عێراق لەدووڕیانی پابەندبوون بەدەستوور و ملنانی زیاتر بەرەو تاكڕەوی
حكومەتي ئێستاي خواستي ئەوەي هەيە كە حكومەتي فيدرالي عێراق بگۆڕێت بۆ حكومەتي سەنترالي و دەسەڵاتي ديموكراتي بگۆڕێت بۆ تاكڕەوي ديموكراتي، بەڵام لەم نێوەندە ڕاستيەك هەيە ئەويش ئەوەيە نە جارێكي ديكە پێكهاتەكاني عێراق لەچوارچێوەي حكومەتێكي سەنترالي دەتوانن پێكەوە كۆبكرێنەوە، نە هيچ دەسەڵاتێكش دەتوانێت ببێتەوە ئەو ديكتاتۆرەي لەزەبري هێز لەهۆڕەكاني باشوورەوە تا زاخۆ هەمووي سەركوت و پاكتاو ڕەشەكوژ بكات، بۆيە ياريكردن بەم سياسەتە نەك هەر چارەنووسي مەركەزيەت و ديكتاتۆرەكەي بەرەو هەڵدێر دەبات، لەهەمان كاتدا عێراقيش وەك دەوڵەت لەسەر نەخشەي سياسي دەسڕێتەوە و بەدەردي يوگسلافياي پێشووي دەبات، شێخ جەلالەدين سەغير ئەندامي مەكتەبي سياسي ئەنجوومەني باڵاي ئيسلامي لەعێراق لەگەڵ ئەوەي سەبارەت بە بارودۆخي ئێستاي عێراق گەشبين نييە، بەڵام ڕاشكاوانە جەخت لەسەر ئەوەدەكاتەوە هەندێك كەس ئەو ڕاستيەيان لەبير خۆيان بردۆتەوە كە بێ هاوپەيماني كورد و شيعە عێراق بەڕێوە ناچێت، لەم چوارچێوەيەدا و لەلێدوانيكي تايبەتدا بۆ گوڵان، شيخ جەلالەدين سەغير بەمجۆرە ڕاي خۆي لەسەر بارودۆخي ئێستا دەربڕي و وتي: (بارودۆخي سياسيي عێراق گەيشتۆتە ئاستيك دۆست و دوژمن پێي ناخۆشە، ئێستا عێراق لەقەيرانێكي زۆر ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت و، هاوكات مايەي داخە لەبەرئەوەي پێموايە هەندێك هەن كە ڕاستييەك لەڕاستييەكاني پرۆسە سياسييەكەيان لەبير خۆيان بردووەتەوە كە بەبێ ئەم ڕاستييە پرۆسە سياسييەكە بەردەوام نابێت و كۆتايي دێت، هەڵبەتە ئەو ڕاستييەيش بريتييە لە هاوپەيمانێتييەكەي نێوان كورد و شيعە، ئەوجا لەبەر ئەوەي بەڕێوەبردني قەيرانەكە سەركەتوو نەبووە، بۆيە خەريكە بۆشاييەكان زياتر دەبن، هەربۆيە پێويستە ڕێچكەيەكي نوێ بگيرێتەبەر لەسەر بنەماي گەڕانەوە بۆ ئەو خاڵە جێگيرانەي كە لەسەرەتادا دەستمان بەپرۆسەكە كرد، هەروەها بێگومان ئاستێكي بەرز لەسازش پێويستە، بەڵام نەك لەسەر بنەماي خاڵە جێگيرەكان، بەڵكو لەسەر بنەماي چاوپۆشين لەهەندێك لەبەرژەوەنديي وردەكاري لەپێناو وەدەستهێناني بەرژەوەنديي گەورەتر، بەڵام ئەگەر بێت و بارودۆخەكە هەر وەك ئێستاي بەردەوام بێت، ئەوە بەداخەوە هيچ نيشانەيەك نابينم بۆئەوەي گەشبين بم بەئاييندەي عێراق. لێرەدا كێشەيەك هەيە كە زۆر گەورەترە لەو بەڵێن و پەيمانانەي كە لەميدياكاندا بڵاودەكرێتەوە ياخود ئەو ئومێدە ساوێلكانەي كە لەمێشكي زۆر كەسدا هەيە، كێشەكە زۆر قووڵترە و گەيشتۆتە هەندێك لايەن كە پێموايە هەندێك جار لەوانەيە هێڵە سوورەكانيش ببەزێنێت، هەربۆيە هەڵوەستە و پێداچوونەوە پێويستە لەبەرئەوەي هەمووان زەرەرمەند دەبين و كەس نييە لەئەنجامي هەڵكشاني دابڕان و تەشەنەبووني قەيرانەكەدا سوودمەند بێت)).
