٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
دەزگاکانی پارتی

نەتەوەیەکگرتووەکان: لە هاوکاریکردنی هەرێم بەردەوام دەبین

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  لە دیداریدا لەگەڵ بەرپرسی پێوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان، جێگری نوێنەری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق، ڕایگەیاند، لە هاوکاریکردنی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبن.

ئەمڕۆ، بەرپرسی پێوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان (هۆشیار سیوەلی)، پێشوازیی لە (جورجی بوستن)، جێگری نوینەری گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق کرد.

(جورجی بوستن)، بۆ دەستبەكاربوونی وەك بەرپرسی نوێی پێوەندییەكان پیرۆزبایی لە (هۆشیار سیوەیلی) كرد و ڕایگەیاند، لە ڕابردوودا پێوەندییەكان هاوكارێكی باشی نەتەوەیەكگرتووەكان و ڕیكخراوەكانی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان بوون.

(هۆشیار سیوەیلی)ش  سوپاس و پێزانینی خۆی  و مەكتەبی سیاسیی پێ ڕاگەیاند و، جەختی كردەوە كە پێوەندییەكان، وەك هەمیشە هاوكاریی هەموو ئەو دامودەزگایانە دەکات، كە بە مەستی هاوكاری و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە؛ جا خزمەتگوزارییەکانیان بۆ خەڵكی كوردستان بێت، یان بۆ ئاوارە و پەنابەرەکان.(سیوەیلی) گوتی، بە چاوێكی بەنرخەوە دەڕوانینە كار و چالاكییەكانی نەتەوەیەكگرتووەكان و ڕیكخراوەكانی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان و داوای هاوكاریی زیاتریان لێ دەكەین، بەتایبەتی بۆ ئاوارەكان، كە ئیستا فشارێكی زۆریان خستووەتە سەر ئابووری و خزمەتگوزارییەکانی هەریمی كوردستان, لەكاتێكدا كە حكوومەتی فیدراڵ بە هیچ شیویەك ئامادە نییە هاوكاریی ئاوارەكان بكات، كە هاووڵاتیی عێراقین.

لەو دیدارەدا باس لە ڕەوشی ئیستای هەریمی كوردستان و ناوچەكە كرا و (سیوەیلی) سیاسەت و بۆچوونەكانی پارتیی دەربارەی پێشهاتەكان و گۆڕاكارییەكانی ناوچەكە خستەڕوو. لە درێژەی گفتوگۆكاندا (سیوەیلی) ڕایگەیاند،  گەلی كوردستان قوربانیی دەستی حكوومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراقە و ئیستا لەگەڵ پارتە سیاسییەكانی كوردستان لە قۆناغی خۆئامادەكردنداین بۆ ئەوەی وەفدێک بنێرین بۆ بەغدا، کە گفتوگۆ لەسەر شیوازیكی نوێی پێوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا بکات. ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی پاش داعش جیاواز دەبێت و گەلی كوردستانیش دەیەوێت، كیانێكی ئارام بۆ دانیشتوانی كوردستان فەراهەم بكات و، هەروەك لە چەند ساڵی ڕابردوودا ڕۆڵێكی كاریگەری لە ئارامی و ئاسایشی ناوچەكە و جیهاندا بووە، بەتایبەتی لە شەڕی دژی تیرۆردا, هەرێمی كوردستان دەیەوێت، پەرە بەو پێشڤەچوونانە بدات، كە لە بەرژەوەندیی گەلی كوردستان و ناوچەكەدایە.

(بوستن) لە دیدارکەدا گوتی، گەلی كوردستان و هێزی پێشمەرگە قوربانییەكی زۆریان داوە و بە دڵێكی فراوان و پڕبەخشندەوە هاوكارییان پێشكەش بە پەنابەران و ئاوارەكانی سووریا و عێراق كردووە، لەكاتێكدا كە بارودۆخی هەریمی كوردستان بە قوناغێكی دژواردا گوزەری دەكرد. ئەمەش جێی پێزانینە و سوپاستان دەكەین و بێگومان بن لەوەی كە نەتەوەیەكگرتووەكان بەردەوام دەبێت لە پێشکەشكردنی هاوكاریی مرۆیی و لۆجیستیکی بۆ هەریمی كوردستان.
 

هەواڵی پەیوەندیدار