١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
دەزگاکانی پارتی

دەزگای بارزانی هاوكاریی گەیاندە پەنابەرانی شەمزینان لە مێرگەسوور

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە شێوەیەكی بەردەوام لە سەرجەم كەمپی پەنابەران لە هەرێمی كوردستان، لە ڕێگەی ئۆفیسەكانیەوە كۆمەك و هاوكاری و پێداویستی بۆ پەنابەران دابین دەكات، لەو میانەیەیشدا لە چەندین هەڵمەتی جیادا هاوكاری دەگەیەنێتە ئەو خێزانە پەنابەرانەی روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە و هاوكات لە كەمپەكانی باسرمە و شاریا و قوشتەپەیش، هاوكاری و پێداویستیی خۆراك بۆ 900 خێزانی پەنابەر دابین دەكات.

رۆژی 25/8/2015  لە درێژەی كار و چالاكییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ پەنابەران لە هەرێمی كوردستان، لە رێگەی ئۆفیسەكانیەوە رۆژانە خۆراك و پێداویستییان بۆ دابین دەكات و كەموكوڕییەكانی پەنابەران پڕ دەكاتەوە، لەو میانەیەیشدا بۆ ئەو خێزانە پەنابەرانەی كە بە هۆی خراپیی بارودۆخی سنووری هەرێمی كوردستان و وڵاتی توركیا روویان لە هەرێمی كوردستان كردبوو لە شارۆچكەی مێرگەسوور، هەستا بە دابەشكردنی پارسێلی خۆراك و كارتۆنێك جلوبەرگ و پێداویستیی پاككەرەوە بەسەر 72 خێزانی پەنابەری شەمزینان كە ژمارەیان 420 كەس بوو.
هەر لە درێژەی هاوكاریكردنی پەنابەرانی رۆژئاوای كوردستان لە كەمپەكانی كوردستان، دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە كەمپی باسرمە هەستان بە دابەشكردنی جلوبەرگ بەسەر 826 خێزاندا. هاوكات لە كەمپی قوشتەپە بۆ ئەو خێزانانەی كە خاوەنی منداڵی خاوەن پێداویستیی تایبەتن هەستان بە دابەشكردنی 150 هەزار دینار بەسەر دوو خێزاندا كە هەر خێزانێك بڕی 75 هەزار دیناریان پێ درا.
لە كەمپی شاریایش لە سنووری پارێزگای دهۆك، كۆتایی هات بە دوو خولی فێربوونی كۆمپیوتەر و لەو میانەیەیشدا لە رێوڕەسمێكدا بە هاوكاری لەگەڵ رێكخراوی هاریكار، دەست كرا بە دابەشكردنی بڕوانامەی دەرچوونیان لەگەڵ سازكردنی ئاهەنگێكی گۆرانی بۆ منداڵانی كەمپەكە.

هەواڵی پەیوەندیدار