گۆڤاریWorld Policy:یهكگرتووی كورد، وا دهكات له دهرهنجامی بههاری عهرهبیدا ببنه خاوهنی دهوڵهتی سهربهخۆ

سیاسەتی ناوخۆیی و هەرێمایەتی كاریگەریی گەورەی لە سەر پرسی دروستبوونی دەوڵەتێكی سەربەخۆی كـوردی دەبێت. لەوەیش زیاتر، هەرێمی كوردستان لە بواری هەبوو
وەرگێڕانی: عەلی حەسەن زەڵمی
ئازادە پورزەند و ڤانێسا پارخ ڕاپۆرتێكیان لە گۆڤاری وێڵد پۆڵیسی واتە سیاسەتی جیهانـی ئەمەریكیدا بڵاو كردووەتەوە و تیایدا هاتووە، بەهاری عەرەبی بووە هۆی لێك هەڵوەشانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقیا- لە هەردوو بواری سیاسی و ئیتنیەوە.
ئەمەیش سەرلەنوێ دەرفەتێكی زێڕینی بۆ كوردەكان ڕەخساندەوە، ئەویش هەوڵدانە بۆ مەبەستی بوون بە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان.
ئۆتۆنۆمیی ڕۆژئاوای كوردستان
ئازادە پورزەند و ڤانێسا پارخ نووسیویانە، كوردانی ڕۆژئاوای كوردستان تەواوی هەوڵی خۆیان خستووەتە گەڕ، بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی سیستەمێكی ئۆتۆنۆمیدا مافەكانیان دەستبەر بكەن.
ئێستا كوردەكانی ئەو وڵاتە كاروباری ناوچەكانی خۆیان بەڕێوە دەبەن و ئاڵای كوردستانیش لە شار و شارۆچكەكانی سووریادا دەشەكێتەوە. پەیەدە و چەكدارە كوردەكانی دیكە لە لایەكەوە ئارامی و ئاسایش بۆ هاووڵاتییە كوردیەكان دابین دەكەن و لە لایەكی دیكەیشەوە ڕێگا لە هەبوون و مانەوەی سەربازانی سوپای سووریای ئازاد لە ناوچە كوردییەكاندا دەگرن.
مانەوەی ئەم ئەزموونەی ڕۆژئاوای كوردستانیش بەم جۆرەی ئێستا یارمەتیدەرێكی زۆر باشە بۆ ئەوەی لە كۆتاییدا كوردەكانی سووریایش ببنە خاوەنی هەرێمێكی ئۆتۆنۆمیی تایبەت بە خۆیان.
خۆ ئەگەر بێت و ئەم هەنگاوەیش سەركەوتن بەدەست بهێنێت و پەیوەندییەكی بەهێز لە نێوان بەرپرسانی ڕۆژئاوای كوردستان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە باشووری كوردستان دروست بێت، ئەو كاتە دەرفەتێكی زۆر باش بۆ كوردەكان دەڕەخسێت بۆ ئەوەی ببنە خاوەنی دەوڵەتی خۆیان.
رۆژئاوای كوردستان قورسایی خۆی هەیە
ئازادە پورزەند و ڤانێسا پارخ لە درێژەی ڕاپۆرتەكەیاندا نووسیویانە، ڕۆژئاوای كوردستان قورساییەكی تایبەت بە خۆی هەیە و هەر ئەمەیش وای كردووە حكوومەتی سووریا و ئۆپۆزسیۆنی حكوومەتیش تەواوی هەوڵی خۆیان بخەنە گەڕ بۆ مەبەستی بەدەستهێنانی پشتیوانیی كوردەكان.
كوردەكان تاكو ئێستایش خاوەنی هەڵوێست و سیاسەتی تایبەت بە خۆیانن و ئەوەیش ئۆپۆزسیۆنی نیگەران كردووە.
بەرپرسی سوپای سووریای ئازاد ڕیاز ئەلئەسەد دەڵێت، ئامانجێكی سەرەكی سوپای سووریای ئازاد پاراستنی یەكپارچەیی خاكی سووریایە. ئەو بەرپرسە سەربازیەی ئۆپۆزسیۆن پێی وایە ئەگەر بێت و یەكێك لە پێكهاتە ئیتنیەكانی سووریا ببێتە خاوەنی هەرێمێكی ئۆتۆنۆمیی تایبەت بە خۆی، ئەو كاتە پێكهاتەكانی دیكەیش داوای هەرێمی تایبەت بە خۆیان دەكەن و بە بڕوای ناوبراویش، ئەمە بە واتای پارچە پارچەبوونی سووریا دێت.
چەند لایەنێكیش پێیان وایە توركیا لە بەهێزبوونی دەسەڵاتی كورد لە ناوچەكەدا نیگەرانە و هەربۆیەش لە ڕێی سوپای سووریای ئازادەوە ڕێگا بە كوردانی ڕۆژئاوای كوردستان نادات بە مافە دەستووریەكانیان بگەن.
