١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
دەزگاکانی پارتی

كوێت ستاییشی دەزگای بارزانی دەكات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-شاندێكی کونسووڵخانەی وڵاتی كوێت سەردانی دەزگای خێرخوازیی 'بارزانی'ـیان كرد و لەلایەن سەرۆكایەتیی دەزگاوە پێشوازییەكی گەرمیان لێ كرا و شاندەکە ستاییشی کارەکانی دەزگای کرد.

ڕۆژی 17/6/2015 بە مەبەستی ئاشنابوون بە كاروچالاكییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی كە ماوەیەكی دوورودرێژە بۆ پەنابەران لە هەرێمی كوردستان ئەنجامی دەدات، لە  میانی سەردانێكیدا، (عەبدوڕەحمان كلێبی) یاریدەدەری كونسووڵی وڵاتی كوێت و شاندێكی یاوەری سەردانی دەزگای خێرخوازیی بارزانییان كردو لەلایەن )عەزیز شێخ ڕەزا( سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی پێشوازییەكی گەرمیان لێ كرا.
لەو دیدارەدا یاریدەدەری كونسووڵی وڵاتی كوێت سوپاس و ستایشی كاروچالاكییە بەردەوامەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی كرد كە بۆ پەنابەران بەبێ جیاوازیی ئایینی و نەتەوەیی ئەنجامی دەدات و بەردەوام خزمەتیان دەكرێت، كە ژمارەیان لە ملیۆن‌ونیوێك ئاوارە تێپەڕاندووە و هیوای بەردەوامی و سەركەوتنی زیاتری بۆ دەزگا خواست. لە بەرامبەردا (عەزیز شێخ ڕەزا) سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی تیشكی خستە سەر كارو چالاكییە بەردەوامەكانی دەزگا لە ناو كەمپ و دەرەوەی كەمپەكان بۆ ئاوارەو پەناهەندەكان ئەنجامی دەدات و بە شێوەی ڕێكوپێك و لەڕێگەی تیم و ئۆفیسەكانیەوە بەشێوەیەكی خێرا بەهانای لێقەوما و پەنابەرو ئاوارەكانەوە دەچێت، هەروەها پوختەیەكی لەو كارو چالاكیانە خستەڕوو كە دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەمانگی ڕەمەزانی پیرۆزدا بۆ پەنابەرو خەڵكانی هەژارو كەمدەرامەت بەنیازە ئەنجامی بدات.
لە بەرامبەردا (عەبدولڕەحمان كلێبی) یاریدەدەری كونسووڵی  كوێت ئاماژەی بەوەدا، ئامادەن لە هەرێمی كوردستان لە مانگە پیرۆزەکەی ڕەمەزان بە هاوكاری لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی كاری خێرخوازی بکەن و هاوكاری زیاتری پەنابەران بكەن، بەتایبەتی لەڕووی دابینكردنی خۆراك و پێویستیەكانی مانگی ڕەمەزان، هاوكات لە ئایندەی نزیكیشدا پرۆژەی تری خێرخوازی بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئەنجام دەدەن.

هەواڵی پەیوەندیدار