٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
وتەبێژی فەرمی پارتی

نووسینگەی گوتەبێژی پارتی بۆ فایەق گوڵپی: پارتی یەكدەنگ و یەكڕەنگ و یەكگوتارە

سەرچاوە: KDP.info

تایبەت-KDP.info-  نووسینگەی گوتەبێژی پارتیی دیموکراتی کوردستان لەسەر لێدوانەکەی (فایەق گوڵپی) ڕوونکردنەوەیەکی ڕاگەیاند و ئەو قسانەی (گوڵپی) لە میانی ڕادیۆی خەڵک کردوونی بە چەواشەکارانە ناو دەبات، چونکە پارتی دیموکراتی کوردستان یەکدەنگ و یەکڕەنگ و یەکگوتارە. دووپاتیشی دەکاتەوە، شێوازی هەندێك كەس لە سەركردایەتیی پەكەكە بۆ سەپاندنی سیاسەتێكی ناڕەوا كە یەكڕیزیی نەتەوەیی پەرتەوازە بكات و، دژی بەرژەوەندییە باڵاكانی هەرێمی كوردستان بێ، ئەوە مایەی قبووڵ نییە.


دەقی ڕوونکردنەوەی نووسینگەی ڕاگەیاندنی گوتەبێژی پارتیی دیموکراتی کوردستان:

بەڕێز فایەق گوڵپی هاوسەرۆكی پێشووی پارتی چارەسەر لە میانی بەشداری لە بەرنامەی 'گەرمەباس'ـی ڕادیۆی خەڵكدا، بۆچوونێكی چەواشەكارانەی خستووەتە ڕوو كە گوایە لەناو پارتی دیموكراتی كوردستاندا، ئاراستەیەك هەیە دژایەتیی پەكەكە دەكات و، ئەو باڵەش پڕۆژەی بازرگانی و ئابووریی لەگەڵ توركیا هەیە.
پێش هەموو شتێك پارتی دیموكراتی كوردستان، وەك حزبێكی خاوەن‌مێژووی پڕ لە شانازی و، خاوەن خەبات و تێكۆشان، هەموو كارەكانی لە چوارچێوەی یاسای حزبەكان پەیڕەو كردووە و، وەك حزب هیچ پرۆژەیەكی بازرگانی و ئابووریی لەگەڵ هیچ وڵاتێكدا نییە؛ بەڕێزیان ئەوەیان بیر چووەتەوە یان خۆیان لێ‌ بێئاگا دەكەن كە ئەو پەیوەندیانەی لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر لە هەر بوارێكدا هەبن لە چوارچێوەی كاری حكوومەتی هەرێمی كوردستاندایە كە ئێستا حكوومەتێكی هاوبەشی ئیئتیلافییە و، هەموو حزبەكان بە قەبارەی خۆیان لە جومگەكانی دەستەڵاتدا بەشدارن و لەناو ئەو كابینەیەدا هەموویان ئاگاداری وردەكارییەکانی هەموو كارێكی كابینەی هەشتەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستانن.
هەربۆیە بەڕێز فایەق گوڵپی و، تەواوی هاووڵاتیان دڵنیا دەكەینەوە كە پارتی دیموكراتی كوردستان نەك هەر باڵ و ئاراستەی جیاوازی نییە، بەڵكو لەو كاتە ناسك و هەستیارە مێژووییەی كە گەلەكەمان پێیدا تێپەڕ دەبێت و، هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە بەرەكانی جەنگدا بەوپەڕی شانازی و خۆبەختكردن لەبری جیهانی ئازاد و دیموكرات هاوشانی هاوپەیمانان و هێزەكانی دیكەش ڕووبەرووی داعش بوونەتەوە، ئەمڕۆ لە هەموو كات زیاتر پارتی دیموكراتی كوردستان یەكدەنگ و یەكڕەنگ و یەكگوتارە و هەموومان پاڵپشت و پشتیوانی تەواوی ڕێزدار سەرۆكی هەرێمی كوردستانین لەپێناو پاراستنی گیانی تەبایی و برایەتی و پێكەوەژیانی نێوان پێكهاتەكان و، سەرخستنی ئەزموونی دیموكراسی و بەرزكردنەوەی پێگەی هەرێمی كوردستان لە ئاستە نێودەوڵەتییەكاندا.
دووپاتی دەكەینەوە پارتی دیموكراتی كوردستان هەمیشە خوازیاری پەیوەندیی ئاساییە لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە یەكتری لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەكان و، پەیوەندیشمان لەگەڵ توركیا بە شایەدی خودی بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەپێناو هێنانە كایەی سەقامگیری و پشتیوانیی پرۆسەی ئاشتی و دیموكراسی بووە، ئەوە دووپات دەكەینەوە شێوازی هەندێك كەس لە سەركردایەتیی پەكەكە بۆ سەپاندنی سیاسەتێكی ناڕەوا كە یەكڕیزیی نەتەوەیی پەرتەوازە بكات و، دژی بەرژەوەندییە باڵاكانی هەرێمی كوردستان بێ، ئەوە مایەی قبووڵ نییە و، پێویستە هەموومان لەژێر ئاڵای پیرۆزی كوردستان گیانی برایەتی پتەوتر بكەین و، لە ئامانجە ستراتیژیەكانی گەلەكەمان لا نەدەین.

                                     نووسینگەی ڕاگەیاندنی
گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان
           11/2/2015

هەواڵی پەیوەندیدار