رۆڵی كارای حكوومەتی هەرێمی كوردستان
نووسەرانی ڕاپۆرتەكە هەروەها دەڵێن، كوردەكانی باشووری كوردستان لە ساڵی 2005ـەوە توانیویانە هەرێمێكی ئۆتۆنۆمیی تایبەت بە خۆیان پێك بهێنن و بەشێوەیەكی سەركەوتووانەیش كاروباری ناوچەكەی خۆیان بەڕێوە ببەن. ئەم ئەزموونەیش بووەتە هاندەرێكی زۆر باش بۆ كوردەكانی ڕۆژئاوای كوردستان.
گۆڕانكارییەكانی سووریا بە لای بەرپرسانی هەرێمی كوردستانەوە جێی بایەخن و هەربۆیەش حكوومەتی هەرێمەكە بە چەندین شێوە یارمەتی كوردەكانی سووریا دەدات. تەنانەت سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش مەسعوود بارزانی بوو، كە توانیی پەیەدە و ئەنجوومەنی نەتەوەیی كوردی سووریا لە ژێر چەترێكدا كۆ بكاتەوە.
كوردانی ڕۆژئاوای كوردستان هێشتا بە مافی دەستووری خۆیان نەگەیشتوون و گەیشتن بەو ئامانجەیش پشت بە چەند گۆڕانكارییەك دەبەستێت، لەوانەیش گۆڕانكاریی ناو سووریا و ناوچەكە- بە تایبەتی گۆڕانكاری لە توركیا و ئێران و عێراقدا.
باكووری كوردستان و پرۆسەی كرانەوەی دیموكراسییەت
نووسەرانی ئەم ڕاپۆرتە دەڵێن: كوردەكانی باكووری كوردستان وەكو جاران ناچەوسێنرێنەوە و لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوویشدا حكوومەتی ئەنقەرە چەند هەنگاوێكی بۆ مەبەستی دابینكردنی مافەكانیان ناوە- بۆ نمونە ئێستا بەكارهێنانی زمانی كوردی لە چەندین شوێن قەدەغە نییە.
سەرەڕای ئەوەیش، پەكەكە تاكو ئێستا لە سەر ئاسایشی نەتەوەیی توركیا هەڕەشەیە. هەبوونی پەیەدەیش لە ڕۆژئاوای كوردستاندا بەرپرسانی توركیای نیگەران كردووە، چونكە بەرپرسانی ئەنقەرە پێیان وایە شەڕوانانی پەكەكە دەتوانن بچنە ناو خاكی سووریاوە و لە ناوچە كوردییەكانی ئەو وڵاتەدا مەشق و ڕاهێنان بكەن.
لەوەیش زیاتر، بەرپرسانی توركیا ترسی ئەوەیان هەیە، پەیوەندییەكی زۆر بەهێز لە نێوان كوردەكانی ڕۆژئاوای كوردستان و باشووری كوردستاندا دروست بێت.
سیاسەتی ئێران بەرامبەر بە كورد
ئازادە پورزەند و ڤانێسا پارخ نووسیویانە، تەنیا بەرپرسانی توركیا نین لە بەهێزبوونی پێگەی كورد دەترسن، بەڵكو بەرپرسانی ئێران و عێراقیش هەمان جۆرە ترسیان هەیە.
حكوومەتی عێراق ئاگاداری هێز و پێگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە، هەروەكو چۆن لە بازرگانیكردنی سەربەخۆییانەی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی توركیا و وڵاتانی دیكەی ناوچەكەدا دەبینرێت.
لەو تەنگژەیەیشدا ڕووبەڕووی سووریا بووەتەوە، حكوومەتی بەغدا پشتیوانی لە بەشار ئەسەد دەكات و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش سیاسەتێكی پێچەوانەی بەغدا پەیڕەو دەكات.
نووسەران دەڵێن، ڕاستە دەستووری كۆماری ئیسلامیی ئێران دان بە هەبوونی گەلی كورددا دەنێت، بەڵام حكوومەتی ئێرانیش لە چەندین ساڵی ڕابردوودا سیاسەتێكی توندی بەرامبەر ئەو پێكهاتەیە پەیڕەو كردووە و بە چەندین شێوە چەوساندونیەتیەوە.
بەرپرسانی ئێران هەمیشە بوارێكی ئاسایشی توندیان بە سەر ناوچە كوردییەكاندا سەپاندووە.
بەرپرسانی كۆماری ئیسلامیی ئێران بە وردی چاودێریی بارودۆخی ناوچەكە دەكەن. ئەوان لە بارودۆخی عێراق نیگەرانن، بەڵام پێدەچێت لە كۆتاییشدا پەنا بۆ ئەوە ببەن، كە پەیوەندییەكی بەهێزیان لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا هەبێت.
