دەزگای بارزانی لە چەند هەڵمەتێكدا هاوكاریی ئاوارەكانی كرد

هەولێر-KDP.info- دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە چەند هەڵمەتێكی جیادا و بە هاوكاریی چەند ڕێكخراوێك، كۆمەڵێك هاوكاری و پێداویستیی ژیانی رۆژانەی بەسەر ئاوارەكاندا دابەش كرد.
٣٧٥٢٠ لیتر نەوت لە كەمپەكانی دیبەگەدا دابەش كرا
دەزگای خیڕخوازیی بارزانی بە هەماهەنگی UNHCR ٣٧٥٢٠ لیتر نەوتی بۆ خێزانە ئاوارەكانی كەمپەكانی دیبەگە دابین كرد.
رێكەوتی 1/2/2017 لەدرێژەی دابەشكردنی پێداویستییە زستانییەكان و نەوت بۆ ئاوارەكانی پارێزگای نەینەوا لە كەمپەكانی هەرێمی كوردستان، لە بەردەوامیی هەڵمەتەكاندا، تیمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هەماهەنگیUNHCR نەوتی پێویستی بۆ ٩٣٨ خێزان دابەش كرد و هەر خێزانێك ٤٠ لیتر نەوتی پێ بەخشرا.
جێگای ئاماژەیە رۆژانە تیمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی پێداویستی هەمەچەشن بۆ ئاوارە و پەنابەران دابین دەكەن و بەشێكی زۆری هاوكاری و یارمەتییەكانی رێكخراوە جیهانی و ناوچەییەكان لە رێگای دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە دەگاتە دەستی ئاوارە و پەنابەران.
دیاری پێشكەشی منداڵانی كەمپی دۆمیز كرا
منداڵانی نێو كەمپەكان پێویستیان بە سەرگەرمی و یاریی جۆراوجۆر هەیە و دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ ئەو مەبەستە یاریی منداڵان و قەمسەڵەی بۆ ٧٠ منداڵی پەنابەری كەمپی دۆمیز بە هاوكاریی رێكخراوی سەلام دابین كرد.
رێكەوتی 1/2/2017 بە مەبەستی دابینكردنی كاتێكی خۆش بۆ منداڵان و پڕكردنەوەی بەشێكی پێداویستییەكانیان دەزگای خێرخوازیی بارزانی و رێكخراوی سەلام، قەمسەڵە و یاریی منداڵانیان بۆ ٧٠ منداڵی كەمپی دۆمیز دابین كرد.
جێگای ئاماژەیە منداڵانی ئاوارە و پەنابەرانی نێو كەمپەكان كەمترین پێداویستییەكانیان بۆ دابین كراوە و ژمارەیەكی كەم لە رێكخراوەكان پێداویستیی سەرگەرمیی ئەو منداڵانەیان پڕ كردووەتەوە، هەر بۆ ئەو مەبەستە دەزگای خێرخوازیی بارزانی یاریی منداڵان و لە ناو سەنتەرەكاندا زنیجیرە كارتۆنی بۆیان پەخش كردووە.
٨٠٠ خێزانی ئاوارەی كەمپی حەسەنشام جلوبەرگیان وەرگرت
دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە دوو هەڵمەتی جیاوازدا جلوبەرگی بۆ ٨٠٠ خێزانی ئاوارەی نەینەوا و دەوروبەری دابین كرد.
رێكەوتی 1/2/2017 تیمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە درێژەی هاوكارییەكانی ئاوارەی ناو كەمپەكاندا جلوبەرگی پێویستیان بۆ ٥٠٠ خێزان لە كەمپی حەسەنشام دابین كرد.
هەر لە هەمان رۆژدا دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هاوكاری دەزگای مرۆیی ئومێد خۆبەخش جلوبەرگی زستانەی بۆ ٣٠٠ ئاوارەی دیكە لە كەمپی حەسەنشام دابین كرد.