شێخ جەلالەدين سەغير بەشێوەيەكي زۆر لۆژيكانە دەستي خستە سەر كێشەكە و جەختي لەسەر ئەوەكردەوە كە بەبێ هاوپەيماني كورد و شيعە عێراق بەڕێوە ناچێت، بۆيە ئەگەر حكومەتي ئێستاي عێراق و شەخسي نوري ماليكي سەرۆك وەزيران نەگەڕێتەوە بۆ ئەم ستراتيژە و بەتەنگ چارەسەركردني كێشەكاني نێوان هەرێم و بەغداو تەواوي كێشەكاني ناو پرۆسە سياسيەكە نەچێت، ئەوا بارودۆخي عێراق لاي هيچ كەس گەشبين نييە، سەبارەت بەو كێشەو ئاستەنگانەي ئێستا لەنێوان هەرێم و حكومەتەكەي ماليكي دروست بووە، ئەشواق جاف پەرلەمانتاري ليستي كوردستاني لەلێدوانێكي تايبەتدا بەگوڵاني ڕاگەياند: (قۆناغي ئێستا قۆناغێكي زۆر مەترسيدارەو گەر بارودۆخەكەش بەم ئاراستەيە بڕوات بۆ هەموو عێراق زياني دەبێت و كەس سوودي لێ نابينێت، پێشتر هەندێك لايەن پێيانوابوو گەر بێتوو ئەوان بەوجۆرە ڕەفتار بكەن و هەوڵي ئەوە بدەن دەسەڵاتێكي ڕەهايان بەسەر هەموو دەسەڵاتەكان هەبێت و كۆنترۆڵي بكەن، دەتوانن لايەني كوردستاني ملكەچي خۆيان بكەن، بەڵام نەك تەنيا لايەني كوردستاني، بەڵكو پێكهاتەكاني ديكەي عێراقيش قبووڵ ناكەن عێراق بگەڕێتەوە بۆ تاكڕەوي و ديكتاتۆري، بۆيە تەنيا ئومێدێك كە لەم قۆناخە بەدي دەكرێت ئەوەيە جەنابي سەرۆك بارزاني دواي گەڕانەوەي لەم سەردانەي بانگێشتي هەموو لايەنەكان بكات، ئەگەر توانيان سوود لەمە وەربگرن و كێشەكان چارەسەر بكەن، ئەوا عێراق بەرەو ڕێگەي ڕاست هەنگاو هەڵدەگرێت، بەڵام ئەگەر سووديان لێوەرنەگرت، ئەوكاتە قۆناغێكي نوێ دێت و دەكەونە بەردەم دووڕيانێكەوە كە زۆر ڕێگا چارە هەيە كە لەوانەيە ئەم دەسەڵاتەي كە ئێستا بەدەست دەوڵەتي ياساوەيە بەدەستي نەمێنێت، چونكە هەندێك لايەنيش هەيە لەناو هاوپەيماني نيشتماني ئەمەيان پێ قبووڵ نييە، هەربۆيە زيانەكە لەسەر ئەو لايەنەيە كە بەڕاستي بڕوايان بەهاوبەشي ڕاستەقينە نييە. بۆيە من واي دەبينم ئەو داواكارييەي جەنابي سەرۆك بۆ سەرۆكي كوتلەكان تاوەكو لەكاتي گەڕانەوەي لەهەولێر كۆببنەوە من پێموايە بۆ ئەوەيە تا بزانێت تا چەند سەرۆكي كوتلەكان هاوڕان بۆ چارەسەري كێشەكان، چونكە وا كەوتۆتەوە بەوەي هەندێك لايەن نييەتي چارەسەركردني كێشەكانيان نييە، بەڵكو زياتر مەبەستيان بووە دۆسێ هەڵپەسێردراوەكان ساڵ لەدواي ساڵ دوابخەن، گەر هەڵوێستێكي يەكگرتووي خێراش نەبێت ئەو دۆسێيانە بۆ خولي پەرلەماني داهاتووش دوادەخرێت، دواي 2 ساڵ لەكاري پەرلەمان و حكومەت كەچي تا ئێستا كابينەي حكومەت تەواو نەكراوەو زۆربەي پۆستەكان بەدەست يەك كەسەوەيە، تەنانەت ئەوانەي كە ئێستاش خۆيان بەهاوبەش دەزانن لەو حكومەتە هاوبەشێكي ڕاستەقينە نين لەبڕياردان، بۆيە داواكارييەكەي جەنابي سەرۆك هەنگاوێكي زۆر گرنگە بۆ ئەوەي كە بزانين ئايا سەرۆكي كوتلەكان لەگەڵ چارەسەركردني كێشەكاندان بۆ ئەوەي بزانين بچينە كۆنگرەي نيشتماني يا لەگەڵ ئەوە نين، لەم ڕوانگەيەوە دەڵێم ئەو كۆبوونەوەيە زۆر گرنگە و ئەگەر سەركەتوو نەبوو ئەوكاتە چەندين ڕيگە چارەي ديكە هەيە وەك جەنابي سەرۆك وتي دەكرێت ئەوكات ڕابگەيەنرێت)).
