شاندی دەزگای بارزانی بار و گوزەرانی پەنابەرانیان گەیاندە رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان

جنێف-KDP.info- دوای ئەوەی دەزگای خێرخوزایی بارزانی بانگهێشتی كۆنفڕانسی راوێژكاری ساڵانەی كۆمسیۆنی باڵای پەنابەرانی جیهانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان لەگەڵ رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان كرا لە جنێف، كە 270 رێكخراوی نیودەوڵەتی لە سەرتاسەری جیهان بەشدارییان تێدا كرد و لە سێ رۆژی سەرەتای مانگی 7ـی ئەمساڵ ئەنجام درا، شاندی دەزگا بە سەرۆكایەتیی (مووسا ئەحمەد) جێگری سەرۆكی دەزگا و بە ئەندامیەتیی (كارزان نووری) بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەزگا، بەشدارییان كرد و لەمیانی كۆنفڕانسەكەدا شاندی دەزگا پەیامی بارودۆخ و گوزەرانی ئاوارەكان و رەوشی پەنابەران و مەسەلەی كۆمەڵكوژیی ئێزدییەكانیان بە ئامادەبووان گەیاند.
شاندی دەزگا لە چەندین گفتوگۆی جیاوازدا بەشداری كرد و تیشكی خستە سەر كێشە هەنووكەییەكانی ئەمڕۆی كوردستان و عێراق، لە گرینگترین ئەو كێشانەیش كە دەزگا تیشكی خستە سەر كێشەی بوونی ئەو رێژە زۆرەی ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی كوردستان و جیاوازیكردنی كۆمەڵگەی نێودەوڵەوتی لە نێوانیاندا. هەروەها مەسەلەی كۆمەڵكوژی كوردانی ئێزدی و ئەو بارودۆخە دەروونییەی تێیدا دەژین. هەروەها مەسەلەی ناوچە تازە ئازادكراوەكان و نەبوونی هیچ رێكخراوێكی نێودەوڵەتی بۆ كاركردن لەو ناوچانە، بە تایبەتی پاش ئازادكردنی ناوچەكان و گەڕانەوەی پەنابەران بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، هیچ رێكخراوێكی بیانی ئامادە نییە هاوكاری و یارمەتییان بدات. هەروەها ئاماژەدان بە كێشەی كۆبانی و بێدەنگیی كۆمەڵگەی مرۆیی لە ئاستیدا و كێشەی پشتنەبەستنی یوئێن بە رێكخراوە نیشتیمانییەكان و كەمبوونەوەی فەندی ئاوارەكان لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە.
ئەم كۆنفڕانسە دەرفەتێكی یەكجار باش بوو بۆ هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەمەڕ بارودۆخی ئەمڕۆی كوردستان و ناساندنی دەزگا وەك كاراكتەرێكی كاریگەری مرۆیی لە ناوچەكەدا.
دوای كۆتایهاتنی كۆنفڕانسەكە شاندی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە تایبەت لەگەڵ بەرپرسی ئۆفیسی هەرێمی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی كۆمسیۆنی باڵای پەنابەرانی جیهانی كۆ بووەوە و چەندین كێشە و گیروگرفت خرانە بەر باس. بەدەر لەوەیش لە ماوەی سێ رۆژی كۆنفڕانسەكەدا دەزگا بە جیا لەگەڵ چەندین رێكخراوی نێودەوڵەتیدا كۆ بووەوە.

_(2)__2024_05_14_h16m6s41__ER.jpg)

__2024_01_03_h15m1s20__ER.jpg)