جێگای ئاماژەیە هەردوو كەمپەكانی حەسەنشام و هەرشەم لەلان دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە بەڕێوە دەبرێت و رۆژانە هاوكاری و پێداویستی خێزانەكانی ناو كەمپەكان لە لایەن و بەهەماهەنگی دەزگای خێرخوازیی بارزانی پێشكەشی ئاوارەكان دەكرێت.
لە كەمپی خازر هاوكاریی جۆراوجۆر پێشكەشی ئاوارەكان كرا
لە كەمپی خازریش، پێداویستییەكانی ناوماڵ، گەرمكەرەوە، نەوت و جلوبەرگ بۆ ٧٠٠ خێزانی ئاوارەی نیشتەجێی كەمپی خازر دابین كرا.
رێكەوتی 1/2/2017 دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە درێژەی هاوكارییەكانیدا بۆ ئاوارەكانی كەمپی خازر بە هاوكاری رێكخراوی Help The Needy بەستەی پێداویستی بۆ ٥٠٠ خێزان دابین كرد كە هەر بەستەیەك پێك هاتبوو لە سۆبەیەك و ٤ بەتانی و ٤٠ لیتر نەوت بۆ هەر خێزانێك.
هەر لە هەمان رۆژدا مانگی سووری قەتەری جلوبەرگی بۆ منداڵانی بێباوكی كەمپەكە دابین كرد و لەلایەن دەزگای خێرخوایی بارزانییەوە بەسەر ٢٠٠ منداڵی بێباوكدا دابەش كرا.
١٠٠ خێزانی شەهید لە شارۆچكەی خەبات هاوكاری كران
تیمێكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە مەبەستی پێشكەشكردنی هاوكاری بۆ ١٠٠ خێزانی شەهیدان، گەییشتە شارۆچكەی خەبات.
رێكەوتی ٣١/١/٢٠١٧ دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە درێژەی چالاكییەكانیدا بۆ خێزانی شەهیدانی سەربەرزی كوردستان، هەڵمەتێكی بەڕێوە برد و تێیدا پارسێلی خۆراك و پێداویستی بۆ ١٠٠ خێزانی شەهیدی دەستی داعش دابین كرد.
شایانی باسە، دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە شێوەیەكی بەردەوام هاوكاری و پێداویستی بۆ ماڵباتی شەهیدانی كوردستان و ئەنفالكراوان و خاوەن پێداویستی تایبەت و كەمدەرامەتانی كوردستان دابین دەكات.
یاری و پێڵاو بۆ ٣٨٠ منداڵ دابین كرا
ئۆفیسی چیای دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە مەبەستی زیاتر هاندانی قوتابیانی سەرچیای شنگال و پڕكردنەوەی پێداویستییەكانیان، پێڵاوی بۆ ٣٠٠ قوتابی دابین كرد و لە چالاكییەكی دیكەدا یاریی منداڵانی بەسەر ٨٠ منداڵی دیكەدا دابەش كرد.
رێكەوتی 1/2/2017 ئۆفیسی چیای دەزگای خێرخوازیی بارزانی هاوكاریی منداڵانی ئاوارەی ئێزدیی چیای شنگالی كرد و لە هەڵمەتێكدا پێڵاوی بۆ ٣٠٠ قوتابیی قوتابخانەی ئادیكا دابین كرد، هەر لە هەمان رۆژدا و لە هەڵمەتێكی دیكەدا یاریی منداڵانی بۆ ٨٠ منداڵی دیكەی ئاوارەی ئێزدی دابین كرد.
جێگای ئاماژەیە تیمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی هاوكاریی و پێداویستیی تەندروستیان بۆ كارمەندان و مامۆستایانی دوو قوتابخانەی بارزانی و ئادیكا دابین كرد.

_(2)__2024_05_14_h16m6s41__ER.jpg)

__2024_01_03_h15m1s20__ER.jpg)
