دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بایی ٢٤ملیار دینار هاوكاریی بۆ ئاواران دابین كردووه

هەولێر-KDP.info- لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، جێگری سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئاشکرای کرد، دەزگاكهیان پار، زیاتر لە ٤٠٠٠ چالاکیی جۆراوجۆری لە سێکتەرەکانی (پەروەردە و رۆشنبیری، خۆراک، پەناگا و پاککەرەوە و پرۆژهی چاودێریی ئازیزان و پرۆژهی ویلچێر و ههلیكار) ئهنجام داوە و كۆی هاوکارییەکانیشی به بههای زیاتر لە ٢٤ ملیار دیناری عێراقی بووه.
ئاماژەیشی دا، لە سالی ٢٠١٦دا لە سێکتەری پەروەردە ٧٢١ چالاکی بۆ ٣٣٨ هەزار قوتابی بەڕێوە چووە. لە چالاکییەکاندا جانتا و پێداویستیی خوێندن بۆ منداڵەکان دابین کراوە، هەروەها لە سێکتەری خۆراکیدا ٩٩٨ هەڵمەتی هاوکاریی ئاوارە و پەنابەران بەڕێوە چووە. لە هەڵمەتەکاندا ٢ ملیۆن و ٩٠٠ هەزار کەس سودمەند بوون.
لەهەرکام لە سێکتەرەکانی ناخۆراکی و پەناگا و پاککەرەوە ١٢٧٦ چالاکی جیاواز بۆ ئاوارەکان بەڕێوە براوە و ژمارەی سودمەند بووان لەو سێکتەرانەدا دەکاتە ١ ملیۆن و ٦٩٦ هەزار ئاوارە و پەنابەر.
جێگری سهرۆكی دهزگای خێرخوازیی بارزانی سەبارە بە پرۆژەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ماوەی ساڵی رابردوودا ئاماژەی بە پرۆژەکانی (ویلچەر، چاودێریی ئازیزان و هەلی کار)دا کە پرۆژەی چاودێریی ئازیزان بۆ هاوکاریکردنی منداڵانی بێباوک١٠ هەزار و ٧٠٠ منداڵ سوودمەند بوون، هەروەها پرۆژەی ویلچەر تایبەتە بە خاوەن پێداویستییە تایبەتییەکان لە کەمپ و دەرەوەی کەمپی ئاوارە و پەنابەر و خەڵکی ناوخۆی کوردستان، لەو پرۆژەیەدا ٢٥ چالاکی بەڕێوە براوە و ٧٠١ خاوەن پێداویستیی تایبەت سودمەند بوون.
گوتیشی کە، لە ماوەی ساڵێکی رابردوودا دەزگای خێرخوازیی بارزانی هەلی کاری بۆ زیاتر لە ٦ هەزار کەس دابین کردووە.
جێگری سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئاماژەی بە پلانی کاروچالاکییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی کرد بۆ ساڵی داهاتوو و رایگەیاند، لە پلانیاندایە کە هاوکارییەکانیان بگوازنەوە بۆ نێو سەنتەری شاری مووسڵ و رێگری بکەن لە ئاوارەبوونی ژمارەیەکی زیاتری خەڵک.
روونیشی کردەوە کە، ئەگەر هەلی دووبارە ژیانەوە بۆ خەڵکی شاری مووسڵ فەراهەم بکرێت ئەوا کەس ناچار نابێت ماڵی خۆی بەجێ بهێڵێت و روو لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان بکات، بارگرانییەکیش لەسەر شانی هەرێمی کوردستان کەم دەبێتەوە.
هەروەها ئاماژەیان بە ژمارەی زۆری پەنابەران و ئاوارەکان لە سنووری هەرێمی کوردستاندا کرد کە بە تێکڕایی ١٥ کەمپی یاسایی لە هەرێمی کوردستاندا بوونی هەیە و بەشێکی کەمپەکان لە لایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە لەژێر چاودێری UNHCRـەوە بەرێوە دەچن.
جێگری سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی پلانی دەوڵەتی عێراقی بۆ هاوکاریی ئاوارە و پەنابەران وەکو پێویست نەزانی و گوتی، دەوڵەتی عێراق بە هیچ شێوەیەک هاوکاریی پەنابەرانی رۆژئاوای کوردستانی نەکردووە، هەروەها زۆر بە پەرت و بڵاوی هاوکاریی گەیاندووەتە ئاوارە عێراقییەکان و هاوکارییەکانی وەکو پێویست نەبوون.

_(2)__2024_05_14_h16m6s41__ER.jpg)

__2024_01_03_h15m1s20__ER.jpg)