حكوومەتی ئێران پشتیوانی لە بەشار ئەسەد دەكات. هەربۆیەیش پێدەچێت بە سەركەوتنی ئەزموونی كوردەكانی ڕۆژئاوای كوردستان خۆشحاڵ بێت، چونكە ئەو هەنگاوە بە واتای بێهێزبوونی ئۆپۆزسیۆنی سووریا دێت.
ئەگەریش باس لە بارودۆخی ناوخۆی ئێران بكەین، ئەوا حكوومەتی ئەو وڵاتە بە هەموو شێوەیەك دژی هەر جۆرە خۆپێشاندان و ناڕەزاییەكی پێكهاتە ئیتنیكەكانە، لەوانەیش كوردەكان و ئازەرییەكان.
هەرچەندە جۆرە پەیوەندییەكی ناڕاستەوخۆش لە نێوان گرووپە كوردییەكانی ناو ئێران و ناوچەكەدا هەیە، بەڵام دەبێت ئەو ڕاستیە لەبەرچاو بگرین، كە كاتێك كوردەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەتوانن پەیوەندی بە كوردەكانی دیكەی ناوچەكەوە بكەن بۆ هەبوونی دەوڵەتێكی سەربەخۆی كوردی، كە حكوومەتی ئێستای ئێران نەمێنێت.
دەوڵەمەندیی كوردستان لە بواری نەوت و غازدا
ئازادە پورزەند و ڤانێسا پارخ نووسیویانە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستیانەی لەسەرەوە باس كران دەبێت بڵێین، سیاسەتی ناوخۆیی و هەرێمایەتی كاریگەریی گەورەی لە سەر پرسی دروستبوونی دەوڵەتێكی سەربەخۆی كوردی دەبێت.
لەوەیش زیاتر، هەرێمی كوردستان لە بواری هەبوونی سامانی سرووشتییەوە دەوڵەمەندە و پێدەچێت ئەمەیش كاریگەریی لە سەر هەڵوێستی وڵاتانی ناوچەكە هەبێت.
بۆ نموونە، یەكێك لە هۆكارەكان وای كرد، حكوومەتی ئەمەریكا لە ساڵی 2005دا پشتیوانی لە دامەزراندنی هەرێمی كوردستان بكات، پەیوەندیی بە دەوڵەمەندی هەرێمەكەوە هەبوو لە بواری نەوتەوە.
دەبێت ئەو ڕاستیەشمان لەبیر نەچێت، كە حكوومەتی ئەمەریكا هەر لەو كاتەیشدا پەیوەندییەكی زۆر بەهێزی لەگەڵ سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان مەسعوود بارزانیـدا هەبوو، كە ئێستا ناوبراو سەرۆكی هەرێمی كوردستانە. بێگومان كوردەكانی پارچەكانی دیكە لەم شتە بێبەشن.
بەستنەوەی كوردستان بە دەریاوە
ئازادە پورزەند و ڤانێسا پارخ لە درێژەی ڕاپۆرتە هاوبەشەكەیاندا دەڵێن، ڕاستە ڕۆژئاوای كوردستان تەنیا شوێنی سووریایە كە سامانی سرووشتیی تێدایە، بەڵام لەو ناوچەیەدا بڕێكی كەم لە نەوت و غاز بەرهەم دەهێنرێت.
سەرەڕای ئەوەیش، ڕزگاركردنی ڕۆژئاوای كوردستان بەو جۆرەی لە لایەن كوردەكان خۆیانەوە بەڕێوە ببات گرنگیی خۆی هەیە، چونكە لەو ڕێگایەوە هەرێمی كوردستانی عێراق بە دەریاوە دەبەسترێتەوە و هەبوونی ئەم سنوورە ئاویەیش زۆر گرنگە بۆ ئەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بتوانێت لە ڕێگایەوە نەوتی خۆی ڕەوانەی ئەورووپا بكات.
ئەو وڵاتانەی لە ناوچەكەدا خاوەنی پرۆژەیەكی گەورەی وەبەرهێنانن، پشتیوانی لە كوردەكان دەكەن، بەڵام ئەگەر بزانن لە بەرامبەر ئەو هەنگاوەدا بەرژەوەندییە ئابورییەكانیان باشتر دەپارێزرێت، لەوانەیش ئەمەریكا و چین.
