١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
دەزگاکانی پارتی

هێمن هەورامى: بەشێك لە سەردانەكەى سەرۆك بارزانى بۆ بەغدا، بۆ باسکردنی عێراقى دواى داعشە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  دوێنى ٢٨/٩/٢٠١٦ بەرپرسى  پەیوەندییەكانى دەرەوەى پارتى دیموكراتى كوردستان (هێمن هەورامى) پێشوازیى لە (دۆمۆنیك ماس) كونسووڵى نوێى فەرەنسا كرد و لە دیدارەکەدا ئاشکرای کرد کە سەرۆك بارزانى لەم سەفەرەی بەغدایدا، باسی عێراقى دواى داعشیش دەکا.

هەورامى لە سەرەتاى دانیشتنەكەدا بە ناوى سەركردایەتیی پارتى دیموكراتى كوردستانەوە بەخێرهاتنى كونسووڵى نوێى فەرەنساى كرد و هەموو جۆرە پاڵپشتییەكى پارتیى بۆ دەربڕى لە كارەكەی هەرێمى كوردستانیدا؛ دواجار بەرپرسى مەكتەبى پەیوەندییەكانى دەرەوەى پارتى كورتەیەكى لە ڕەوشى سیاسى و سەربازىی هەرێمى كوردستان و ناوچەكەى بۆ كونسوڵ خستە ڕوو، كە سیاسەتى پارتى دیموكراتى كوردستان بۆ هێوركردنەوەى ڕەوشى سیاسی و لەناوبردنى تیرۆرە لە ناوچەكەدا.

 دیوێكى دیكەى قسەكانى هەورامى لەسەر سەردانەكەى سەرۆك بارزانى بوو بۆ بەغدا و ئەمانجەكانى، لە بەرنامەى سەردانەكەدا سەرۆك بارزانى لەگەڵ زۆربەى دەسەڵاتدارانى بەغدادا كۆ دەبێتەوە، مەبەستى سەرەكییش لەو سەردانە بۆ ئۆپەڕاسیۆنى موسڵە و جۆرى پەیوەندییەكانى هەولێر و بەغدا لە عێراقى دواى داعش، ئەو گفتوگۆیانە دەبن كە لە سەردانەكەدا باسی لێوە دەكرێت.

لە بەشێكى دیكەى دانیشتنەكەدا هێمن هەورامى باسى لە شەڕى داعش كرد، كە هێزى پێشمەرگەى كوردستان سنوورێكى بەرفراوانى لە دەست تیرۆریستان پاكەوە كردووە و پێویستە وڵاتانى ئازادى جیهان هاوكارى و پاڵپشتى هەرێمى كوردستان بكەن، وڵاتى فەرەنساش یەكێك بووە لەو وڵاتانەى كە لەسەرەتاى شەڕەكەدا هاوكارێكى زۆر باش بووە بۆ هەرێمى كوردستان، هیوادارین بەردەوام بن لە هاوكارییەكانیان.

دۆمۆنیك ماس خۆشحاڵیی خۆى بۆ دەستبەكاربوونى لە هەریێمى كوردستان وەك نوێنەرى وڵاتەكەى دەربڕى و سپاسى بەرپرسى مەكتەبى پەیوەندییەكانى كرد، لەو پێشوازییە و گوتیشی كە دەبێت هەردوولا هەوڵى زیاتر پتەوتركردنى پەیوەندییەكانى نێوان هەردوو گەلى فەرنسا و كورد بدەین.

 

هەواڵی پەیوەندیدار