٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
میدیای ده‌ره‌وه‌

رۆژنامەی "هائارتز": بۆ به‌ ده‌وڵه‌تبوون، بۆچی پشتگیری له‌ فه‌له‌ستین ده‌كرێت و له‌ كوردستان ناكرێت

سەرچاوە: Hewler

كوردەكان مافی خۆیانە ببنە خــــاوەن دەوڵەتێكی سەربەخۆ

لە ساڵانی نەوەدەكانی سەدەی ڕابردوودا بەشداریم لە كۆنفرانسێكدا كرد و لە میانەی پێشكەشكردنی گوتەیەكیشدا بەراوردێكم لە نێوان بزووتنەوەی نەتەوەیی كوردی ناو "عێراق" و بزووتنەوەی نەتەوەیی فەلەستیندا كرد.

كۆنفرانسەكە تایبەت بوو بە گۆڕانكاری لە نەخشەی سیاسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەوەیش پاش شەڕی كەنداوی ساڵی 1991 و ڕێككەوتننامەی ئۆسلۆی ساڵی 1993 و دروستبوونی دوو قەوارە وەكو دەرئەنجامی ئەم 2 ڕووداوە گرنگە: حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە عێراق و دەستەڵاتدارێتی فەلەستین لە فەلەستین.

لەو كاتەدا فەلەستینییەكان و كوردەكان زۆر دەربارەی مافی چارەی خۆنووسین قسەیان دەكرد و هەربۆیەیش شتێكی سرووشتی و ئاسایی بوو خاڵە هاوبەش و جیاوازەكانی بزووتنەوەی نەتەوەیی كوردی و فەلەستینی ڕوون بكرێنەوە.

من لە میانەی بەشداریكردنم لەو كۆنفرانسەدا بەو كارە هەڵسام، بەڵام گوتەكانم بوونە هۆی تووڕەبوونی بەشداربووان و تەنانەت هەندێكیشیان هۆڵی كۆنفرانسەكەیان بەجێ هێشت، چونكە زۆربەی ئەو بەشداربووانە عەرەب بوون.

كاتی ئەم بەراوردە هاتووە
بۆ ماوەی چەندین ساڵ ئەم جۆرە بەراوردە بە شتێكی قەدەغەكراو دادەنرا، چونكە عەرەبەكان نەیاندەویست هیچ گەل و نەتەوەیەكی دیكە لەگەڵ فەلەستینییەكان بەراورد بكرێن.

هەروەها بەرپرسانی ئەو وڵاتانەی كە گەلی كوردیان تێدا دەژیت ئامادە نەبوون هیچ جۆرە شەرعییەتێك بە ناسنامەی كورد بدەن و یارمەتیان بدەن بۆ ئەوەی بڕیار لە سەر چارەنووسی خۆیان بدەن. كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش لە بەر پاراستنی بەرژەوەندییەكانی خۆی ئەم جۆرە بەراوردەی قەبووڵ نەدەكرد.

ئێستا كاتی ئەوە هاتووە كۆتایی بەم شتە قەدەغەكراوە بهێنین و ئەو ڕاستییە بۆ هەموو لایەك ڕوون بكەینەوە كە بەڵێ دەكرێت ئەم بەراوردە ئەنجام بدرێت. تەنانەت، ئەگەریش ئەم بەراوردە بكەین ئەوا بۆمان دەردەكەوێت كە كوردەكان زیاتر لە فەلەستینییەكان مافی خۆیانە ببنە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردی.

مێژوو و زمان و كولتوور و ناسنامەیە
كورد گەلێكی دێرینە و بە درێژایی مێژوو كوردەكان لە نیشتمانی خۆیاندا ژیاون. ئەوان خاوەن زمانێكی هاوبەش، كولتوورێكی هاوبەش، ناسنامەیەكی هاوبەشن و ئەم شتە هاوبەشانەیش ئەوان لە دراوسێكانیان جیا دەكاتەوە.

