٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
میدیای ده‌ره‌وه‌

ئاشتی هەورامی ته‌واوی ستراتیژی حكوومەتی هەرێم لە بواری نەوت و غازدا ئاشكرا دەكات

سەرچاوە: Reuters

 

بەرپرسانی حكوومەتی هەرێم پێیان وایە كوردستان لە ماوەی چەند ساڵی داهاتوودا لە بواری وزەوە دەبێتە ناوچەیەكی زۆر گرنگی جیهان.

ژمارەیەكی زۆر لە كۆمپانیا گەورەكانی بواری نەوت ڕوو لەو هەرێمە دەكەن بۆ مەبەستی كاری وەبەرهێنان- لەوانەیش ئەو كۆمپانیایانەی پێدەچێت لە پرۆژەی كێڵگە نەوتییەكانی كەركووك پاشەكشە بكەن.

حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش لە هەوڵی جێبەجێكردنی پلانەكەیدایە، ئەویش دانانی بۆریە نەوتێكە بۆ مەبەستی گواستنەوەی نەوتی كوردستان بۆ توركیا و لەوێشەوە بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا.

سیاسەتی نەوتی حكوومەتی هەرێم سەركەوتووە
وەزیری سامانە سروشتیەكانی حكوومەتی هەرێم ئاشتی هەورامی دەڵێت: پێشكەوتنەكانی بواری نەوت سودیان بۆ هەموو خەڵكی عێراق هەیە، بەڵام دەبێت ئەوەیش بزانین كە سیاسەتی هەنوكەیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەوە پێشان دەدات، كە هەولێر خۆی كۆنترۆڵی نەوتەكەی دەكات، كە پێشبینی دەكرێت نزیكەی 45 ملیار بەرمیل بێت.

كێشەی نێوان حكوومەتی ناوەندی و حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە سەر نەوت و خاك ماوەی چەندین ساڵە بەردەوامە، بەڵام هەفتەی ڕابردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی ناوەندی گەیشتنە ڕێككەوتنێك بۆ مەبەستی خەرجكردنی پارەی نەوتی ئەو كۆمپانیایانەی لە هەرێمی كوردستاندا ئیش دەكەن.

لە بەرامبەریشدا، بەرپرسانی حكوومەتی هەرێم ڕەزامەندییان پێشان دا، بۆ ئەوەی ئەم مانگە بڕی 140 هەزار بەرمیل نەوت ڕەوانەی دەرەوە بكەن و لە مانگی داهاتوویشەوە ئەم بڕە نەوتە بۆ 200 هەزار بەرمیل بۆ هەر مانگێك بەرز بكەنەوە.

بەرهەمی نەوتی هەرێم زیاد دەكات
پێشبینی دەكرێت، پێش هاتنی ساڵی 2013 بەرهەمی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ 250 هەزار بەرمیل لە ماوەی یەك ڕۆژدا بەرز بێتەوە و ئەم نەوتەیش لە ڕێی ئەو بۆڕیەوە ڕەوانەی دەرەوە دەكرێت، كە لە ژێر كۆنترۆڵی حكوومەتی ناوەندیدایە.

لە سەرەتای ئەمساڵیشدا، ئاشتی هەورامی پلانێكی ئاشكرا كرد، كە تایبەت بوو بە دانانی بۆڕیی نەوت بۆ مەبەستی گواستنەوەی نەوتی هەرێمەكەی بۆ توركیا، چونكە پێشبینی دەكرێت، نەوتی كوردستان پێش ساڵی 2025 بگاتە نزیكەی 1 ملیۆن بەرمیل نەوت بۆ هەر ڕۆژێك. ئاشتی هەورامی ئێستایش لە سەر ئەو قسانەی سوورە.

ئەو بە ئاژانسی هەواڵی "رۆیتەرز"ی ڕاگەیاند:"نەوتی كوردستان ڕەوانەی دەرەوە دەكرێت و داهاتەكەیشی بۆ هەموو هاوڵاتیانی عێراق دەبێت، نەوەك تەنیا بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان".

هەورامی پاش پێشكەشكردنی گوتەیەك لە كۆنفرانسی وزەی "فاینانشیاڵ تایمز" لە شاری "لەندەن" ڕایگەیاند:"بۆمان ڕوون بووەتەوە، كە پێویستیمان بە وەبەرهێنان هەیە، بۆ ئەوەی بتوانین توانای بەرهەمی خۆمان بەرز بكەینەوە و ئێستایش خەریكی ئەو كارەین. ئێمە سەركەوتنی گەورەمان بەدەست هێناوە و لە سەر ئەم پرۆگرامەیش بەردەوام دەبین".

كۆمپانیا گەورەكانی بواری نەوت و هەرێمی كوردستان
ڕێككەوتنەكەی هەفتەی ڕابردوو تەنیا بەشێك لەو كێشەیە چارەسەر دەكات، كە لە نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی بەغدادا هەیە.

لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا ژمارەیەكی زۆر لە كۆمپانیا گەورەكانی بواری نەوت، لەوانەیش "ئیكسن مۆبیل" و "چێڤرن"ـی ئەمەریكی و "تۆتاڵ"ـی فەرەنسی ڕێككەوتنیان لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ مەبەستی دەرهێنانی نەوت واژۆ كردووە. حكوومەتی ناوەندیش ئەم ڕێككەوتننانە بە نایاسایی ناودەبات.

سەركەوتنی ئەزمونی هەرێمی كوردستان لە بواری نەوتەوە لە مانگی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوودا دەنگی دایەوە، ئەوەیش كاتێك كۆمپانیای "ئیكسن مۆبیل" چووە هەرێمەكەوە بۆ مەبەستی كاری وەبەرهێنان لە بواری نەوتدا.

ئاشتی هەورامی گوتیشی لە ماوەی داهاتوودا ژمارەیەكی زیاتر كۆمپانیای گەورە و زەبەلاحی بواری نەوت دەچنە كوردستانەوە بۆ مەبەستی دەرهێنانی نەوت.

ئێستا كۆمپانیای "ستەیت ئۆیڵ"ـی نەرویجی و كۆمپانیای "كۆنۆكۆ فلیپس"ـی ئەمەریكی لە هەوڵی ئەوەدان هەمان هەنگاوی "ئیكسن مۆبیل" و "چێڤرن" هەڵگرن و وەبەرهێنانی خۆیان لە بواری نەوتەوە ببنە هەرێمی كوردستان.

چەند سەرچاوەیەكیش ئاشكرایان كرد، كە كۆمپانیای "رۆیەڵ دەچ شێڵ" هەمان جۆرە پلانی هەیە.

ئاشتی هەورامی دەڵێت:"پێشبینی ئەوە دەكەم، لەمساڵدا ژمارەیەكی زیاتر كۆمپانیای بواری نەوت بێنە لامان بۆ مەبەستی گفتوگۆكردن لەگەڵماندا- ئیدی ئەگەر بێت و بە شێوەی هەماهەنگی بێت لەگەڵ كۆمپانیاكانی دیكەدا یان لێدانی بیرە نەوتی نوێ بێت یان هەر شتێكی دیكە".

هەورامی باس لەوەش دەكات كە لە ماوەی 2 ساڵی داهاتوودا نزیكەی 12 تاكو 15 كۆمپانیای گرنگ شێلگیرانە دەست بە ڕاپەڕاندنی ئیش و كاری خۆیان لە بواری نەوتدا دەكەن.


گرێبەست بۆ بەرەوپێشبردنی بەرهەمی نەوتیەكێك لەو بیرە نەوتانەی پێدەچێت گرێبەستی بۆ واژۆ بكرێت بۆ مەبەستی زیاتركردنی بەرهەمەكەی لە "خۆرمەڵە"یە. ئەم بیرە نەوتە لە لایەن گرووپی "كار"ی كوردیەوە لێدراوە و ئێستا توانای بەرهەمهێنانی 85 هەزار بەرمیلی لە ماوەی یەك ڕۆژدا هەیە، بەڵام پێشبینی دەكرێت ئەم بەرهەمە بەرز بێتەوە.

ئاشتی هەورامی لەو بارەوە دەڵێت:"پلانی ئەوەمان هەیە ئەم بەرهەمە بۆ 250 هەزار تاكو 300 هەزار بەرمیل لە ماوەی یەك ڕۆژدا بەرز بكەینەوە. ئەمە كارێكی ئاسان نیە و پێدەچێت ماوەی 3 تاكو 4 ساڵی پێویست بێت، بەڵام ئەوە بەشێكە لە پلانی ئێمە".

هەورامی گوتیشی:"كێڵگەی نەوتی "خۆرمەڵە" ئاڵۆزە و چەندین كێشەی تەكنیكیشی هەیە. هەربۆیەیش پێویستی بە وەبەرهێنان و تەكنەلۆژیای زۆر باش و ڕێك و پێك بەڕێوەبردنی كاروبارەكان هەیە".

چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا
وەزیری سامانە سروشتییەكانی حكوومەتی هەرێم پێی وایە ڕێككەوتنی هەولێر و بەغدا بۆ مەبەستی دابینكردنی خەرجی كۆمپانیاكانی بواری نەوتی هەرێمی كوردستان، دەبێتە یارمەتیدەرێكی زۆر باش بۆ لێك تێگەیشتنی زیاتر.

ئەو لەو بارەوە دەڵێت:"پێم وایە كێشەكە چارەسەر دەكرێت.

هەموو كەس سوپاسی ئەو لایەنە دەكات، كە بەرهەمی نەوت زیاتر دەكات، چونكە ئەم كارە لە بەرژەوەندی خەڵكی عێراقدایە".

