دەزگای بارزانی مووچەی شەش مانگی منداڵانی بێباوك دابەش دەکات.. ئامێری فێنككەرەوە و پێداویستی بەسەر پەنابەراندا دابەش دەکات

هەولێر-KDP.info- دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە رێگەی ئۆفیسەكانیەوە لە سەرجەم كەمپی پەنابەران لە هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی بەردەوام پێداویستی و خۆراك بۆ پەنابەران دابین دەكات، لەو میانەیەیشدا بۆ وەرزی هاوین هەستا بە دابەشكردنی 400 ئامێری فێنككەرەوە (موبەریدە) بەسەر كەمپی بەحركە و خۆراك و پێداویستیشی بەسەر كەمپەكانی قادیا و هەرشەمدا دابەش كرد.
لە درێژەی كار و چالاكیەكانیدا، دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە شێوەیەكی بەردەوام ئەمڕۆ كەلوپەل و پێداویستی لە رێگەی ئۆفیسەكانیەوە بەسەر پەنابەرانی كەمپەكاندا دابەش دەكات، لەو میانەیەیشدا لە كەمپی بەحركە دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە بۆنەی هاتنی وەرزی گەرماوە، بە هاوكاریی چەند خێرومەندێك هەستا بە دابەشكردنی 400 ئامێری فێنككەرەوە (موبەریدە) بەسەر پەنابەرانی كەمپەكەدا.
لەلایەكی دیكە و هەر لە درێژەی كار و چالاكییەكانی ئۆفیسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە كەمپی هەرشەم كە تایبەتە بە پەنابەرانی خوارووی عێراق و مووسڵ و دەوروبەری، پارسێلی خۆراك بۆ مانگێك بەسەر 275 خێزاندا دابەش كرا كە هەر پارسێلێك ئەم خۆراكانەی تێدایە ( 5 كیلۆ برنج و 2 لیتر زەیت و 2 كیلو معجون تەماتەو 2 كیلۆ ئارد و 2 نیسك و 1 كیلو فاصۆلیاو نیو كیلۆ جا و 1 كیلۆ خوێ 4 علبەی پەنیرو 4 شعرییە)، هەروەها دابەشكردنی پێداویستیی شیر و دایبی بەسەر 220 منداڵی كەمپەكەدا. هاوكات لە ناحیەی دێرەلووكیش بە هەمان شێوە تیمی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هاوكاری لەگەڵ رێكخراوی مانگی سووری ئیماراتی هەستان بە دابەشكردنی پارسێلی خۆراك بەسەر 80 خێزانی ناحیەكەدا.
هەروەها لە كەمپی قادیا لە سنووری پارێزگای دهۆك، ئۆفیسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی چەند چالاكییەكی جۆراوجۆری بۆ خزمەتكردنی پەنابەران ئەنجام دا، لەوانە بەهاوكاری لەگەڵ رێكخراوی خۆراكی جیهانی پارسێلی خۆراكی بەسەر 732 خێزاندا دابەش كردووە، لەگەڵ دابەشكردنی جلوبەرگ بەسەریاندا، هاوكات لە دوو هەڵمەتیشدا شیر و پێداویستییان بەسەر 690 منداڵی كەمپەكەدا دابەش كرد.
هەر ئەمڕۆ، پڕۆژەی چاودێریی ئازیزانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هاوكاری لەگەڵ مانگی سووری ئیماراتی، مووچەی شەش مانگی منداڵانی بێباوك لە هەرێمی كوردستاندا دابەش دەكەن، بۆ ئەو مەبەستەیش لە یەكەم وێستگەدا لە كۆیە و دهۆك تیمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی مووچەی شەش مانگ بەسەر منداڵانی بێباوك دابەش دەكەن، هاوكات مووچە بۆ 824 ئازیزی دیكە دابین كراوە كە تازە ناویان لە ئۆفیسەكانی ئازیزانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی تۆمار كردووە.
ئەو یارمەتییە كە منداڵانی بێباوكی سەرجەم شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە، لەوانە لە شاری هەولێر 1520 منداڵی ئازیز سوودمەند دەبن لەو یارمەتییە، هاوكات لە شاری سلێمانی بە هەمان شێوە 939 منداڵی ئازیز سوودمەند دەبن، لە شاری دهۆكیش 1047 ئازیز و لە گەرمیانیش 1001 منداڵی بێباوك لە پڕۆژەی چاودێریی ئازیزان سوودمەند دەبن كە كۆی گشتیی منداڵانی سوودمەند دەگاتە 4507 ئازیز.
دوای ئەوەی كە یەكەكانی پڕۆژەی چاودێری ئازیزانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە گوڕوتینێكی زۆرەوە كاریان كرد لەسەر ناونووسینی ئازیزانی نوێ و ئەو پەیوەندییە بەهێزەی كە لەگەڵ رێكخراوی مانگی سووری ئیماراتی دروستی كردووە و بووەتە جێگای متمانەیەكی بەهێز لە نێوان هەردوولادا، بۆیە ئەمجارە رەزامەندیی گەڕانەوەی ناوی 824 ئازیزی نوێ دراوە كە لە هەر چوار سنوورەكە مووچەیان بۆ هاتووەتەوە.


_(2)__2024_05_14_h16m6s41__ER.jpg)

__2024_01_03_h15m1s20__ER.jpg)
