مالیكی لەو شوێنەوە دەستی پێكرد كە سەدام كۆتایی پێهێنا
شێوازي بەڕێوەبردني عێراق لە لايەن سەرۆكوەزيراني وڵات (نوري ماليكي)ەوە بوەتە بابەتێكي سەرەكي زۆربەي رۆژنامەكاني ناوچەكە و جيهان و هەندێك لە نووسەرەكانيش زۆر بە توندي ڕەخنە لە حكوومەتي ئەمەريكا دەگرن لە بەرامبەر كشانەوەي سوپاي وڵاتەكەيدا لە عێراق.
(ماليكي) و وەرگرتني بەهرەكاني (سەدام)
(ئەحمەد ئەلموحەننا) لە رۆژنامەي “ئەلمەدا”ي عێراقييدا بابەتێكي نووسيوە و تيايدا هاتووە “وا ديارە ئەزموونە ديموكراسييە ساواكەي عێراق بە شوێن پێي (سەدام)ـەوەيە. ئەوەيش لە بەر يەك شت، وا دەردەكەوێت (ماليكي) هەمان بەهرەي (سەدام)ي لە دروستكردني دوژمن و خوڵقاندني نەياردا هەيە “.
ماڵپەڕي “بلومبێرگ”ي ئەمەريكي شيكارييەكي ئەم چەند دێڕەي كردووە و دەڵێت: كێشەكاني ئەم دواييە و ئێستاي نێوان حكوومەتي ناوەندي و حكوومەتي هەرێمي كوردستان لە لايەك و سوننەكان و (ماليكي) لە لايەكي ديكەوە ئەو ڕاستيە پێشان دەدات كە سەرۆكوەزيراني عێراق بەڕاستي لەگەڵ خوڵقاندني كێشەدايە.
“بلومبێرگ” هەروەها دەڵێت: سياسەتي (ماليكي) گەيشتووەتە ئەو ئاستەي كە چي ديكە كەسايەتيي دياريي شيعەكاني عێراق (موقتەدا سەدر)يش قەبووڵي ناكات و هەربۆيەيش ماوەيەك پێش ئێستا لە كۆبوونەوە ڕاوێژكارييەكەي هەولێردا بەشدار بوو.
(ماليكي) و كەمي دەسەڵات
(موحەننا) سوپاسي خوا دەكات كە (ماليكي) ئەو توانايەي نييە وا (سەدام) هەيبوو، چونكە ئەو كاتە لەگەڵ وڵاتاني ناوچەكەيشدا شەڕي هەڵدەگيرساند، هەرچەندە كەمتەرخەميي لەوەيشدا نەكردووە، كە تۆمەت ئاراستەي توركيا بكات و پەيوەنديي نێوان عێراق و وڵاتاني ئەنجوومەني هاريكاريي كەنداويش بە ساردوسڕي و پڕ لە كێشە بهێڵێتەوە.
(موحەننا) لە بەشێكي ديكەي بابەتەكەدا نووسيويەتي “شتي زۆر سەير دەربارەي (ماليكي) ئەوەيە كە ناوبراو لەو شوێنەوە دەستي پێكرد وا (سەدام) كۆتايي پێ هێنا، ئەوەيش بە هەبووني پەيوەندييەكي زۆر بەهێز لەگەڵ بەرپرساني كۆماري ئيسلاميي ئێران و سووريادا”.
نووسەر ئەو پرسيارە لە خوێنەرەكاني دەكات، كە ئاخۆ “عێراق لە هەبووني پەيوەندي لەگەڵ حكوومەتي سووريا و ئێراندا چ سودێكي دەست دەكەوێت، چونكە بەرپرساني ئەو وڵاتە پشتيوانيي كۆمەڵگاي نێودەوڵەتييان لەدەست داوە و تەنانەت لە لايەن خەڵكي خۆيشيانەوە پشتيوانييان لێناكرێت”.
(مەهدي قاسم)يش لە “سەوت ئەلعێراقدا” بابەتێكي نووسيوە و تيايدا هاتووە: سيستەمي عێراق سەرچاوەي سەرەكيي تەواوي ئەو تەنگژە و قەيرانانەيە وا عێراقي گرتوەتەوە.
نووسەر باس لەوە دەكات، كە سيستەمي ئێستاي بەڕێوەبردني عێراق هاوشێوەي سيستەمي بەڕێوەبردنە لە لوبناندا، كە ئيتني و تائيفيە و هەر ئەوەيش واي كردووە، تەنگژەي سياسي و شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوە ببێتە بەشێك لە ژياني رۆژانە لە ماوەي زياتر لە نيو سەدەي ڕابردووي لوبناندا.
وەرگێڕاني: شەونم محەمەد ئەمين




