاری ناکازاكیی ژاپۆن بەڕێوە دەچوو، بە مەبەستی سوودوەرگرتن لەو سەردانە و ئەنجامدانی چەند كۆبوونەوەیەك لەگەڵ پارتە سیاسییەکان و وەزارەتی دەرەوەی ژاپۆن، شاندێكی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی، كە پێك هاتبوو لە (هۆشیار سیوەیلی)، بەرپرسی پێوەندییەكانی دەرەوە و (عەبدولسەلام زێباری)، بەرپرسی دێسكی ئۆراسیا، ڕۆژی ٢/٨/٢٠١٧ گەیشتنە توكیۆی پایتەختی ژاپۆن.
لەو سەردانەدا شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ڕوژی ٣/٨/٢٠١٧ سەردانی پارتی لیبراڵ دیموكراتی حوكمڕانی كرد و لە لایەن (مۆریاما هاشی)، ئەندامی پەرلەمانی ژاپۆن و بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی لیبراڵ دیموكراتی ژاپۆنەوە پێشوازی كران، ناوبراو بە ناوی پارتەكەیان بەخێرهاتنێكی گەرمی شاندەكەی كرد. لە بەرامبەردا (هۆشیار سیوەیلی) سوپاسی ناوبراوی كرد بۆ ئەو پێشوازییە، سەرەڕای سەرقاڵیی پارتەكەیان بە هۆی ڕاگەیاندنی كابینەی نوێی حكوومەتی ژاپۆن لەو ڕۆژەدا ئەم دەرفەتەی ڕەخساند، (سیوەیلی)، باسێكی تێروتەسەلی بارودۆخی كوردستانی پێشكەش كرد و بەتایبەت لەسەر پرسی ڕیفراندۆم، شەڕی تیرۆر، گرینگیی دروستكردنی پەیوەندییەكی بەهێز لە نێوان هەردوو لا، لە كۆتاییدا ناوبراو سوپاسی شاندەكەی كرد و هیوای ڕیفراندومێكی سەركەوتووی بۆ گەلی كوردستان خواست. شایانی باسە لە ڕۆژی کۆبوونەوەكەدا ناوبراو وەكو سەرۆكی فراكسیۆنی پارتەكەیان لە پەرلەمانی ژاپۆن دەستنیشان كرا. هەروەها شاندەكە سەردانی بارەگای سەرەكیی پارتی دیموكراتی ژاپۆن كرد و لە لایەن (موتوهیرۆ ئۆنو)، جێگری سكرتێری گشتیی پارتەكەوە، كە ئەندامی ئەنجومەنی پیرانی ژاپۆنە و بەرپرسی پێوەندییەكانی دەرەوەی پارتەكەیە، لەگەڵ ستافێكی پەیوەندییەكانی دەرەوە و سكرتاریەتی پارتەكەیان لە پێشوازیی شاندەكەدا بوون. شایانی باسە ئەم پارتە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی ژاپۆنە، (موتو هیرۆ ئۆنو)، یەكێك بوو لە ئەندامانی شاندی گرووپی دوستایەتیی پەرلەمانی ژاپۆن-كوردستان، كە لە ڕۆژی هێرشی داعش بۆ سەر شارۆچەكەی مەخموور لە هەولێر بوون و ئاشنایەتییەكی باشی لەگەڵ كوردستان هەیە و لەو دیدارەدا ڕیفراندۆم، شەڕی تیرۆر و بەهێزكردنی پەیوەندیی نێوان هەردوو لا تەوەری سەرەكیی کۆبوونەوەكە بوون.
لە سەردانی شاندی پارتی بۆ ژاپۆن دیداریكی ڕۆژنامەنوسی لەگەڵ كومەڵێك ڕۆژنامەنووس و لێكۆڵەر و ئەكادیمی و ڕۆژنامەنووسێكی كەناڵی NHKی ژاپۆن ڕێك خرا، كە دوستی كوردستانن. شاندی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان سەردانی وەزارەتی دەرەوەی ژاپۆن كرد و لە لایەن جێگری بەڕێوەبەری گشتیی ئوفیسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و كاروباری ئەفریقا، (كاتسوهیكۆ تاكاهاشی) پێشوازی كران. سەرەتا ناوبراو خۆشحاڵیی خۆی بۆ سەردانی شاندەكە دەربڕی، بەڕێز (سیوەیلی) سوپاسی ناوبراوی كرد بۆ ئەو پێشوازییە گەرمە و، دواتر باسێكی تێروتەسەلی بارودوخی كوردستانی پێشكەش كرد و سوپاسی حكوومەت و گەلی ژاپۆن كرد بۆ ئەو هاوكارییە مرۆییانەی كە ژاپۆن لە ڕێگای نەتەوە یەكگرتوەكانەوە پێشكەش بە ئاوارە و پەنابەرانی كوردستانی كردووە و، سوپاسی وەزارەتی دەرەوەی ژاپۆنی كرد بۆ كردنەوەی كۆنسۆڵخانەیان لە هەولێر، دواتر ناوبراو هەڵوێستی فەرمیی حكوومەتی ژاپۆنی بە شاندەكە ڕاگەیاند، كە تا ئێستا هەڵوێستی پەكپارچەیی عێراقە، بەڵام تێگەیشتنی خۆیان و لەبەرچاوگرتنی تایبەتمەندیی بارۆدۆخی هەرێمی كوردستانی دەربڕی، وەزارەتی دەرەوەی ژاپۆن نیگەرانییەكی زۆریان هەیە لە شەڕی تیرۆر و باسی ئەوەشی كرد، كە ژاپۆن هەر لە ئێستاوە خەریكی بەكارهێنانی تەكنۆلۆژیایەكی نوێیە بۆ دەستنیشانكردنی تیرۆریستان. (سیوەیلی) جەختی لەسەر ئەوە كردەوە، كەوا هەرێمی كوردستان ئێستا و لە دواڕۆژدا لەسەر ستراتیژیی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر بەردەوام و هاوكار دەبێت، لە کۆبوونەوەكەدا بەرپرسی فایلی عێراق و هەرێمی كوردستان بەڕێز (تاكۆیا نیشیۆچی) ئامادە بوو.
