هەورامی: هەندێک وڵات لەبەر شکستی حوکمڕانییان دەیانەوێ گرووپگەلێکی هاوشێوەی داعش بەرهەم بێنن

نەمسا-KDP.info- (هێمن هەورامی) دهڵێت، هێشتا لەگەڵ عێراقدا نەمانتوانیوە هاوبەشێکی باش بین، كهواته با دراوسێیەکی باش بین. گوتیشی، هەندێک وڵات بەهۆی شکستیان لە حوکمڕانیدا دەیانەوێ چەندان گرووپی هاوشێوەی داعش بەرهەم بێنن.
ڕۆژى 2/12/2016 لە ڤییەناى پایتەختى نەمسا، پەیمانگاى (بەرگریى نیشتیمانى) سیمینارێکى سیاسى ئەکادیمیانەیان بۆ (هێمن هەورامى) ئەندامى سەرکردایەتى و بەرپرسى پێوەندییەکانى دەرەوەى پارتى دیموکراتى کوردستان ڕێک خست؛ نوێنەری وەزارەتى دەرەوە و وەزارەتى بەرگریى نەمسا و سەرۆک و ئەندامانى پەیمانگاى بەرگرىی نیشتیمانى ئامادەى بوون. مهبهستی پەیمانگاکە لەم سمینارەدا بۆ ئەوەبوو تا بەرچاوڕوونییان هەبێ لە هاوکێشە سیاسییەکانى ناوچەکە و شەڕى تیرۆریستانى داعش و سەرکەوتنەکانى پێشمەرگەى کوردستان له ئۆپەڕاسیۆنى مووسڵ، ههروهها پرسى سەربەخۆییى هەرێمى کوردستان و پێوەندى نێوان هەولێر و بەغدا.
لهو سیمینارهدا (هێمن هەورامى) بە وردى باسى لەو فەزا سیاسییە کرد کە ئێستا ناوچەکەى تێکەوتووە و خەریکە بەهۆى شکستى هەندێک وڵاتى ناوچەکە و جۆرى حوکمڕانییان، نەک داعش بەڵکو چەندان گرووپى هاوشێوەی داعش بەرهەم بێنن، هەر لەو بارەیەوە لە ئەوەى ڕاگەیاند، بۆ رزگاربوون لەم ڕهوشە نالەبارەى ئێستاى ناوچەکە، پێویستە جۆر و شێوازى حوکمڕانى و جیۆگرافیاى ناوچەکە بگۆڕدرێت.
سەبارەت بە شەڕى داعش، بەرپرسى پێوەندییەکانى دەرەوەى پارتى، پێى وابوو کە ئێستا داعش خەریکە دەگاتە لێوراى لەناوچوون، بەڵام ئەوەى کە گرینگە دواى داعشە، چونکە بنەبڕکردنى هزرى داعش كوشندەترە لە لەناوبردنى داعش وەک دەستەڵات، بۆیە دەبێ جیهانى ئازاد بە جیددى کار لەسەر ئەم پرسە بکات، هەروەها دەبێت کار لەسەر ئەوەش بکرێت جارێکى دیکە ڕێگا بەو جۆرە حوکڕانییە نەدرێت لە ناوچەکەدا کە ئەم بەرهەمانەى لێ بکەوێتەوە.
لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا (هێمن هەورامى) تیشکى خستە سەر قارەمانەتى و لهخۆبردوویی هێزى پێشمەرگەى کوردستان کە ههرلە سەرەتاى درووستبوونى داعشەوە تا بە ئێستا دەگات بێجگە لە شکست، داعش هیچ شتێکى نەبینیوە، بەڵام لەبەرانبەر ئەمەدا وەها هاوکارییەکى پێشمەرگە نەکراوە لە پێدانی چهك جێی ستایش بێت بۆ ئەو قارەمانەتییەى.
سەبارەت بە سەربەخۆییى هەرێمى کوردستانیش پێى وابوو، دووبارەکردنەوەى ئەزموونى دە ساڵەى ڕابردوو لەگەڵ عێراق بە ماناى زیانگەیاندنە بە عێراق و هەرێمى کوردستان نەک سوود، بۆیە ئێمە لە هەرێمى کوردستان وا بیر دەکەینەوە لەگەڵ عێراقدا نەمانتوانی هاوبەشێکى باش بین، کەواتە با دراوسێەکى باش بین، ئەمەش ئۆباڵەکەى لە ئەستۆى ئەو جۆرە دەستەڵاتەیە کە لە بەغداوە عێراقى بە ئەمڕۆ گەیاند
.
(هێمن هەورامى) بە وردییش باسى لە ئۆپەڕاسیۆنى مووسڵ و ڕۆڵى پێشمەرگە تێیدا و داهاتووی مووسڵ کرد.
سەنگەر هەورامى

_(2)__2024_05_14_h16m6s41__ER.jpg)

__2024_01_03_h15m1s20__ER.jpg)
