ماڵپه‌ڕێك: داعش هێور نابێته‌وه تا شیعه له نیوه دوورگه‌ی عاره‌بان وه‌ده‌ر نه‌نێ.. 21 كه‌س له سعوودیا كوژران

هه‌ولێر-KDP.info- دانیشتوانی سعوودیا و وه‌زیری ته‌ندروستییه‌كه‌یشی ده‌ڵێن، به هۆی ته‌قینه‌وه خۆكوژییه‌كه‌ی نێو مزگه‌وتێكی شیعه‌كانی ناوچه‌ی شه‌رقییه‌ی سعوودیا، 21 كوژراون، كه ڕێكخراوه تیرۆریسته‌كه‌ی داعش به‌رپرساره‌تیی ته‌قینه‌وه‌كه‌ی گرته ئه‌ستۆی خۆی.
شایه‌تحاڵانیش ده‌ڵێن، زیاتر له 150 كه‌س له مزگه‌وتی ئیمامی عه‌لی كه له گوندی قدێحه‌یه، بۆ نوێژ له‌و مزگه‌وته بوون كه ته‌قینه‌وه‌كه ڕوویداوه. وه‌زیری ته‌ندروستیی سعوودیایش ده‌ڵێ، 90 كه‌س بوونه‌ته قوربانی.
ماڵپه‌ڕی سایت كه چاودێریی ماڵپه‌ڕی جیهادییه‌كان ده‌كات و پێگه‌كه‌ی له ئه‌مه‌ریكایه، ئاماژه‌ی به به‌یاننامه‌یه‌كی داعش داوه كه، یه‌كێك له ئه‌ندامانی به ناوی (ئه‌بو عومه‌ر نه‌جدی)هێرشه خۆكوژییه‌كه‌ی ئه‌نجام داوه، ئه‌و پشتێنێكی بۆمبڕێژكراوی له خۆی به‌ستووه و كاتێكیش خۆی ته‌قاندووه‌ته‌وه 250 كه‌سی پێكاوه كه، كوژراو و برینداریان تێدایه.
ماڵپه‌ڕه‌كه هاوكات ئاماژه‌ی داوه كه، ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش، هێور نابێته‌وه تا شیعه له نیوه‌دوورگه‌ی عاره‌بان وه‌ده‌ر نه‌نێ.
له مانگی نۆڤه‌مبه‌ره‌وه كه كۆمه‌ڵه چه‌كدارێك هێرشیان كرده سه‌ر مه‌راسیمێكی شیعه‌كان له ناوچه‌ی شه‌رقییه كه زۆرینه شیعه‌مه‌زهه‌بن، ئه‌مه یه‌كه‌م هێرشه كه كه‌مینه‌كانی سعوودیا بكاته ئامانج.
ڕۆیته‌رز - زریان زیاد




