دەزگای بارزانی، هاوكاریی 1570 منداڵی بێباوكی کرد

هەولێر-KDP.info- دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بە هاوكاری لەگەڵ مانگی سووری ئیماراتی، بڕی (2.974.314 $) دۆلار بەسەر ( 609) منداڵی بێباوك (ئازیز) لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستاندا دابەش دەكات. هاوكات، هاوكاریی 80 خێزان و 226 كەس كرا كە تازە روویان لە كەمپی دیبەگە كردبوو.
رۆژی 2.5.2016 دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هاوكاری لەگەڵ مانگی سووری ئیماراتی و لە ڕێگای پڕۆژەی چاودێریی ئازیزانەوە كە تایبەتە بە هاوكاریكردنی منداڵانی بێباوك لە شاری سلێمانی و بە ئامادەبوونی (شێخ عەزیز شێخ رەزا) سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، دەستی كرد بە دابەشكردنی هاوكاری منداڵانی بێباوك بەسەر (1570) ئازیزدا كە بڕی (672964) دۆلاری ئەمەریكییان بەسەردا دابەش كرا.
پرۆسەی دابەشكردنی هاوكارییەكانی پڕۆژەی چاودێریی ئازیزانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەسەر منداڵانی بێباوك (ئازیز) لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان بە هاوكاری لەگەڵ مانگی سووری ئیماراتی دابەش دەكرێت و لە چوارچێوەی هەڵمەتێكدا سەرجەم شار و شارۆچكەكان دەگرێتەوە و تیایدا دەست بە دابەشكردنی هاوكارییەكان دەكرێت، هاوكات تیمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە قەزای دەربەندیخان هاوكارییان بەسەر 154 منداڵی بێباوك (ئازیز)ـی ئەو شارەدا دابەش كرد، هەروەها لە شاری كەركووك و دەوروبەری دەست كرا بە دابەشكردنی هاوكارییەكە و تیایدا لە كەركووك 221 منداڵ و لە چەمچەماڵ 304 منداڵی بێباوك و داقوق 29 منداڵ و دوزخورماتوو 64 منداڵی بێباوك سودمەندبوون، هاوكات هەڵمەتەی دابەشكردنەكە بەردەوامی هەیە و تیایدا لە شاری كەلار 484 منداڵی بێباوك و كفری 112 منداڵ و خانەقین 154 منداڵ و لە مەندەلی 39 منداڵی بێباوك لە پرۆژەی چاودێریی ئازیزان سوودمەندبوون.
شایانی باسە، پڕۆژەی چاودێریی ئازیزان، پڕۆژەیەكی بەردەوامە و زیاتر لە شەش ساڵە بە بەردەوامی هاوكاری بەسەر ئەو منداڵانەدا دابەش دەكات كە لە چوارچێوەی پڕۆژەكەدا لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان ناویان تۆمار كراوە و تەمەنیان لە ژێر 18 ساڵییەوەیە.
لە لایەكی دیكەوە، رۆژی 2016/5/2 لە درێژەی كار و چالاكییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ بەهاناوەچوون و دابینكردنی پێداویستیەكانی ژیان بۆ ئەو خێزان و كەسانەی كە تازە لە دەوروبەری قەزای مەخموورەوە روو لە هەرێمی كوردستان دەكەن و لە كەمپی دیبەگە نیشتەجێ دەكرێن، دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە شێوەیەكی بەردەوام ژەمەخۆراكی گەرم و كەلوپەل و پێداویستی بەسەر ئەو خێزانانەدا دابەش دەكات كە رۆژانە روو لە كەمپەكە دەكەن، هاوكات لەدرێژەی هاتنی شەپۆلی خێزانە ئاوارەكاندا، تیمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەپێشوازی ئەو خێزانانەدان، لەو میانەشدا خۆراك و جلوبەرگ و پێداویستیی منداڵان و شوێنی حەوانەوەیان بەسەر 80 خێزاندا دابەش كرد كە تازە روویان لە كەمپی دیبەگە كردبوو. هەر لە درێژەی هاوكاریكردنی بەردەوامی ئەو كەسانەی روو لە كەمپی دیبەگە دەكەن، تیمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ژەمەخۆراكی گەرم و ئاو و خورما و پسكویت و دۆشەك و بەتانی و شوێنی حەوانەوەیان بۆ 226 كەس دابین كرد.
هەروەها رۆژی 2/5/2016 لە درێژەی دابەشكردنی كۆمەك و هاوكاری و پێداویستییەكان بەسەر پەنابەر و ئاوارەكان لە هەرێمی كوردستان، دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هاوكاری لەگەڵ كەنیسەی كاسۆلیكی سویسری لە كەمپی قوشتەپە لە سنووری پارێزگای هەولێر كە تایبەتە بە پەنابەرانی رۆژئاوای كوردستان، لە دوو هەڵمەتی جیادا هەڵدەستن بە دابەشكردنی جلوبەرگی جۆراوجۆری ئافرەتان بەسەر 450 خێزان و هەروەها خۆراك و پێداویستی بەسەر 400 منداڵی شیرەخۆرە دابەش كرد.
شایانی باسە، دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هاوكاری لەگەڵ كەنیسەی كاسۆلیكی سویسری لە زۆربەی كەمپی ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی كوردستان هەڵمەتەكانی دابەشكردنی خۆراك و پێداویستی دابەش كردووە و بەردەوامیش دەبن لە هاوكاریكردنی زیاتری پەنابەر و ئاوارەكان.

_(2)__2024_05_14_h16m6s41__ER.jpg)

__2024_01_03_h15m1s20__ER.jpg)