لەگەڵ ئەوەي بارودۆخەكە ڕەشبيني باڵي بەسەردا كێشاوە، بەڵام تروسكەي هيوايەك ماوە بۆ ئەوەي لايەني دەوڵەتي ياسا بەخۆيدا بچێتەوە و هەنگاو بۆ چارەسەركردني كێشەكان لەچوارچێوەي دەستوور هەڵبگرێت، سەبارەت بەهەڵوێستي دەوڵەتي ياسا لەسەر ئەم پرسە پێوەنديمان كرد بە عەلي شەلا پەرلەمانتاري ليستي دەوڵەتي ياسا و لە لێدوانێكي تايبەتي بۆ گوڵان بەمجۆرە سەبارەت بەهەڵوێستي ليستەكەي هاتە ئاخاوتن: (جگە لە پێكەوەدانيشتن و ديالۆگ هيچ ڕێگەچارەيەكي ديكە لەبەردەميان نييە، لەبەرئەوەي هيچ دەرفەتێكي ديكەمان نييە و ڕەوشي پرۆسە سياسييەكە تەحەمولي هەڵكشاني زياتر ناكات، هەربۆيە من لەگەڵ ئەم شتەم و پێموايە كە پێويستە خێرا ئەنجامبدرێت، هاوكات لەوانەيە دەستپێشخەرييەكەي فەخامەتي سەرۆك كۆمار ببێتە مايەي پێكەوە دانيشتني هەموو لايەنەكان لەسەر مێزي دانوستان بەكۆمەڵ، ئەمەش لاني كەم بۆ وەڵامدانەوەي ئەو پرسيارانەي كە لايەنێك بەتەنيا ناتوانێت وەڵاميان بداتەوە، بۆنموونە لەبارەي ياسا گرنگەكان و كێشەي ناوچە ناكۆكي لەسەركراوەكان، هەموو ئەم لايەن و مەسەلانە پێويستيان بەوە هەيە كە هەموو لايەنەكان پێكەوە دانيشن لەژێر چاودێريي فەخامەتي سەرۆك كۆمار و بەپشتيواني خودا ئەو كۆبوونەوەيە بەمزوانەدا سازدەكرێت. هەروەها پێموايە كەناڵەكاني پێوەنديي شەخسي لەنێوان سەرۆك ماليكي و سەرۆك بەرزاني كراوەيە و بەهێزە و پێويست بەوە ناكات ميدياكان بكرێن بەئامراز بۆ ديالۆگ، بەڵكو پێويستە ديالۆگ بەشێوەيەكي ڕاستەوخۆ بێت و بە ڕاي من ئەمە شتێكي مەحاڵ نييە بەتايبەتي كە ئەمڕۆ بەڕێز سەرۆك كۆمار لەهەرێمە و پێموايە سەرۆك كۆماريش هەوڵ و كۆششي هەيە بۆ لێك نزيككردنەوەي بۆچوونەكان و هێوركردنەوەي بارودۆخەكە و ڕێگەگرتن لەهەڵكشاني ميديايي. ئەمەش لەپێناوي ئەوەي بگەينە ديالۆگي ڕاستەخۆ لەچوارچێوەي دەستوور، خۆشتان دەزانن پێوەندييەكاني نێوان هاوپەيماني نيشتماني و هاوپەيماني كوردستاني پێوەندييەكي ستراتيژييە و هيچ ئەڵتەرناتيڤێكي ديكە نييە بۆ ئەم پێوەندييە و هاوپەيماني نيشتماني هيچ نييەتێكي نييە هاوبەشێكي ديكە جگە لەهاوپەيماني كوردستاني هەڵبژێرێت و بەپێچەوانەيشەوە دروستە، ئەم هاوپەيمانێتييە هاوپەيمانێتييەكي مێژووييە و دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمەكاني مەينەتي، هەربۆيە شەخسي خۆم پێموايە كە لەكۆتاييدا ڕاستەوخۆ پێكەوە دادەنيشن و كاردەكرێت بۆ چارەسەركردني ئەم ئيشكالياتانە)).