ئەگەر بێتو دەربارەی كوردەكانی عێراقیش قسە بكەین، ئەوا دەزانین كە ژمارەی كورد لە عێراقدا لە سەرووی 5 ملیۆن كەسەوەیە، ئەمە لە كاتێكدا كە نزیكەی 4 ملیۆن فەلەستینی لە كەرتی خۆرئاوا و غەززەدا دەژین.

لە بواری مێژووییەوەیش، مافی چارەی خۆنووسینی كوردەكان لە لایەن سەرۆكی پێشووتری ئەمەریكا (وودرو ویڵسن) زۆر بە ئاشكرا ددانی پێدانرا، ئەوەیش لە میانەی پێشكەشكردنی گوتارە بەناوبانگەكەی ساڵی 1918ـیدا. ڕێككەوتننامەی "سیڤەر"ـیش هەمان مافی دایە كورد، بەڵام ئیشی پێنەكرا.

بەریتانییەكانیش لە پاش جەنگی دووەمی جیهانیی گرنگیان بە گەلی كورد دا. ژمارەیەك لە بەرپرسانی بەریتانیا داوای دامەزراندنی دەوڵەتێكی سەربەخۆیان بۆ كورد دەكرد و ژمارەیەكی دیكەیشیان دژی بوون، بەڵام لە كۆتاییدا قسەی ئەوانە سەركەوت كە دژی دامەزراندنی دەوڵەتەكە بوون. سەرەڕای ئەوەیش، كورد لە عێراقدا وازی نەهێنا و بە درێژایی سەدەی 20 بۆ دەستكەوتنی مافەكانی خۆی خەباتی كرد.

دەستكەوتەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان
ئەگەر بێتو بەراوردێك لە نێوان كوردستان و فەلەستیندا بكەین، ئەوا بۆمان ڕوون دەبێتەوە كە دەستكەوتەكانی حكوومەتی هەرێم لە بواری ئاوەدانكردنەوە و بەدامەزراوەكردندا زۆر لە دەستكەوتەكانی بەرپرسانی دەستەڵاتدارێتی فەلەستینی زیاترن.

پێویستە لە بەراوردێكی لەم جۆرەدا ئەو تاوانانە لەبیر نەكەین كە (سەددام حوسێن) دژ بە گەلی كورد ئەنجامی دان، بەتایبەتی تاوانی جینۆسایدی ساڵانی 1987-1988.

سەرەڕای ئەوەیش، گەلی كورد توانی كار بۆ ئاوەدانكردنەوەی نیشتمانەكەی بكات و ئێستایش كورد خاوەنی پەرلەمانێكی گرنگ، حكوومەتێكی چالاك، هێزێكی ئاساییشی بەهێزە و پرۆسەی دیموكراسیش لە كوردستاندا گەشەی باشی كردووە.

لەوەیش زیاتر، هەرێمی كوردستان بووەتە مۆدێلێك بۆ زۆربەی وڵاتانی ناوچەكە، ئەوەیش بەهۆی ئەو سیاسەتە ئابوورییە سەركەوتووەی كە حكوومەتی هەرێم پەیڕەوی دەكات و ئەو كۆمەڵگە زیندووەی كە هەیەتی. هەروەها، كوردەكانی عێراق پەنا بۆ كاری تیرۆریستی نابەن و ئیسلامی سیاسییش ڕەگ و ڕیشەی لەو ناوچەیەدا دانەكوتیوە.

كوردستان و مەرجەكانی دەوڵەتی سەربەخۆ
بە گوێرەی "كۆنگرەی مۆنتیڤیدیۆ"ـی ساڵی 1933، هەر پێكهاتەیەكی نەتەوەیی كە داوای دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ دەكات دەبێت ئەم خەسڵەتانەی هەبێت: دانیشتوویەكی جێگیر، سنوورێكی دیاریكراو، هەبوونی توانا بۆ دروستكردنی پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دیكەدا.

