خێزانی ١٧٩ شەهید لە کەرکووک هاوکاری کران
_(1)__2017_06_22_h16m34s44__HK.jpg)
کەرکووک-KDP.info- بە مەبەستی ڕێزگرتن لە یادی شەهیدان و پشتوانیی کەسوکاری شەهیدان، دەزگای خێرخوازییی بارزانی بڕی یەک ملیۆن دینار هاوکاریی (سیروان بارزانی) پێشکەش بە هەر خێزانێکی شەهیدانی سەربەرزی کەرکووک کرد.
ڕۆژی پێنجشەممە، ڕێکەوتی ٢٢/٦/٢٠١٧، دەزگای خێرخوازیی بارزانی مەراسیمێکی شایستەی بۆ کەسوکاری شەهیدان لە شاری کەرکووک بەڕێوەبرد و لە مەڕاسیمەکەدا بۆ هەر خێزانێکی شەهیدان بڕی ١ ملیۆن دیناری عێراقی پێشکەش کرا.
مەڕاسیمەکە بە بەشداریی خێزانی شەهیدان و بەرپرس و کەسایەتییە سیاسییەکان و نوێنەری ڕێکخراو و لایەنەکان و ئەندام پەرلەمانەکان بە سروودی نیشتمانیی ''ئەی ڕەقیب'' دەستی پێ کرد و دواتر پرۆمۆیەک لەسەر کار و چالاکییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی پێشکەشی بەشداربووان کرا.
(ڕێبوار تاڵەبانی)، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بە وەکالەت، وتارێکی بەو بۆنەیەوە پێشکەشی بەشداربووان کرد و لە وتارەکەیدا گوتی: ''سوپاس بۆ دەزگای خێرخوازیی بارزانی کە شەرەفمەندین بەشدارین لەم جۆرە چالاکییانەدا و دووبارەی دەکەینەوە ئێمە هەرگیز ئەو فیداکارییانەی شەهیدانمان لە یاد ناکەین، کە بۆ پاراستنی ئەم نیشتمانە کردوویانە.''
دواتر (وەیس جەلیل)، بەرپرسی ئۆفیسی کەرکووکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەخێرهاتنی کەسوکاری شەهیدان و میوانە ئازیزەکانی کرد و وتارێکی پێشکەش کرد و گوتی: ''ئەمڕۆ هەموومان لێرە کۆبووینەتەوە بۆ ڕێزگرتن لە خەباتی شەهیدە سەربەرزەکانمان و ئێمە وەکو دەزگای خێرخوازیی بارزانی کار دەکەین بۆ بە دیهێنانی دادپەروەری، ڕێکخراوێکین بەرەو نێودەوڵەتیبوون کار دەکەین.'' لە درێژەی وتارەکەیدا هاتبوو: ''دەزگای خێرخوازیی بارزانی هاوکاری دەبەخشێت بەو کەسانەی کە پێویستییان پێیەتی، لە ڕێی ئەو کەسانەوە کە توانای هاوکاریکردنیان هەیە.'' سەبارەت بە هاوکاریی کەسوکاری شەهیدان گوتی: ''لە کەرکووک هاوکاریی خێزانی ١٧٩ شەهید دەکەین، کە هاوکارییەکە بڕی یەک ملیۆن دیناری عێراقییە بۆ هەر خێزانێک و لە لایەن (سیروان بارزانی)یەوە دابین کراوە.''
لە مەڕاسیمەکەدا هاوکارییەکان پێشکەشی کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان کران، هەر خێزانێک بڕی یەک ملیۆن دیناری عێراقی پێشکەش کرا.

_(2)__2024_05_14_h16m6s41__ER.jpg)

__2024_01_03_h15m1s20__ER.jpg)