بە ئامادەبوونی سەرۆكوەزیرانی ژاپۆن لە پاركی ئاشتی، مەراسیمێكی تایبەت بە ئاشتی و ڕیزلێنان لە ٧٢ـەمین ساڵیادی كارەساتی ناكازاكی، بە بەشداریی ژمارەیەكی زۆری میوانانی بیانی بەڕێوە چوو. شاندەکەی پارتیش بەشدارییان كرد لە ڕێوڕەسمی گوڵدانان لەسەر مۆنیۆمێنتی شەهیدانی ناگازاكی. لە دوای ڕێوڕەسمی گوڵدانان لەسەر مۆنیۆمێنتی شەهیدان، شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان چاویان كەوت بە چەندین دیپلۆماتی ژاپۆنی و بیانی لە نێویاندا جێگری سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتوەكان بۆ داماڵینی چەكی كۆكوژ, سەرۆك و سكرتێری گشتیی کۆنفرانسی ئاشتی، سەرۆكشارەوانییەكانی هێرۆشیما و سەرۆكشارەوانیی ناکازاكی, لەو چاوپێكەوتنانەدا دواین پێشهات و وەزعی ناوچەكە و نەهامەتی و خەباتی گەلی كوردستانیان بۆ ڕوون كردنەوە. لەو کۆنفرانسەدا (هۆشیار سیوەیلی) ڕاپورتێكی لەسەر جینۆسایدی شنگال بە ناوی جینۆسایدی سەدەی بیست و یەك پێشكەش كرد و تێیدا باسی قوربانیانی ئەو ناوچەیە، دڕندەیەتیی كردەوە قێزەوەنەكانی داعش و گرینگیی ئاوەدانكردنەوەی ئەو ناوچەی كرد و، داوای پشتگیریی هەمەلایەنەی بۆ ئاوارەكان و بەدەسهێنانی سەقامگیری و ئاشتی بۆ دانیشتوانی ئەو ناوچەیە کرد، ئەمەش لە ڕێگای ئاشتییەكی یەكجارەكی، ئەویش لە ڕێگای پشتگیریكردنی ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی كوردستان و وەدەستهێنانی مافی خەڵكی كوردستان.
شاندی پارتی لەگەڵ هەریەك لە قایمقامی شنگال، (مەحما خەلیل قاسم) و (عەلی ڕەشید)، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر و (سیروان سیرینی)، ئەندامی پەرلەمانی عێراق و كۆمەڵەی دوستایەتیی ژاپۆن-كوردستان لە زانكۆی ناگازانی بەشدارییان لە ڕێوڕەسمی كردنەوەی فەرمیی کۆنفرانسەكە كرد. شایانی باسە ژمارەیەكی زۆری میوانی بیانی و سەرۆكشارەوانییەكانی شارەكانی دەستەخوشك لە ١٨ وڵاتی بیانی و ژمارەیەك دیپلۆماتی وڵاتانی بیانی لە ژاپۆن و كەسایەتیی سەربەخۆ و پارتی سیاسیی وڵاتان تێیدا بەشدار بوون. جێگای ئاماژەپێدانە كە لە كۆنفرانسەكەدا لە گفتوگۆ لەسەر ئەگەری بەستنی کۆنفرانسی ساڵانەی لیژنەی هەمیشەیی بۆ ساڵی ٢٠١٩ لە هەڵەبجە، یان لە شاری هانۆڤەر كرد. (سیروان سیرینی)، ئەندام پەرلەمانی عێراق لە لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان، وتارێكی پێشكەش كرد، كە تێیدا باسی ڕۆڵی پێشمەرگەی كوردستانی لە شەڕی دژی داعشدا كرد.
هەریەك لە (مەحما خەلیل) ڕاپورتێكی تایبەت بە جینۆسایدی شنگال, وەزعی ئیستا و داهاتووی ئەو شارە و (عەلی ڕەشید)، ڕاپۆرتێكی تایبەت بە ڕەوشی گشتی و ژمارەی پەنابەر و ئاوارەی نێو كوردستان، كە پشتی بە ڕاپورتێكی نەتەوە یەكگرتوەكان دەبەست، بەسەر بەشداربواندا دابەش كرد.

_(2)__2024_05_14_h16m6s41__ER.jpg)

__2024_01_03_h15m1s20__ER.jpg)
