١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
دەزگاکانی پارتی

دەزگای بارزانی هاوكاریی 3700 خێزانی ئاوارەیان كرد

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە شێوەیەكی بەردەوام هاوكاری و كۆمەك و یارمەتییەكانی دەگەیێنێتە خێزانە ئاوارەكان لە هەرێمی كوردستان، لەو میانەیەیشدا بە هەماهەنگی لەگەڵ رێكخراوی مانگی سووری كوێتی، پارسێلی خۆراكیان بەسەر 3700 خێزانی ئاوارە لە شارۆچكەكانی (سۆران، رواندز و چۆمان) و ئاوارەكانی دۆڵی خانەقا و كەمپی باسرمەدا دابەش كرد.

رۆژی 2/11/2015 دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هەماهەنگی لەگەڵ رێكخراوی مانگی سووری كوێتی، پارسێلی خۆراكی 28 كیلۆگرامی كە 14 جۆر ماددەی خۆراكی تێدایە، بەسەر 2950 خێزانی مەسیحی و ئێزدی و شەبەك و عەرەبدا دابەش كرد، لەو بارەیەوە (ئیسماعیل عەبدولعەزیز) بەرپرسی بەشی هاوكارییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی رایگەیاند: "دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەردەوامە لە هاوكاریكردنی ئاوارە و پەنابەران لە كەمپەكان و لە دەرەوەی كەمپەكان".
گوتیشی: "ئەم هاوكارییە كە پێك هاتووە لە پارسێلیك خۆراكی 28 كیلۆگرامی، لەسەر داواكاری دەزگا لە لایەن رێكخراوی مانگی سووری كوێتییەوە ئامادە كراوە و پێكەوە بەسەر ئاوارە و پەنابەرانی ناوەوە و دەرەوەی كەمپەكاندا دابەشی دەكەین".

هاوكارییەكەیش پێك هاتووە لە (برنج، شەكر، نیسك، زەیت، شیر، چا، خوێ، نۆك، فاسۆلیا، ماسیی لەقوتوودراو، خورما، ئارد، شەعریە و..هتد). بەرپرسی هاوكارییەكانی دەزگا زیاتر گوتی: "دابەشكردنی هاوكارییەكە بەم شێوەیە بوو: لە شارۆچكەی سۆران 145 خێزانی ئاوارەی مەسیحی و 28 خێزانی ئاوارەی شەبەك، لە رواندوز 120 خێزانی ئاوارەی ئێزدی و لە دۆڵی خانەقا و كەنیسەی دیانا سودمەند بوون، هاوكات هەمان یارمەتی بەسەر 2629 خێزانی‌ ئاوارەی پارێزگای مووسڵ و دەوروبەری و تكریت و ڕەمادی و بەغدا كە نیشتەجێی شارۆچكەی سۆران و رەواندز و چۆمانن، دابەش كرا".

لەلایەكی دیكەوە و لە درێژەی دابەشكردنی كۆمەك و هاوكارییەكان بەسەر خێزانە ئاوارەكانی مووسڵ و خوارووی عێراق لە كەمپی باسرمە، دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هەمان شێوە لەگەڵ رێكخراوی مانگی سووری كوێتی، پارسێلی خۆراكی بەسەر 750 خێزاندا دابەش كرد. (ئیسماعیل عەبدولعەزیز) دەڵێت: "هاوكارییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و مانگی سووری كوێتی بەردەوام دەبن و لە چەند رۆژی داهاتوودا ئاوارە و پەنابەرەكانی دەرەوەی كەمپەكان لە نێو شاری هەولێر دەگرێتەوە".

هەواڵی پەیوەندیدار