٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
دەزگاکانی پارتی

٣٤٤ خێزانی شەهید لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە هاوکارییان پێشکەش کرا

سەرچاوە: KDP.info

سلیمانی-KDP.info-  بە مەبەستی ڕێزگرتن لە یاد و فیداکاریی پێشمەرگەکانی سەنگەری بەرگری لە کوردستان و پاڵپشتی بۆ بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان، دەزگای خێرخوازیی بارزانی هاوکاریی ماددی پێشکەشی ١٤١٠ خێزانی شەهیدان دەکات، کە ٣٤٤ خێزانیان دەکەونە پارێزگا سلێمانی و هەڵەبجەوە.

ڕێکەوتی ١٩/٦/٢٠١٧ دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئێوارەخوانێک و مەراسیمێکی بۆ بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان لە سلێمانی بە بەشداری کەسوکاری شەهیدانی سەربەرز و نوێنەری کەسایەتی و لایەنە سیاسییەکان بەڕێوە برد، لە مەڕاسیمەکەدا هاوکاریکردنی بڕی ١ ملیۆن دیناری عێراقی بۆ هەر خێزانێکی شەهید لە لایەن (سیروان بارزانی) و لە ڕێی (دەزگای خێرخوازیی بارزانی)یەوە ڕاگەیەندرا. سەرەتا ئێوارە خوانێک بۆ خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان پێکهێنرا و هەموان پێکەوە بەربانگی ٢٣یەمین شەوی ڕەمەزانیان کردەوە، سروودی نیشتمانیی ''ئەی ڕەقیب'' و چەند ساتێک ڕاوەستان بۆ ڕێزگرتن لە یادی شەهیدانی سەربەرز دەستپێکی مەڕاسیمەکە بوو.

پاشان فەرماندەی پێشمەرگە و باوکی شەهیدێک لە شەهیدانی کوردستان، (محەمەدی حاجی مەحموود)، وتارێکی پێشکەش کرد و لە کاتی پێشکەشکردنی وتارەکەیدا گوتی: ''دەمەوێ سوپاسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بکەم بۆ کارە خێرخوازییەکانی و بۆ کۆکردنەوەی ئێمە و خێزانی شەهیدان لەم ئێوارەیەدا و ئەمە لەڕاستیدا خزمەتێکی گەورەی گەل و نیشتمان و وڵاتە، هیوادارین ئەم ئێوارەیە زیاتر لە گیروگرفتی کەسوکاری شەهیدەکان بگاتە هەموو لایەک و هەموو لایەکیش وەکوو دەزگای خێرخوازیی بارزانی بیر بکەنەوە، کە خزمەتێکی زۆری کردووە لە هەموو بوارە جیاجیاکاندا، بەتایبەتی بۆ کەسوکاری شەهیدان.''

پاشان (مەحموود سەنگاوی)، وتارێکی بەو بۆنەیەوە پێشکەشی ئامادەبووان کرد و گوتی: ''بە ناوی فەرماندەیی ٧٠ی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان، فەرماندەیی میحوەری گەرمەسێرەوە سوپاسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەکەین بۆ ئەو هاوکارییەی لەم بۆنەیەدا دابینی کردووە بۆ کەسوکاری سەربەرزی شەهیدەکان.'' لە درێژەی وتارەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد: ''جێی بایەخە دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەبێ جیاوازی هاوکاریی پێشکەشی کەسوکاری شەهیدان لە سەرتاسەری کوردستاندا دەکات.''

لە درێژەدا (بەهائەدین محەمەد)، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی شەهیدان و کاروباری ئەنفالکراوەکان لە پارێزگای سلێمانی چەند وتەیەکی سەبارەت بە هاوکارییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی پێشکەش کرد و گوتی: ''سوپاسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەکەم، کە لەگەڵ کەسوکاری سەربەرزی شەهیداندا کۆی کردووینەتەوە، بۆ ئەوەی پێکەوە هەم بەربانگێک بکەینەوە و هەمیش ئازارەکانیان لەگەڵدا بەش بکەین.''

لە کۆتایی وتارەکاندا (سۆران خەلەف)، بەرپرسی ئۆفیسی سلێمانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، وردەکاریی پرۆژەکەی بۆ بەشداربوان ڕوون کردەوە و گوتی: ''بەبێ جیاوازی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە سەرتاسەری کوردستاندا هاوکاری دەگەیەنێتە کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و ١٤١٠ خێزان هاوکاری دەکات.''

جێی ئاماژەیە لە مەڕاسیمەکەدا هاوکارییەکانی (سیروان بارزانی) پێشکەشی خێزانی سەربەرزی شەهیدان کرا و هەر خێزانێک بڕی یەک ملیۆن دیناری، وەکو دیاریی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز پێ بەخشرا.

ڕۆژانی داهاتووش لە پارێزگاکانی دهۆک و کەرکووک هاوکاری بۆ خێزانە شەهیدەکانی ئەو پارێزگایانە دابین دەکرێت.

هەواڵی پەیوەندیدار