١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
دەزگاکانی پارتی

ده‌زگای بارزانی و مانگی سووری ئیمارات، پرۆژه‌ی تازه‌ دەکەن

سەرچاوە: KDP.info
هەولێر -KDP.info-  مانگی سووری ئیمارات و ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی ده‌یانه‌وێ به‌ هاوبه‌شی چه‌ند پرۆژه‌یه‌كی تری هاوكاریكردنی ئاواره ‌و په‌نابه‌ران و، هاوكات خه‌ڵكی لێقه‌وماو و هه‌ژاری ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان جێبه‌جێ بكه‌ن.

ئه‌مڕۆ ٢٨/٢/٢٠١٦ شاندێكی مانگی سووری ئیماراتی له‌ شاری هه‌ولێر به‌ سه‌رۆكایه‌تیی (شێخ ڕاشد مه‌نسوور) کۆنسووڵی وڵاتی ئیمارات له‌ هه‌رێمی كوردستان، سه‌ردانی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی ده‌كه‌ن و له‌لایه‌ن سه‌رۆك و جێگری سه‌رۆكی ده‌زگاوه‌ پێشوازییه‌كی گه‌رمیان لێ ده‌كرێت.

(شێخ عه‌زیز شێخ ڕه‌زا) سه‌رۆكی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی پاش به‌خێرهاتنی شاندی میوان، پوخته‌یه‌كی له‌باره‌ی ئه‌و سێكته‌رانه‌ی كه‌ ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی كاری جیددی له‌سه‌ر ده‌كات، كه‌ مه‌به‌ست لێی هاوكاریكردنی زیاتری چینی هه‌ژار و كه‌مده‌رامه‌ته‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و شه‌پۆله‌ زۆره‌ی ئاواره‌ و په‌نابه‌ر كه‌ ڕوویان له‌ هه‌رێمی كوردستان كردووه ‌و ڕایگه‌یاند: "ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی به‌بێ جیاوازی كۆمه‌ك و هاوكاری و یارمه‌تی جۆراوجۆری ئاواره‌ و په‌نابه‌ری له‌ هه‌رێمی كوردستان كردووه‌."

له ‌به‌رانبه‌ردا (شێخ ڕاشد مه‌نسوور) كۆنسووڵی وڵاتی ئیمارات له‌ هه‌ولێر مه‌به‌ست له‌ سه‌ردانه‌كه‌ی خسته‌ ڕوو و ڕایگه‌یاند: "ده‌یانه‌وێ به‌ هاوبه‌شی چه‌ند پرۆژه‌یه‌كی تری هاوكاریكردنی ئاواره ‌و په‌نابه‌ران و هاوكات خه‌ڵكی لێقه‌وماو و هه‌ژاری ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان جێبه‌جێ بكه‌ن، تاوه‌كو پرۆژه‌كه‌ سه‌رجه‌م چین و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ بگرێته‌وه‌."

(شێخ عه‌زیز شێخ ڕه‌زا) سه‌رۆكی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی پێشوازییه‌كی گه‌رمی له‌و پرۆژه‌یه‌ كرد و ڕایگه‌یاند: "خۆشحاڵ ده‌بین له‌ پرۆژه‌كانی داهاتوودا كه‌ بتوانێت خزمه‌تی به‌رچاوی خه‌ڵكی كه‌مداهات و هه‌ژاری ناوخۆی هه‌رێمی كوردستانیش بكه‌ین، كه‌ هاوشان له‌گه‌ڵ ئاواره‌ و په‌نابه‌ران، چینی هه‌ژاری كوردستانیش سوودمه‌ند بن له‌و پرۆژه‌ هاوبه‌شانه‌ی  ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی و مانگی سووری ئیمارات بە هەرەوەزی دەیکەن."

هەواڵی پەیوەندیدار