٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
میدیای کورستانی

كۆمپانیا زەبەلاحەكانی نەوت هەوڵی هاتن بۆ هەرێم دەدەن

سەرچاوە: Hewler

محەممەد تاهیر


لە تازەترین ڕووداوی نەوتی هەرێمدا، كۆمپانیای زەبەلاحی (ڕۆیاڵ شێل) كە لە بواری نەوتدا كار دەكات، ئامادەیی خۆی بۆ كاركردن لە هەرێمی كوردستاندا دەربڕیوە.

وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان هیچ وردەكارییەكی سەبارەت بە ڕێككەوتن لەگەڵ ئەو كۆمپانیایە نادركێنێت، تا ئەو كاتەی بڕیاری كۆتایی دەدرێت.

ئەو ڕووداوە پاش ئەوە دێت كە وەزیری سامانە سرووشتییەكانی هەرێم (ئاشتی هەورامی) ڕایگەیاند كە لە ماوەی 2 ساڵی داهاتوودا، 12 تا 15 كۆمپانیای گەورەی جیهانی دێن تا لە كەرتی وزەی هەرێمدا كار بكەن.

سەرچاوەیەك كە نەیوستووە ناوەكەی ئاشكرا بكرێت، بە ئاژانسی هەواڵی "ڕۆیتەرز"ـی ڕاگەیاندووە كە كۆمپانیای (ڕۆیاڵ شێڵ) ئێستا لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانی هەرێمدا لە گفتوگۆدایە.

كۆمپانیای (ڕۆیاڵ شێڵ) كۆمپانیایەكی هاوبەشی هۆڵەندی و بەریتانییە كە یەكێكە لە چەند كۆمپانیا یەكەمەكانی نەوت و غازی جیهان.

ئەوە یەكەم جار نییە كە (شێل) نیازی كاركردن لە كێڵگە نەوتییەكانی هەرێم دەدركێنێت، بەڵكوو پارساڵیش پاش گرێبەستە پڕهەڵایەكەی كۆمپانیای (ئێكسۆن مۆبیل)، هەوڵی دا كە لەگەڵ هەرێمدا گرێبەست بكات، بەڵام بە هۆی هەڕەشەكانی بەغدا سڵی كردەوە.

لەوەتەی هەرێم گرێبەستی هەڵكەندنی 6 بیری لەگەڵ كۆمپانیای زەبەلاحی (ئێكسۆن مۆبیل)ـی ئەمەریكایی مۆر كردووە، بەغدا هەڕەشەی ئەوە دەكات كە هەر كۆمپانیایەك كار لەگەڵ هەرێمدا بكات، لە كاركردن لە بەغدا ببێبەش دەبێت.

كۆمپانیای (شێل) گرێبەستێكی 17 ملیار دۆلاریی لە بواری غازدا لەگەڵ بەغدا مۆر كردووە. لە بەرانبەردا گرێبەستەكانی هەرێم وێڕای پێدانەوەی خەرجیی بەرهەمهێنان، پشكی 10% لە بەرهەمهێناندا بە كۆمپانیاكان دەدەن.

هەرچەندە پارەی نەوتی هەرێم دەچێتەوە بودجەی گشتیی عێراقەوە، بەڵام حكوومەتی فیدڕاڵ، خۆی لە پێدانی خەرجیی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێم بە كۆمپانیا بیانییەكان دەپارێزێت تا كۆمپانیاكان ناچار بكات لەگەڵ هەرێمدا كار نەكەن. لە بەرانبەردا وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانی هەرێم چەند جارێك هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی ڕاگرتووە.

تا ئێستا هەرێم زیاتر لە 50 گرێبەستی لەگەڵ كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكاندا مۆر كردووە. 4 لەو كۆمپانیایانە لە ڕیزی گەورەترین 10 كۆمپانیای جیهاندان.

بۆ كۆتاییهێنان بەو ململانێیانە، 13ـی ئەم مانگە ڕێككەوتنێك لە نێوان بەرپرسە باڵاكانی وزەی هەرێم و بەغدا مۆر كرا كە بە پێی ئەو ڕێككەوتنە 9 خاڵییە، بەغدا لە دوو سلفەدا 1 تریلیۆن دیناری پارەی كۆمپانیاكان دەدات. لە بەرانبەریشدا هەرێم ڕۆژانە 140 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی دەرەوە دەكات و تا كۆتایی ئەمساڵ دەیگەیەنێتە 200 هەزار بەرمیل لە هەر ڕۆژێكدا.

