رۆژنامەی "هائارتز"ی ئیسرائیلی: ئەسەد سووریا بەجێ دەهێڵێت و ڕوو لە یەكێك لە وڵاتانی ئەمەریكای لاتین دەكات

ئامادهكردنی: شەونم محەمەد ئەمین
رۆژنامەی "هائارتز"ی ئیسرائیلی ڕاپۆرتێكی بڵاو كردوەتەوە و تیایدا ئاماژە بەوە كراوە، كە سەرۆكی سووریا (بەشار ئەسەد) بیر لەوە دەكاتەوە خاكی وڵاتەكەی بەجێ بهێڵێت و ڕوو لە یەكێك لە وڵاتانی ئەمەریكای لاتین بكات.
ناردنی شاند و نامە بۆ ئەو وڵاتانە
رۆژنامەكە باس لەوە دەكاتـ، كە لە ماوەی چەند رۆژی ڕابردوودا جێگری وەزیری دەرەوەی سووریا (فەیسەڵ میقداد) لەگەڵ بەرپرسانی كوبا، ڤەنزوێلا، ئیكوادۆر كۆ بووەتەوە و چەندین نامەی (بەشار ئەسەد)ی گەیاندووەتە دەستیان.
سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دەرەوەی ڤەنزوێلا بە رۆژنامەی "ئەلیونێڤێرساڵ"ی وڵاتەكەی ڕاگەیاند، كە بەڵێ (فەیسەڵ میقداد) نامەیەكی (بەشار ئەسەد)ی داوەتە دەستی (هۆگۆ چاڤێز)، بەڵام ئامادە نەبوو زانیاری دەربارەی ناوەرۆكەكەی بدركێنێ.
لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا چەندین جار (چاڤێز) بە شێوەیەكی ئاشكرا پشتیوانیی خۆی بۆ (بەشار ئەسەد) دووپات كردووەتەوە و تەنانەت هەندێك جاریش سووتەمەنیی ڕەوانەی سووریا كردووە بۆ مەبەستی بەكارهێنانی لە لایەن تانك و فڕۆكە جەنگییەكانی سوپای سووریاوە.
رۆژنامە ئیسرائیلیەكە ئەوەیشی ئاشكرا كردووە، كە جێگری وەزیری دەرەوەی سووریا لەگەڵ بەرپرسانی كوبا و ئیكوادۆریش كۆ بووەتەوە و پێكەوە دەربارەی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات و ئەگەری بەجێهێشتنی ئەو وڵاتە لە لایەن (ئەسەد)ەوە قسەیان كردووە.
(ئەسەد) و خانەوادەكەی سووریا بەجێ دەهێڵن
"هائارتز" ئاشكرای كردووە، كە (بەشار ئەسەد) پلانی ئەوەی هەیە لەگەڵ خانەوادەكەی و بەرپرسانی باڵای حكوومەتەكەیدا خاكی سووریا بەجێ بهێڵێت و داوای پەنابەرێتی لە یەكێك لە وڵاتانی ئاماژەپێكراوی ئەمەریكای لاتین بكات.
رۆژنامەكە ئەوەیشی ڕوون كردوەتەوە، كە (ئەسەد) لە كاتی ئێستادا ئەم پلانە جێبەجێ ناكات، بەڵكو كاتێك ئامادەیە سووریا بەجێ بهێڵێت، كە هیچ ئومێدێكی بە مانەوەی لە پۆستەكەیدا نەمێنێت.
توێژەرەوانی سیاسی پێیان وایە چەندین وڵات ئامادەیی ئەوەیان تێدایە (بەشار ئەسەد) و ئەندامانی دیكەی خانەوادەكەی وەكو پەنابەر وەربگرن، لەوانەیش ڕووسیا و كۆماری ئیسلامیی ئێران و چەند وڵاتێكی كیشوەری ئەمەریكای لاتین.
پێویستە تاوانباران دادگایی بكرێن
ئەو پرسیارەی دێتە پێشەوە ئەوەیە ئایا كۆمەڵگای نێودەوڵەتی ئامادەیە دەستبەرداری دادگاییكردنی (ئەسەد) بێت، ئەگەر بێت و ناوبراو واز لە پۆستەكەی بهێنێت.
لەو بارەوە سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان (بان كی مۆن) ڕایگەیاند:"هەر كەسێك تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجام بدات، ئەوا پێویستە دادگایی بكرێت. ئەمە بنەمایەكی سەرەكی و سازش لە سەرنەكراوی ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان و كۆمەڵگای نێودەوڵەتییە".




