١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
دەزگاکانی پارتی

دەزگای بارزانی، خۆراك و پێداویستیی زستانەی بەسەر 1677 خێزاندا دابەش كرد

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هاوبەشی لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی حاجی ئیدریس سوورچی و كۆمپانیای ئارچەلیك و هاوپەیمانی جیهانی مەسیحی و موژدەبەخشەكان (international Christian and missionary alliance) جلوبەرگ و خواردن و بەتانی و خۆراكی لەقوتوودراو و پێڵاوی منداڵانیان بەسەر 850 خێزانی ئاوارەی كەمپی خازردا دابەش كرد. هەروەها لە كەمپەكانی دیبەگە دەزگای بارزانی و UNHCR و NRCو وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق و رێكخراوی ئەنسل، پارسێلی خۆراك و سەتڵ و ئاو و پێداویستیی پاككەرەوە و خواردنی لەقوتوودراو دۆشەك و بەتانی و جلیكانیان بەسەر 827 خێزاندا دابەش كرد.

 

رۆژی 11/11/2016 لە درێژەی دابەشكردنی هاوكاریی و پێداویستییەكان بەسەر ئەو ئاوارانەی كە تازە روو لە هەردوو كەمپی حەسەن شام و خازر لە سنووری پارێزگای مووسڵ دەكەن، دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هاوبەشی لەگەڵ ژمارەیەك رێكخراوی جیهانی و نێوخۆیی بەردەوامە لە دابەشكردنی هاوكاریی و خواردنی گەرم، لەو میانەشدا لە هەڵمەتێكدا بە هاوكاری لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی حاجی ئیدریس سوورچی و هاوپەیمانی جیهانی مەسیحی و موژدەبەخشەكان (international Christian and missionary alliance) دەستیان كرد بە دابەشكردنی پارسێلی خۆراك و خواردنی لەقوتوودراو و دۆشەك و بەتانی بەسەر 600 خێزانی ئاوارەی كەمپی خازردا. لەلایەكی دیكەوە و لە هەڵمەتێكی هاوبەشی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و كۆمپانیای ئارچەلیك، بە هەمان شێوە دۆشەك و بەتانی و پارسێلی خۆراك و پێڵاوی منداڵان و جپسیان بەسەر 250 خێزانی ئاوارەی هەمان كەمپدا دابەش كرد.

 

شایانی باسە، ئیدارەدانی هەردوو كەمپی حەسەن شام و خازر لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە بەڕێوە دەبرێت و رۆژانە لە ڕێگەی ئۆفیسەكانیەوە دوو ژەمە خواردنی گەرم بەسەر ئاوارەكانی هەردوو كەمپەكەدا دابەش دەكەن، جگە لەوەیش لەگەڵ زۆربەی رێكخراوە جیهانی و هەرێمایەتییەكاندا بە هاوبەشی كاری خێرخوازی ئەنجام دەدەن.

 

لە لایەكی دیكەوە، رۆژی 13.11.2016 لەمیانی پێشكەشكردنی هاوكارییە بەردەوامەكان بۆ خێزانە ئاوارەكانی مووسڵ لە كەمپەكانی (دیبەگە1، دیبەگە2، ترانزێت، یاریگا) كۆمەڵێك خۆراك و پێداویستیی ناوماڵە لە هەڵمەتێكی هاوبەشی نێوان دەزگای خێرخوازیی بارزانی و UNHCR و NRC و وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق و رێكخراوی ئەنسل، دەست كرا بە دابەشكردنی پارسێلی خۆراك بەسەر 720 خێزان و سەتڵ و ئاو و پێداویستیی پاككەرەوە و خواردنی لەقوتوودراو و جلوبەرگی ئافرەتان بەسەر 70 خێزان و دۆشەك و بەتانی بە 250 كەس و جلیكان و خاولی و سێتی پاكوخاوێنی بە 37 خێزانی ئاوارەی مووسڵ لە كەمپەكانی دیبەگەدا دابەش كرا.

 

شایانی باسە، ئۆفیسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە كەمپی دیبەگە، بە شێوەیەكی بەردەوام هاوكاری و پێداویستی بەسەر خێزانە ئاوارەكاندا دابەش دەكات، هاوكات بۆ ئەو ئاوارانەی كە تازە روو دەكەنە كەمپی دیبەگە، دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هاوكاری لەگەڵ چەند رێكخراوێكی بیانی، كەلوپەل و پێداویستی و ژەمە خۆراكی گەرم و پەناگە و چەندین پێداویستیی دیكەیان بۆ دابین دەكات.

هەواڵی پەیوەندیدار