ئەگەر بێتو سەیرێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش بكەین، ئەوا بۆمان ڕوون دەبێتەوە كە ئەم حكوومەتە زۆربەی ئەم خەسڵەتانەی هەیە- بە دڵنیاییەوە لەوانە كەمتری نییە كە دەستەڵاتدارێتی فەلەستینی هەیەتی.

ئەوەی كە پەیوەندی بە دانیشتووانێكی جێگیرەوە هەیە، هیچ كەس ناتوانێت نكۆڵی لەوە بكات كە كورد بەلایەنی كەمەوە لە سەدەی 7ـی زاینییەوە لەو نیشتمانەی ئێستایدا دەژیت. بەڕێوەبردنی ناوچە كوردییەكانیش لە لایەن كوردەكان خۆیانەوە لە سەدەی 16ـدا دەستی پێكردووە، هەرچەندە لە سەدەی 19ـدا ئەم دەستەڵاتەیان لەدەستدا.

ئەو زانیارییەیش كە ئێمە هەمانە ئەوە نیشان دەدات كە فەلەستینییەكان بەم جۆرە نەبوون و كاروباری خۆیشیان بەڕێوە نەبردووە. پرسی سنوورێكی دیاریكراو كێشەیەكی هاوبەشی كوردەكان و فەلەستینییەكانە، بەڵام پسپۆڕێكی یاسای نێودەوڵەتی لە زانكۆی "عیبری" بە ناوی پرۆفیسۆر (ڕووس لاپیتۆس) دەڵێت، نەبوونی سنوورێكی ڕوون و ئاشكرا نابێتە بەربەست لە بەردەم ڕاگەیاندنی دەوڵەتێكی سەربەخۆدا.

چالاكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان
ئەوەی كە پەیوەندی بە مەرجی سێیەمەوە هەیە، گومان لەوەدا نییە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان زۆر لە دەستەڵاتدارێتی فەلەستینی چالاكترە.

ڕاستە حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەندەی دەستەڵاتدارێتی فەلەستینی پەیوەندی لەگەڵ وڵاتاندا نییە، بەڵام دەبێت ئەو ڕاستییە لەبەرچاو بگرین كە حكوومەتی هەرێم لە چەند ساڵی ڕابردوودا پێشكەوتنی گەورەی لەم بوارەدا بەدەست هێناوە.

ڕاستە حكوومەتی هەرێمی كوردستان نوێنەرایەتی لە ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی دیكەدا نییە، بەڵام ئەمەیش بەهۆی ئەو نادادپەروەریەوەیە كە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكاندا لە جیهاندا دەبینرێت.
توێژەرەوەیەكی توركی لە بابەتێكی نوێیدا ڕەخنەی لە بەرپرسانی ئەمەریكا گرتبوو لە بەرانبەر پشتگیریكردن لە ئیسرائیل.

ئەو توێژەرەوەیە ئەم پرسیارەی كردبوو: "بۆچی دەبێت ئیسرائیل دەوڵەت بێت، بەڵام فەلەستین دەوڵەت نەبێت؟" ئایا ئێمەیش مافی خۆمان نییە ئەم پرسیارە بە جۆرێكی دیكە بكەین: "بۆچی دەبێت فەلەستین ببێتە دەوڵەت، بەڵام كوردستان نەبێتە دەوڵەت؟".

تێبینی: پرۆفیسۆر "ئۆفرا بینگیۆ" بەرپرسی پرۆگرامی توێژینەوەی كوردە لە "سەنتەری مۆشی دایان" لە زانكۆی "تەلئەبیب". ئەو نووسەری كتێبی "كوردەكانی عێراق: دامەزراندنی دەوڵەتێك لە ناو دەوڵەتێكی دیكەدا".

نووسینی: ئۆرفا بینگیۆ - - وه‌رگێڕانی: عه‌لی حه‌سه‌ن زه‌ڵمی
* سەرچاوە: رۆژنامەی "هائارتز"ـی ئیسرائیلی

هەواڵی پەیوەندیدار