پاریس نیگه‌رانه و ده‌ڵێ: ده‌بێ به‌غدا ڕێز له به‌ڵێنه‌كه‌ی بگرێت

پاریس-KDP.info- وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نسا(لۆران فابیوس) هۆشداری دا له‌باره‌ی دابه‌شبوونی زیاتر و كوشتاری زیاتر له هه‌ریه‌ك عێراق و سووریا، كه ئه‌گه‌ر هاوپه‌یمانه‌تیی نێوده‌وڵه‌تی ئاماده‌یی زیاتری له‌و دوو وڵاته‌دا نه‌بێ.
(فابیۆس)، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه ئه‌م قسانه‌ی كردن و حكوومه‌تی عێراقیش دایه به‌ر ڕه‌خنه و گوتی، پار كه فه‌ره‌نسا بڕیاری دا ئاسمانه‌هێرشه‌كانی دژ به داعش به‌رپا بكات، له‌سه‌ر بنه‌مای پێكهێنانی حكوومه‌تی به‌غداوه بووه كه نوێنه‌رایه‌تیی ڕاستینه‌ی پێكهاته‌كانی بكات.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نسا بۆ یاسادانه‌رانی وڵاته‌كه‌ی ڕوونی كرده‌وه، ''هه‌ر ئه‌و به‌ڵێنه و گرێبه‌سته‌ی به‌غدا هانده‌ر بووه فه‌ره‌نسا به‌شداریی سه‌ربازی هه‌بێت، ڕاشكاوانه ده‌ڵێم ده‌بێ به باشی ڕێز له‌و گرێبه‌سته‌كه‌ی بگرێت.''
شیاوی باسه، بۆ خستنه به‌ر باسی ستراتیژی هاوپه‌یمانه‌تیی نێوده‌وڵه‌تی كه دژ به داعش پێك هێنراوه، فه‌ره‌نسا له پاریسی پایته‌خته‌كه‌ی، له 2ی یۆنیۆدا پێشوازی له نوێنه‌ری 22 وڵات ده‌كات.
زریان زیاد




