٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
میدیای کورستانی

پەیامی نەجەف بۆ هاوپەیمانیی نیشتمانی: بەدوای جێگرەوەی (مالیكی)دا بگەڕێن

سەرچاوە: KDP.info

ئاماده‌كردنی: محەمەد عەبدوڵڵا

ئەو بەیاننامەیەی كە گەورە سەركردەكان دوای كۆبوونەوەكەی ماڵی (سەیید موقتەدا سەدڕ) لە نەجەف لە شەممەی رابردوو ئیمزایان لەسەری كرد، رۆژنامەی (ئەلمەدا) بڵاوی كردەوە، كە هەریەك لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان (مەسعوود بارزانی) و سەرۆكی رەوتی سەدڕ (موقتەدا سەدڕ) و، سەرۆكی لیستی ئەلعێراقییە (ئەیاد عەلاوی) و، سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران (ئوسامە نوجەیفی) لە 19ی ئەم مانگە ئیمزایان لەسەری كردووە.

ئەم نامەیە بە یەكەم هەڵوێست دادەنرێت لەڕووی روونی و ئاستەوە كە روبەڕووی سەرۆكی حكوومەت دەكرێتەوە كە حەوت ساڵە لەو پۆستەدایە، هەروەها رەنگدانەوەی ئەو ناڕەزاییانەیە كە هاوبەشانی (مالیكی) بەدرێژایی چەند ساڵی رابردوو لەسەری هەیانبووە، دژ بە سیاسەتە تاكڕەوانەكەی و پابەند نەبوون بە بەڵێنەكانی.

هەروەك لە نامەكەی ئامادەبووانی نەجەفدا بۆ سەركردایەتی قەوارەی هاوپەیمانیی نیشتمانی روون كراوەتەوە، ئەو لایەنانەی گازندەیان لە كارەكانی سەرۆكی حكوومەت هەیە لە قۆناغی گفتوگۆكردن لەسەر كێشانەوەی متمانە لێی تێپەڕی كردووە و، بەجۆرێك مامەڵە لەگەڵ مالیكی دەكات بەوەی “لایەنێكی نەگونجاوە بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵی” و، داوای گۆڕینی دەكات بە پاڵێوراوێكی دیكە كە “توانای چارەسەركردنی تەنگژە یەك بەدوای یەكەكانی هەبێت”.

دەبوایە ئەو سەركردانە وەڵامێكیان لە هاوپەیمانی نیشتمانی بەدەست بگەیشتایە لەبارەی داخوازییەكانی كۆبوونەوەی هەولێرەوە كە كۆتایی مانگی رابردوو ساز كرا، تیایدا روون بكرایەتەوە ئایا مالیكی بەدەنگ ئەو خاڵانەوە دێ كە هاوپەیمانی كوردستانی و لیستی ئەلعێڕاقییە و رەوتی سەدڕ خستبوویانەڕوو، بەڵام ئەو وەڵامەی كە ئیبراهیم جەعفەری سەرۆكی هاوپەیمانی نیشتمانی دایەوە، تەنیا ئاماژەی بە كۆمەڵێك هێڵی سەرەكی كردبوو و، شتێكی ئەوتۆی روون نەكردبووەوە.

وەك لە نامەكەی نەجەفدا هاتووە، سەركردەكان وەڵامێكی ئەوتۆیان لە جەعفەری دەست نەكەوتووە لەبارەی داخوازییەكانی كۆبوونەوەی هەولێر، كە نامەیەكی بۆ هاوپەیمانی نیشتمانی نارد تیایدا داوای لە مالیكی كرد پابەند بێت بە رێككەوتننامەكانی پێش پێكهێنانی حكومەتی عێراق لەساڵی 2010 و، بە شێوازی بەڕێوەبەردنی وڵاتدا بچێتەوە، كە هەموو هاوبەشەكان لە حكومەتدا گلەییان لێ هەیە، بەوەی جۆرێكە لە “تاكڕەوی لە بەڕێوەبردن دەسەڵات و دەوڵەتدا”.

پەیامەكەی نەجەف دەڵێت “ئەو نامەیەمان خوێندەوە كە واژووی بەڕێز دكتۆر ئیبراهیم جەعفەری پێوە بوو، گوایە وەڵامی ئەو دیدارە راوێژكارییەی هەولێر كە لە 28ی نیسانی رابردوو بەڕێوەچوو، لەم نامەیەدا وەڵامێكی ئەو داخوازییە روونانە نەدراوەتەوە سەبارەت بە جێبەجێكردنی رێككەوتن و لێكگەیشتنەكان كە پێشتر ئەنجام دراون”. هەروەها دەڵێت “لەڕوانگەی ئەو بنەمایانەی كە لە دیداری هەولێر دیاری كران، بەو پێیەی ئێوە چوارچێوەی سیاسی پەیوەندیدارن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكوەزیران، داواتان لێ دەكەین بەدوای جێگرەوەیدا بگەڕێن”.

