فه‌رید زه‌كه‌ریا: عێراق ڕووخاوه.. كورد بۆ كوردستان و شیعه و سوننه‌یش بۆ مانه‌وه‌یان شه‌ڕ ده‌كه‌ن

نیویۆرك-KDP.info- لێكۆڵه‌ری سیاسی(فه‌رید زه‌كه‌ریا) ده‌ڵێ، سوپای عێراق دانه‌ڕماوه وه‌ك ئه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌گران پشتبه‌ستوو به لێدوانی وه‌زیری به‌رگریی ئه‌مه‌ریكا(ئاشتوون كارته‌ر) ناوی ده‌به‌ن، كه گوتوویه‌تی 'سوپای عێراق ویستی شه‌ڕی له ده‌ست داوه'، هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه کڕۆکی بابه‌ته‌كه نییه.
(زه‌كه‌ریا) ڕوونی كردووه‌ته‌وه ''وه‌زیری به‌رگریی ئه‌مه‌ریكا بیری چووه ده‌سته‌واژه‌ی شه‌ڕكردنی له‌پێناو عێراقدا به‌كار ببات تا ڕسته‌كه‌ی كۆتایی پێ بێنێ؛ لایه‌نگه‌لێك هه‌ن كه به توندی له عێراقدا له شه‌ڕدان و ئازایانه شه‌ڕیان به‌رپا كردووه، ئه‌وه‌تا كورد له‌پێناو كوردستان ئازایانه ده‌جه‌نگن، شیعه له‌پێناو ڕۆڵه‌كانی و سوننه‌یش به هه‌مان شێوه، به‌ڵام هیچ كامیان ویستی شه‌ڕكردنیان له‌پێناو عێراقدا نییه، لایه‌نه‌كی دیكه‌یش له‌سه‌ریه‌تی دژ به داعش بوه‌ستێته‌وه كه له‌پێناو بیروبۆچوونه‌كانی ده‌جه‌نگن.
زیاتر گوتی، كێشه‌ی حه‌قیقی ئه‌وه نییه كه ویستی شه‌ڕكردنی له ده‌ست دابێ، به‌ڵكه عێراق ڕووخاوه، ڕێكخراوی داعش‌یش له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی عێراقدا له جه‌نگێكی قورسدایه، هه‌ڵبه‌ت میلیشیاكانیش وا سه‌ركه‌وتنێك به ده‌ست نایه‌نن كه پشتیوانیی دانیشتوانی ناوچه شهڕاوییهكان به ده‌ست بێنێ؛ ڕێكخراوی داعش‌یش سۆزی سوننه‌كانی له ته‌واوی عێراق و سووریادا قۆزتووه‌ته‌وه، چونكه ئه‌وان له لایه‌ن هه‌ردوو حكوومه‌ته شیعه و عهلهوییهكهوه په‌راوێز خراون.
زریان زیاد




