٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
وتەبێژی فەرمی پارتی

گوته‌بێژی فه‌رمیی پارتی، له‌باره‌ی ڕێككه‌وتنی ستراتیژییه‌وه‌ ڕوونكردنه‌وه‌ی دا

سەرچاوە: KDP.info
هه‌ولێر-KDP.info-  گوته‌بێژی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگه‌یاند، مانه‌وه‌ و پابه‌ندبوون به‌ رێككه‌وتننامه‌ی ستراتیژییه‌وه‌، بابه‌تێكه‌ (مه‌تروكه‌) بۆ مه‌كته‌بى سیاسیى یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان، ئینجا چ بڕیارێكی لێ بده‌ن، پێویسته‌ ڕاى ره‌سمیى خۆیان به‌ پارتی و خه‌ڵكى كوردستانیش رابگه‌یه‌نن.
 
دواى لێدوانه‌ دژبه‌یه‌كه‌كانى هه‌ندێك له‌ كادیراى و میدیاكار و ئه‌ندامانى سه‌ركردایه‌تیى یه‌كێتىی نیشتمانیى كوردستان له‌سه‌ر چاره‌نووسى رێككه‌وتنى ستراتیژیی نێوان پارتى دیموكراتى كوردستان و یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان، پرسیارمان له‌ ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسى و گوته‌بێژى فه‌رمیى پارتى كرد، كه‌ ئایه‌ ئه‌و رێككه‌وتنه‌ هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه‌ یان هه‌ردوولا پێوه‌ى پابه‌ندن؟ (مه‌حموود محه‌ممه‌د) له‌ وه‌ڵامی ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستاندا گوتى: "ئاگاداری لێدوانه‌ دژبه‌یه‌كه‌كانى كادیر و ئه‌ندامانى سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستانین له‌ باره‌ى رێككه‌وتنى ستراتیژیى نێوان پارتیمان و یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان، به‌شێكیان باس له‌ مانه‌وه‌ و پابه‌ندبوون به‌و رێككه‌وتننامه‌یه‌وه‌ ده‌كه‌ن و هه‌ندێكیشیان به‌هه‌ڵوه‌شاوه‌ له‌ قه‌ڵه‌مى ده‌ده‌ن".
 
گوته‌بێژی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان جه‌ختی كرده‌وه‌ كه‌ ''هێشتا نه‌ به‌ نووسراو نه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ هاوبه‌شه‌كانماندا برایانى یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان باسیان له‌ پابه‌ندنه‌بوونیان یاخود هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ى ئه‌م رێككه‌وتنه‌ نه‌كردووه‌؛ ئێمه‌ش له‌ پارتى دیموكراتى كوردستان رێككه‌وتنه‌كه‌مان به‌ سوودى گه‌لى كودرستان زانیوه‌ و، له‌ پرسه‌ نه‌ته‌وه‌یى و نیشتمانییه‌كاندا و له‌ یه‌كڕیزى و ته‌باییى نێوخۆییدا رۆڵى گرینگ و به‌رچاوى هه‌بووه‌".
 هاوكات رایگه‌یاند "ئه‌م بابه‌ته‌ (مه‌تروكه‌) بۆ مه‌كته‌بى سیاسیى یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان به‌ مانه‌وه‌ یان هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ى رێككه‌وتنه‌ ستراتیژییه‌كه‌ی نێوانمان، ئینجا ڕاى ره‌سمیى خۆیان به‌ ئێمه‌ش و خه‌ڵكى كوردستانیش رابگه‌یه‌نن.''

هەواڵی پەیوەندیدار