ئاماژەی بەوەش داوە كە جێگرەوەی مالیكی پێویست دەكات “توانای چارەسەركردنی ئەو تەنگژە یەك لەدوای یەكانەی هەبێت كە وڵات روبەڕووی مەترسی راستەقینە دەكاتەوە و، زیان بە بەرژەوەندییە باڵا نیشتمانییەكان دەگەیەنێت و، دواجار ریزی نیشتمانی لاواز دەكات و پرۆژە هاوبەشەكەمان پەك دەخات”.

نامەی ئامادەبووانی كۆبوونەوەكەی نەجەف بە هاوپەیمانی نیشتمانی راگەیاند كە “هەر جێگرەوەیەك كە ببێتە مایەی چارەسەركردنی تەنگژەكە و گەڕاندنەوەی ژیانی سیاسی و راوەستانی پشێوی لە كاری نیشتمانی، پێویستە جەخت بكاتەوە لەسەر ئاست دانان بۆ پەیڕەوكردنی سیاسەتی تاكڕەوانە لە بەڕێوەبردنی دەسەڵات و وڵاتدا”.

نامەكە بەڕوونی ئاماژە بەوە دەكات كە سەركردەی قەوارە سەرەكییەكانی ئەنجوومەنی نوێنەران لەنێویاندا بەرێز موقتەدا سەدڕ، چیتر چاوەڕێی وەڵام لە مالیكی ناكەن سەبارەت بە خاڵ و داخوازییەكانی پێشتر و، تەنگژەكە چووەتە قۆناغێكی راستەقینەوە كە راستەوخۆ پەیوەستە بە داوای گۆڕینی سەرۆكی حكومەت، هەروەها واژووكردنی بەڕێز سەدڕ لەسەر نامەكە كە داوای گۆڕینی مالیكی كردووە، ناوردبینی ئەو تێڕوانینانە دووپات دەكاتەوە كە ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا لەم دواییە هەوڵی دەدا بڵاوی بكاتەوە گوایە سەرۆكی رەوتی سەدڕ “لایەن نییە” لە داخوازی لەكارلادانی مالیكی و، ئەو “هەوڵدەدات ناوبژیی بكات بۆ چارەسەركردنی كێشەكە” لەنێوان مالیكی و هاوپەیمانی كوردستانی و لیستی ئەلعێراقییە.

بەپێچەوانەی ئەوەی تیمی مالیكی دەیەوێ لەنێو جەماوەری شیعە بڵاوی بكاتەوە، نامەكە دووپاتی لەسەر ئەو راستییە كردەوە كە ناكۆكی ئێستا “ململانێی نێوان بەغداو هەولێر نییە”، بەڵكو لایەنە سەرەكییەكان لە ئیئتیلافی دەسەڵات (جگە لە تیمی مالیكی) كۆكن لەسەر داوای جێگرەوەیەك بۆی لە قەوارەی شیعی.

رۆژنامەی (ئەلمەدا) وەڵامی ئەو نامەیەی دەست كەوت كە ئیبراهیم جەعفەری سەرۆكی هاوپەیمانی نیشتمانی لە وەڵامی نامەی كۆبوونەوەكەی نەجەف ناردبووی، تیایدا جەخت دەكاتەوە لەسەر بانگهێشتكردنی سەرجەم لایەنەكان لە پەلەكردن لە سازدانی كۆبوونەوەیەكی نیشتمانی بۆ پشتگیریكردنی دەستپێشخەرییە هەشت خاڵییەكە كە بەڕێز (جەلال تاڵەبانی) سەرۆك كۆمار رایگەیاندبوو، بەڵام سەرچاوەیەكی ئاگادار بە (ئەلمەدا)ی راگەیاند كە “تەنگژەیەكی راستەقینە لەنێو هاوپەیمانی نیشتمانی هەیە” بەتایبەتی دوای ئەوەی بەڕێز سەدڕ واژووی لەسەر داوای گۆڕینی مالیكی كرد لەدوای كۆبوەونەوەكەی نەجەف. راشیگەیاند “وەڵامدانەوەكەی جەعفەری قەبارەی ئەو تەنگژەیە نیشان دەدات”.

* له‌ رۆژنامه‌ی (هه‌ولێر) وه‌رگیراوه‌

هەواڵی پەیوەندیدار