١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
دەزگاکانی پارتی

دەزگای خێرخوازیی بارزانی هاوكاریی گەیاندە 400 خێزانی پەنابەری گوندی زارگەڵی و دەوروبەری

سەرچاوە: KDP.info

رواندز-KDP.info- شاندێكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی سەردانی گوندی زارگەڵی و دەورەبەری كرد و بە هاوكاری لەگەڵ رێكخراوی LDSـی ئەمەریكاییدا، چەندین جۆر پێداویستی بەسەر 400 خێزانی پەنابەری ئەو گوندانەدا دابەش كرد.

رۆژی 16/8/2015  بە مەبەستی هاوكاریكردنی ئەو خێزانانەی كە بە هۆی خراپبوونی بارودۆخی سەرسنوورەوە ماڵ و حاڵیان جێ هێشتبوو، شاندێكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە سەرۆكایەتیی (مووسا ئەحمەد) جێگری سەرۆكی دەزگا، سەردانی گوندی زارگەڵیی سنووری وەرتێی سەر بە شارۆچكەی رواندزیان كرد و بە هەماهەنگی لەگەڵ رێكخراوی LDSـی ئەمەریكایی، هاوكاری و كۆمەكیان بەسەر 400 خێزانی پەنابەری ئەو گوندانەدا دابەش كرد، هاوكارییەكانیش بریتی بوون لە پارسێلی خۆراك، سەلەی تەندروستی كە چەندین كەلوپەل و پێداویستیی خاوێنكردنەوەی تێدایە لەگەڵ دابەشكردنی جلوبەرگی جۆراوجۆر.
لەو بارەیەوە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، (مووسا ئەحمەد) جێگری سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی رایگەیاند: "دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئەمە یەكەم جار نییە كۆمەك و هاوكاری دەگەیەنێتە خەڵكی هەژارو لێقەوماوی ئەم ناوچەیە، بەڵكو چەندین جارە بە بۆنەی جیاجیاوە كۆمەك و هاوكاریمان بەسەر خەڵكی ئەم ناوچەیەو دەوروبەریدا دابەش كردووە". هەروەها گوتیشی: "یەكێك لە ئامانجەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئەوەیە، هەوڵ بدات پەیوەندی زیاتر لەگەڵ رێكخراوە جیهانییەكاندا دروست بكات، بۆ ئەوەی هاوكاریی زیاتری پەنابەران لە هەرێمی كوردستان بكرێت".
سەبارەت بە هاوكاریكردنی خێزانە ئاوارەكانی گوندی زارگەڵی و دەوروبەریشی، ئاماژەی دا: "ئێمە خۆشحاڵین كە ئەمڕۆ سەردانی ئەم دەڤەرەمان كردووە و هاوكاری و پێداویستیمان بۆ هێناون و بەسەریاندا دابەشی دەكەین".
لەبارەی كۆمەك و هاوكاریی زیاتر بۆ ناوچەكە و بە تایبەتی دەستپێكی پرۆسەی خوێندن تاوەكو قوتابیانی ئەو گوندانە لە پرۆسەكە دانەبڕێن، (مووسا ئەحمەد) جێگری سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی رایگەیاند: "دەزگاكەمان رۆڵێكی بەرچاوی هەبووە لە خزمەتكردنی پرۆسەی خوێندندا لە سەرجەم ناوچەكانی هەرێمی كوردستاندا، بە دڵنیاییەوە خەڵكی ئەم ناوچانە شایەتیی ئەوە دەدەن كە چەندین جار هاوكاریمان لە بواری پەروەردە و خوێندن هێناوەتە ئەم ناوچەیە، بۆ ئەمساڵی خوێندنیش لە بەرنامەماندا دەبێت بۆ هاوكاریكردنی قوتابیان چ  لەناو كەمپ یان دەرەوەی كەمپدا بن پێداویستییەكانی خوێندن و شوێنی خوێندنیان بۆ دابین بكەین تاوەكو لە پرۆسەی خوێندن بەردەوام بن".

هەواڵی پەیوەندیدار