٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
دەزگاکانی پارتی

ڕاگەیه‌نراوی نووسینگەی جێگری سەرۆکی پارتی بۆ کۆچی دوایی قەیس حەجی سلێمان

سەرچاوە: KDP.info

بە خەم و پەژارەیەکی زۆرەوە، دوێنێ هەڤاڵی هێژامان کاکە (قەیس حەجی سلێمان) ئەندامی نووسینگە و بەرپرسی بەشی تەکنۆلۆجیای زانیاریی نووسینگەکەمان، بەهۆی نەخۆشییەکی سەختەوە لە ڤیەننای پایتەختی وڵاتی نەمسا ماڵئاوایی لێکردین.

هەڤاڵی کۆچکردوو سالی ١٩٧٢ لە خێزانێکی نیشتیمانپەروەری ئێزدی لە شارەدێی (بەحزان) چاوی بە ژیان هەڵهێناوە، ساڵانێک بوو بەوپەڕی دڵسۆزی و لێهاتووییەوە خزمەتی گەل و وڵات و حیزبەکەی دەکرد، یەکێک بوو لەو توانا دانسقانەی کوردستان کە لە بواری تەکنۆلۆجیای زانیاریدا پێشەنگ بوو، هەر لە بواری خزمەتی زانستی و ئەکادیمیەوە وەک وانە بێژ لە زانکۆی دهۆک و پاشان لە کەناڵی تەلەفزیۆنی دهۆک، تا بەرپرسیارێتی بەشی تەکنۆلۆجیای زانیاری لە فەرماندەیی لەشکری کوردستان و یەکێکیش بوو لە دامەزرێنەرە کاراکانی تۆڕی کوردستان نێت لە هەولێر و دواتر بووە بەڕێوەبەری.

پاشان بەرپرسی بەشی تەکنیکی مۆبیتێل بووە، لە ساڵی ٢٠١٢یشەوە لە نووسینگەی جێگری سەرۆک دەستبەکار بووە و ئەرکی بەرپرسیارێتی بەشی تەکنۆلۆجیای زانیاری گرتۆتە ئەستۆ و بەوپەڕی دڵسۆزی و لێهاتووییەوە ئەرکی خۆی بەجێهێناوە. کاکە قەیس خاوەن کەسایەتیەکی بەڕێز و خۆشەویست بووە لەنێو هەڤاڵەکانیدا و هەمیشە وەک ئەمانەتێکی پیرۆز ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانی لە ئەستۆ گرتبوو.

مخابن کە بەهۆی نەخۆشیەکی سەختەوە ڕۆژی سێ شەممەی رێکەوتی ٢٧/٦/٢٠١٧ لە ڤیەننای پایتەختی وڵاتی نەمسا بۆ دواجار ماڵئاوایی لە گەل و نیشتیمان و هەڤاڵانی کرد. ئەم کۆچە ناوەختەی، وێڕای خەم و پەژارە، لە دەستدانی بەهرە و توانایەکی دڵسۆز و لێهاتوومانە.

تەرمی پیرۆزی ڕەوانشاد پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشه‌ممه‌ 28-7-2017 لە رێگەی فڕۆکەخانەی هەولێرەوە دەگاتەوە نیشتیمانەکەی و لەلایەن کەسوکار و هەڤاڵانی لە نووسینگەی جێگری سەرۆک و دۆستەکانیەوە پێشوازی لێدەکرێ و هەر ئەمڕۆ  بەرەو شارەدێی (بەحزان)ی دەڤەری باشیک بەڕێدەکرێ و لە زێدی باب و باپیرانیدا بەخاک دەسپێردرێت.

سەرەخۆشی لە خۆمان و خانەوادەی سەربەرز و ئەندامانی پارتیمان و دۆستان و هەڤاڵی کۆچکردوومان کاک (قیس حجی سلیمان) دەکەین. ڕۆحی پیرۆزی بکەوێتە بەر دلۆڤانی پەروەردگار و بە بەهەشت شاد بێت.

نووسینگەی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان
                  ٢٨/٦/٢٠١٧

 

هەواڵی پەیوەندیدار