خۆ ئەگەر ئێستایش بە وردی سەیری ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بكرێت، ئەوا دەردەكەوێت كە بەرژەوەندی ئەو وڵاتە زلهێزانە لەوەدایە پشتیوانی لە كوردەكان بكەن. ڕاستە ڕووسیا بە ڕووخانی حكوومەتی سووریا هاوپەیمانێكی سەرەكیی خۆی لە ناوچەكە و جیهاندا لەدەست دەدات، بەڵام پێدەچێت بەرپرسانی ئەو وڵاتەیش ئامادەیی ئەوەیان تێدا بێت كار بۆ دامەزراندنی قەوارەیەك بۆ كوردەكان بكەن بۆ ئەوەی لەو ڕێگایەوە بەرژەوەندییەكانی وڵاتەكەیان لە ناوچەكەدا بپارێزرێت.
یەكڕیزیی كوردەكان زۆر پێویستە
ئازادە پورزەند و ڤانێسا پارخ لە بەشێكی دیكەی ڕاپۆرتەكەیاندا نووسیویانە، ئەگەر بێت و تەواوی ئەم بەربەستە گەورانەیش نەمێنن، ئەوا هێشتا كوردەكان بە ئاسانی نابنە خاوەنی دەوڵەتێكی سەربەخۆی گەورەی كوردی. بۆچی؟
بەرپرسیاریەتییەكی گەورە لە ئەستۆی خودی كوردەكاندا ماوە. ڕاستە ئێستا كورد خاوەن پێگەیەكی بەهێزە، بەڵام هێشتا یەكپارچە و یەكگرتوو نین. هەبوونی سنوورە شاخاوییەكان وای كردووە، كورد نەتوانێت ببێتە خاوەنی تاكە ناسنامەیەك و ئەدەبێكی نووسراوی هاوبەش.
لە ڕابردوودا كوردەكان بە شێوەی گرووپی بچووك پێكەوە بوون و خاوەنی چەندین دیالێكتیشن.
هەربۆیەیش بەرپرسیاریەتییەكی گەورە لەم كات و ساتەدا لە ئەستۆی كوردەكاندایە، ئەویش كۆتاییهێنانە بە جیاوازییە ناوخۆیەكانیان و هەوڵدانە بۆ یەكخستنی ڕیزەكانیان.
كورد ڕووبەڕووی كێشەی گەورە نابێتەوە
نووسەرانی ئەم ڕاپۆرتە بە گرنگییەوە باس لە بەرزبوونەوەی ڕێژەی خوێندەواری لە ناو گەلی كورد و بەكارهێنانی تەكنەلۆژیای سەردەم دەكەن و دەڵێن: ئەم دوو شتە وایان كردووە، كوردەكان بتوانن لە یەكتری نزیك ببنەوە و هەوڵیش بدەن، كۆتایی بە جیاوازییەكانی نێوانیان بهێنن.
كوردستان لە بواری هەبوونی سامانی سرووشتییەوە زۆر دەوڵەمەندە و شوێنەكەیشی ستراتیجیە.
هەربۆیەیش ئەگەر كورد ببێتە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆ، ئەوا بەرپرسانی ئەو وڵاتە نوێیە دەتوانن بەشێوەیەكی سەركەوتوو كاروباری وڵاتەكەیان بەڕێوە ببەن و خەڵكەكەیش ڕووبەڕووی كێشەیەكی ئەوتۆ نابێتەوە.
باشووری كوردستان لە ڕووی هەبوونی نەوتەوە زۆر دەوڵەمەندە، بەڵام با ئەوەیشمان لەبیر نەچێت، كە باكووری كوردستانیش بڕی 270 ملیۆن بەرمیل نەوتی تێدایە، كە دەكەوێتە نزیك هەكاریـەوە و تاكو ئێستایش دەرنەهێنراوە.
سەرەڕای ئەوەش، دەبێت بزانین كە كوردستانێكی یەكگرتوی سەربەخۆ بەو وڵاتانە چواردەور دەدرێت، كە ئێستا خاكی كوردانی بەسەردا دابەش بووە و هەربۆیەیش ڕێگای بازرگانی ئەو دەوڵەتە سەربەخۆیە لەگەڵ دەرەوە ئاسان نابێت.
چەندین بەربەست لە بەردەم كوردانی ڕۆژئاوای كوردستاندا ماون بۆ ئەوەی بە مافەكانیان بگەن و ببنە خاوەنی هەرێمێكی ئۆتۆنۆمی تایبەت بە خۆیان، بەڵام ئەگەر هاتوو ئەوان بەو قۆناغە گەیشتن، ئەوا پێدەچێت پەیوەندییەكی ڕاستەوخۆ لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە باشووری كوردستان پێك بهێنن.
ئەو كاتەیش ڕێگا بۆ هاوپەیمانیەتییەكی بەهێزی كوردی، كە تەواوی كوردەكانی ناوچەكە لە خۆی بگرێت خۆش دەبێت.
تێبینی: ئازادە پورزەند و ڤانێسا پارخ دوو توێژەرەوەی ناسراون لە خانەی گەیت وەی بۆ پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان.
سەرچاوە: گۆڤاری وێڵد پۆڵیسی ئەمەریكی




