دەزگای بارزانی بانگهێشتی كۆنگرەی پەرلەمانی یەكیەتیی ئەورووپا كرا

هەولێر-KDP.info- بە مەبەستی گەیاندنی ئێش و ئازار و كەموكوڕییەكانی پەنابەران لە هەرێمی كوردستان و عێراق و ئەو كۆمەك و هاوكارییانەی پێشكەشی پەنابەران كراون و ئەو پێداویستیانەی پێویستە بۆیان دابین بكرێت، پەرلەمانی یەكیەتیی ئەورووپا و رێكخراوی OCHA بە فەرمی بانگهێشتی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەكەن، وەك تاكە دەزگایەكی خێرخوازیی كوردی كە بەردەوام خزمەت و هاوكاریی پەنابەرانی لە هەرێمی كوردستان و ناوچەكەدا كردووە.
بۆ ئەو مەبەستەیش (ئاوات مستەفا) ئەندامی دەستەی كارگێڕیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بەشداری لە بەستنی كۆنگرەیەكی تایبەت بە رەوشی پەنابەران لە عێراق و هەرێمی كوردستان لە پەرلەمانی یەكیەتیی ئەوروپا لە شاری برۆكسڵدا دەكات كە رۆژی پێنجشەمە 4/6/2015 ئەنجام دەدرێت.
لەوبارەیەوە (ئاوات مستەفا) گوتی: "وەكو دەزگای خێرخوازیی بارزانی تێبینییەكانمان پێشكەشی كۆنگرەكە دەكەین، كە تێیدا رەوشی پەنابەران لە كوردستان دەخەینە روو. هەروەها باس لە كارو چالاكییە جۆراوجۆرەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە سەرەتای تەوژمی هاتنی پەنابەرانی رۆژئاوای كوردستان و باشورو ناوەڕاستی عێراق بۆ هەرێمی كوردستان دەكەین".
كار و چالاكییە بەردەوامەكانی دەزگای خێرخوایی بارزانی وایان كردووە، چەندین جار بانگهێشتی كۆنگرە و كۆنفڕانسە جیهانییەكانی تایبەت بە رەوشی مرۆیی و پەنابەران بكرێت و تێیاندا رۆڵ و كار و چالاكیی دەزگا بەرز نرخێنراوە.
پێش بەستنی كۆنگرەكەیش، (ئاوات مستەفا) ئەندامی دەستەی كارگێڕیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بە یاوەریی لەگەڵ (دلاوەر ئاژگەیی) نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە یەكیەتیی ئەورووپا دیدارێكیان لەگەڵ بەڕێز (هئی) پەرلەمانتاری یەكیەتیی ئەورووپا و جێگری لیژنەی پەیوەندییەكانی پەرلەمانی یەكیەتیی ئەورووپا ئەنجام دا و، تێیدا و نوێنەری دەزگای خێرخوازیی بارزانی زانیاریی دروستی سەبارەت بە رەوش و بار و گوزەرانی پەنابەران و پێویستییەكانیان خستە ڕوو و داوای كرد یەكیەتیی ئەورووپا ئاوڕێكی جیددیتر لە ئاوارەكانی هەرێمی كوردستان بدەنەوە.
هەر لەو دیدارەدا نوێنەری دەزگا پێشنیازی هاوكاری و هەماهەنگیی زیاتری نێوان رێكخراوە ناحكوومییەكان و یەكیەتیی ئەورووپای كرد بۆ كاری هاوبەش و هەماهەنگیكردنیان لە كاتی بەهاناوەچوونی پەنابەران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

_(2)__2024_05_14_h16m6s41__ER.jpg)

__2024_01_03_h15m1s20__ER.jpg)