بە پێی ئەو ڕێككەوتنە، لیژنەیەك لە بەرپرسانی باڵای وزەی عێراق و هەرێم پێك هاتووە تا ڕەشنووسی یاسایەك بۆ نەوت و غازی عێراقیش دیاری بكەن.

سێ ڕەشنووسی یاسای نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراقن كە تا ئێستا لایەنەكان لەسەر ئەوە ڕێك نەكەوتن كە یەكێكیان بۆ گفتوگۆكردن بنێرنە نێو هۆڵی پەرلەمان.

بڕیاردەری لیژنەی نەوت و غازی پەرلەمان
ی عێراق (قاسم محەممەد) دەڵێت: "كورد دەیەوێت بە پێی دەستوور، دەستەڵاتی بەڕێوەبەردنی ئەو سامانەیان هەبێت، بەڵام وەزارەتی نەوت دەیەوێت دەستەڵاتەكە تەنیا لە دەست ناوەنددا بێت."

وا پێشبینی دەكرێت كە بەغدا لە سیستەمی فیدڕاڵی و دەستەڵاتی كوردان پەشیمان بووبێتەوە، بەڵام سەرۆكی پێشووی لیژنەی نەوت و غازی پەرلەمانی عێراق دكتۆر (عەلی بەلۆ) ئاشكرای دەكات كە ترسی بەغدا ئەوەندەی لە (بەسڕا)ـیە، ئەوەندە لە هەرێم نییە. دكتۆر (بەلۆ) كە ماوەی چوار ساڵ لەگەڵ بەرپرسانی وزەی بەغدا هاموشۆی كردووە، دەڵێت: "لە دانیشتنە دۆستانەكانماندا، بەرپرسانی بەغدا ئاشكرایان كردووە كە ئەوان لە ترسی جیابوونەوەی (بەسڕا) لەگەڵ ئەوەدا نین كە دەستەڵاتی نەوت ببێتە لامەركەزی." بە گوتەی دكتۆر (عەلی) ئەوان پێیان وایە (بەسڕا)ـیش چاو لە هەرێم دەكات و داوای مافی گرێبەستكردن و بەڕێوەبردنی نەوت دەكات و پاشانیش سەربەخۆیی خۆی لە عێراق ڕادەگەیەنێت."

65%ـی نەوتی عێراق لە (بەسڕا) بەرهەم دەهێندرێت و 31%ـی یەدەكی نەوتی عێراق لە هەرێمە.

لە ماددەی 111ـی دەستووری عێراقدا هاتووە كە نەوت و غاز سامانی هەموو گەلانی عێراقە، بەڵام لە ماددەی 112ـدا ئاماژە بەوە دراوە كە ئەو سامانە لە لایەن حكوومەتی فێدڕاڵ و هەرێم و پارێزگا بەرهەمدارەكانەوە بە ڕێوە دەچێت و سیاسەتەكانی بۆ دادەندرێت.

پاشخان
چوار كۆمپانیای نەوت و غاز كە لە ڕیزی 10 گەورەكۆمپانیای جیهانن، لە هەرێمدا كار دەكەن. ئەو كۆمپانیایانە بریتین لە «ئێسكۆن مۆبیل» و «جێڤرن»ـی ئەمەریكایی. «تۆتاڵ»ـی فەڕەنسی و «گازپرۆم»ـی ڕووسی.

جگە لە كۆمپانیای «ڕۆیاڵ شێڵ»ـی هۆڵەندی، دوو كۆمپانیای «ستەیت ئۆیل»ـی نەرویجی و «كۆنۆكۆ فلیپس»ـی ئەمەریكاییش بەنیازن لە هەرێمدا وەبەرهێنان بكەن.

شێوازی گرێبەستكردنی بەغدا لەگەڵ كۆمپانیاكان تەنیا خزمەتگوزارییە، بەڵام گرێبەستەكانی حكوومەتی هەرێم پشكێك لە بەرهەمهێنان بە كۆمپانیاكان دەدات كە لە نێوان 9% تا 12%ـە.

هەواڵی پەیوەندیدار