بە ڤیدیۆ؛ ئۆباما عەبادی ئیهمال کرد

باڤاریا-KDP.info- بەکاربەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە چەند سەعاتی ڕابردوودا سەرقاڵی بلاوکردنەوەی ڤیدیۆیێک بوون کە نیشانی دەدات، سەرۆکی ئەمەریکا(باڕاک ئۆباما) چۆنچۆنی سەرۆکوەزیرانە شیعەمەزەبەی عێراق(حەیدەر عەبادی) پشتگوێ(ئیهمال) دەکات.
لەو گرتە ڤیدیۆییەدا کە لە چوارچێوەی کۆنگرەی لوتکەی 'جئ ٧' لە ویلایەتی باڤاریای ئەڵمانیا گیراوە، نیشانی دەدات کە، (ئۆباما) قسە لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی بانکی نەختینەی نێودەوڵەتی(کریستین لاگارد) و، سەرۆکوەزیرانی ئیتالیا(ماتیۆ ڕینزی)ـیدا قسە دەکات، (حەیدەر عەبادی) دەچێتە پاڵیانەوە دادەنیشێ و دەیەوێ سەرنجیان بە تایبەت هیی (ئۆباما) بە لای خۆیدا ڕابکێشێ، بەڵام (ئۆباما) سەرنجێکی خێرا دەدات و نەک هەر ڕووی تێناکات، بگرە لە قسەکردنی لەگەڵ دووانەکەی پێشوو بەردەوام دەبێ و هیچ بایەخ بە (عەبادی) نادات و هەر بە پشتتێکردنەوە شوێنەکە جێ دەهێڵێ.
ڤیدیۆکە کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک گەلێک زۆر بڵاو کراوەتەوە، هەزاران جاریش لە تویتەردا بڵاو کراوەتەوە.
بەکاربەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەها لەم ڕووداوە دەڕوانن کە، ئەمە (ئیهانە)کردنی سەرۆکوەزیرانی عێراقییە، هەندێکیش دەڵێن ئەمە بە کەم لێ ڕوانینە و هەندێکی دیکەیش بەو هەڵوێستە هاوشێوانە وێنای دەکەن کە سەرۆکوەزیرانەکەی پێشەخۆی(نووری مالیکی) تووشی بووە.
هەندێکی دیکەیش وای دەبینن کە، ئەم ئیهمالکردنە بە مەبەست نەبووە و، سەرۆکی ئەمەریکا، (عەبادی)ـی نەبینیوە.
زریان زیاد