هاوكات حكوومەتی بەغدا لەگەڵ كۆمپانیای "بی پی" دەستی بە دانوستان كردووە، بۆ مەبەستی نۆژەنكردنەوە و بەرەو پێشبردنی كێڵگە نەوتییەكانی كەركووك. كێڵگە نەوتییە كۆنەكانی كەركووك بە سەر 3 ناوچەدا دابەش بوون: خۆرمەڵە، بابا و ئاڤانا.

خۆرمەڵە دەكەوێتە ناو سنوری پارێزگای هەولێرەوە و بە گوێرەی ڕێككەوتنامەیەكی ساڵی 2008ی نێوان حكوومەتی ناوەندی و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش، ئەم كێڵگە نەوتییە لە لایەن هەولێرەوە بەڕێوە دەبرێت.

هەربۆیەیش پلانەكەی حكوومەتی بەغدا بۆ نۆژەنكردنەوەی كێڵگە نەوتییەكانی كەركووك "خۆرمەڵە" لە خۆی ناگرێت.

ئاشتی هەورامی هەروەها دەڵێت، حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەیە سوود لە غازی كێڵگەی نەوتی "ئاڤانا" وەربگرێت، بەڵام حكوومەتی هەرێم بۆ ئەم كارە سەرەتا ڕاوێژ لەگەڵ پارێزگاری كەركووك و حكوومەتی فیدراڵیدا دەكات، چونكە ئەوە كارە دەستووریەكەیە.


زیاتركردنی بەرهەمی غاز و كارەبا و سووتەمەنیوەزیری سامانە سروشتیەكانی حكوومەت هەرێم ئەوەشی نەشاردەوە، كە كوردستان دەیەوێت بەرهەمی غازی خۆی زیاتر بكات بۆ ئەوەی لەو ڕێگایەوە پێداویستییە ناوخۆییەكانی دابین بكات.

پاشانیش حكوومەتی هەرێم پلانی ئەوەی هەیە، توانای بەرهەمی وزەی كارەبا و سوتەمەنی خۆی زیاتر بكات و تەنانەت كارەباش بداتە پارێزگاكانی دیكەی عێراق.

ئاشتی هەورامی گوتیشی، ناردنە دەرەوەی نەوت و غاز بۆ توركیا و وڵاتانی دیكەی جیهان لە ساڵی داهاتوو یان 2 ساڵی داهاتوودا دەست پێ دەكات.

هەنگاوە سەرەتاییەكان بۆ ناردنە دەرەوەی نەوت و غازی هەرێمی كوردستان دەستیان پێكردووە. گرووپی "كار" دەستی بە دانانی بۆرییەك كردووە كە غازی "خۆرمەڵە" بۆ وێستگەیەكی كارەبای دهۆك دەگوازێتەوە.

ئاشتی هەورامی دەڵێت: ئەو بۆڕیە پێش كۆتایی ئەمساڵ تەواو دەبێت و تاكو ئەو كاتەیش ئەوەندە گاز لە كێڵگەی نەوت و غازی خۆرمەڵە بەرهەم دەهێنرێت، كە بۆ تێركردنی پێداویستیەكانی ئەو وێستگەیەی كارەبا بەس بێت.

گەیاندنی نەوتی كوردستان بە توركیا
وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان ئەوەیشی نەشاردەوە، كە تاكو ئێستا دەست بە دانانی ئەو بۆریە نەكراوە، كە بڕیارە لە نێوان كێڵگەی نەوتی "خۆرمەڵە" و "فیشخاپور"دا دابنرێت بۆ مەبەستی گواستنەوەی نەوتی ئەو كێڵگە نەوتییە بۆ دەرەوە، بەڵام ئەوەیشی نەشاردەوە، كە ئەو پلانە لە ماوەی داهاتوودا دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە و پێش ساڵی 2014ـیش تەواو دەبێت.

ئاشتی هەورامی لەو بارەوە گوتی "تاكو ئێستا داوامان لە كەس نەكردووە ئەو بۆڕیە دابنێت.

سەیری پێشكەوتنەكانی ناوەوەی توركیا دەكەین دەربارەی دانانی ئەو بۆریە نەوتە. هەر كاتێك دانانی بۆریەكە لە ناو توركیا و لە هەرێمی كوردستانیش تەواو بوو، ئەو كاتەیش پرۆژەیەكی زۆر گەورە دەست پێ دەكات".

لە كاتی ئێستایشدا بڕێكی كەم لە غازی شلكراوە ڕەوانەی توركیا دەكرێت و هەرێمی كوردستانیش لە بەرامبەریدا دایزڵ و كیرۆسین لە حكوومەتی توركیا وەردەگرێت. ئەمە لە كاتێكدایە حكوومەتی ناوەندیش دەڵێت ناردنە دەرەوەی نەوت و غاز تەنیا مافی حكوومەتی ناوەندییە. 

له‌ سایتی "هه‌ولێر" وه‌رگیراوه‌

ئامادەكردنی: پێگ ماكی 

هەواڵی پەیوەندیدار