سوێد بە چاوی رێزەوە لە مافی گەلی کوردستان و پێشمەرگە دەڕوانێ

هەولێر-KDP.info- جێگری کۆنسووڵی سوێد لە هەولێر دەڵێ، حکوومەتی سوێد لە هاوکاریکردنی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێ و بە چاوی رێزیشەوە لە مافی گەلی کوردستان و هێزەکانی پێشمەرگە دەڕوانێ.
ئەمڕۆ لە پیرمام (هێمن هەورامى) بەرپرسى پێوەندییەکانى دەرەوە و ئەندامى سەرکردایەتیى پارتى پێشوازى لە جێگیرى کونووسڵى سوێد (کریستیان نیلسون) لە هەولێر کرد.
لهو دیدارهدا بەرپرسى پێوەندییەکانى دەرەوەی پارتی بە بەناوى سەرکردایەتیى پارتى دیموکراتى کوردستانەوە زۆر سوپاسى گەل و حکوومەتى سوێدی کرد، بەبۆنەى ئەو هاوکاری و پاڵپشتیانەى کە لە دوو ساڵى ڕابردوودا بە هەرێمى کوردستانیان گەیاندووە. هەروەها کورتەیەکى لە دواپێشهاتەکانى هەرێمى کوردستان و ناوچەکە و عێراقى بۆ (نیلسون) خستە ڕوو؛ ئاماژەیشی دا کە پارتى بە پەرۆشەوە کار دەکات بۆ چارەکردنى گرفت و جیاوازییە سیاسییەکانى نێوخۆى هەرێم و تەنانەت عێراقیش.
ههروهها پەیامی (سەرۆک بارزانى) لە ڕەوشى ئێستاى سیاسى هەرێمى کوردستان بە گرینگ زانى و ڕایگەیاند، کە پارتى ئەم پەیامەى کردووە بە پڕۆژەیەک بۆ چارەکردنی جیاوازییەکان و دەبێت پارتی و یەکێتی زیاتر هەوڵ بۆ چارەکردنی دۆخی سیاسی هەرێم بدەن چونکە بەرپرسیارێتی زیاتریان لە ئەستۆدایە و زیاتریش هەماهەنگ و هاوکاری یەکدی بن.
لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا بەرپرسى پێوەندییەکانى دەرەوەى پارتى، باسی لە پێوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کرد کە هەرێم هەوڵ دەدات بە رێگەی دیالۆگ لەگەڵ عێراق رێککەوتن لەبارەی داهاتوو و بەدەستهێنانی مافی چارەی خۆنووسین بکات، تا هەولێر و بەغدا بگەن بە ئەنجامێک کە بەیەکەوە و بە ئاشتیانە فەزایەکی ئارامتر بۆ گەلی عێراق و کوردستان دەستەبەر بکەن.
لای خۆیەوە (کریستیان نیلسون) سوپاسی گەلی کوردستان و هێزەکانی پێشمەرگەی کرد کە قارەمانانە و خۆڕاگرانە لە دژی تیرۆردا بەرگرییان کردووه و دووپاتی کردەوە، کە حکوومەتی سوێد بەردەوام دەبێ لە هاوکاری سەربازی و مرۆیی و راهێنانکردن بە هێزەکانی پێشمەرگە و، سوێد بە چاوی رێزیشەوە لە مافی گەلی کوردستان دەڕوانێ.
جێگری کۆنسووڵی سوێد لە هەولێر گوتیشی، لەو باوەڕەدان کە پەیامی (سەرۆک بارزانی) ببێتە پردێک بۆ لێکتێگەیشتنی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و هیوایشی خواست کە پێوەندییەکانی هەرێم و سوێد زیاتر پەرەی پێبدرێ.

_(2)__2024_05_14_h16m6s41__ER.jpg)

__2024_01_03_h15m1s20__ER.jpg)