سەبارەت بەو قسانەي عەلي شەلا و هەنگاوەكان بۆ ئاييندە و هەوڵەكان بۆ ڕێكخستنەوەي پرۆسەي سياسي و چارەسەركردني كێشەكان، پەرلەمانتاري كوردستاني بەكر حەمە سديق پێيوايە كێشەكە نەبووني هاوبەشي ڕاستەقينەيە، بۆيە پێويستە ئاراستەي چارەسەرەكان بەرەو هاوبەشي ڕاستەقينە هەنگاو هەڵبگرێت، لەم بارەو و لەلێدوانيكي تايبەتي بۆ گوڵان بەكر حەمە سديق وتي: (پێموايە ڕەوشي سروشتي و ئاسايي ئەم حكومەتە پێويستە بەرەو ئەو ئاراستەيە بڕوات كە شەراكەتێكي ڕاستەقينە دروست بێتەوە، ئێمە ڕيككەوتننامەي هەولێرمان هەيە كە كۆمەڵێك خاڵي لەخۆگرتووە كە لەسەر ئەو بنەماو خاڵانە دەوڵەتي عێراقي دروستبووە، پێموايە ئەگەر بكرێت پابەندييەك بەنييەتێكي باشەوە بەڕێكەوتننامەي هەولێرەوە بكرێت و ئەو كێشانە بەشي هەرە زۆري بەرەو چارەسەر كردن دەچێت، بەپێچەوانەوە بانگەشە بۆ گۆڕيني ماليكي و حكومەتەكەي ئێستاو دووبارە داڕشتنەوەي حكومەت بەشێوەيەكي وا كە لەگەڵ قۆناغي نوێ دا بگونجێت باشترين ڕێگايە، بۆ نموونە پێكهاتەيەكي نوێ دروست بێت كوردو ليستي ئەلعێراقيەو لەگەڵ ڕەوتي سەدر و كۆمەڵێك كوتلەي تر هەنگاوێكي باشە، پێموايە ئەگەر ماليكي هەر ئامادەيي تێدا نەبێت ئەو ئاشتبوونەوەيە بكات و هيچ هەنگاوێك نەيەتە پێشەوە لەو دەمارگيرييەي كە ئێستا هەيەتي و لەقۆناخي ديالۆگ و گفتوگۆي ڕاستەقينە نەيەتە پێشەوە، ئەو كات چارەسەري ڕاستەقينە ئەوەيە دەبێت بەدواي بەديلێكي ڕاستەقينە بگەڕێين بۆ ئەوەي لەكورسي دەسەڵاتي حوكم شەراكەيەكي ڕاستەقينە لەنێوان هەموو ليستەكاندا ڕووبدات، ناكرێت پرۆسەي سياسي ئێستاي عێراق بەمشێوەيە بچێت بەڕێوەو تۆ لەدەرەوەي بڕيار بيت و هەموو كێشەو شتەكان بەسەردا بسەپێت و تێپەڕێت و نەتوانيت هيچ بڕيارێك بدەيت. هەر بۆيە پێويستە دەستپێشخەرييەكەي سەرۆكي هەرێمي كوردستان بەهەند وەربگيرێت و بەتايبەتي ڕێكەوتننامەي هەولێر كە كۆمەڵێك خاڵي تێدايە بۆ ئاشتبوونەوەي نيشتماني و شەراكەتي ڕاستەقينەيە. لەمەش گرنگتر سەرۆكي هەرێمي كوردستانيش نوێنەرايەتي هەموومان دەكات و قەوارە سياسيەكانيش پێويستە وەڵامدانەوەي ڕاستەقينەيان بۆ ئەو بانگەشەيە هەبێت، هاوكات ئێمە لەبەردەم ئەگەرێكي چارەنووسسازداين پێويستە يەك دەنگ بين لەمەسەلەكان بەتايبەتي دەنگي كورد لەبەغدا كە لەدەزگا تەشريعي و قەزائي و جێبەجێكارەكان و دامودەزگاكاني حكومەتدا بوونێكي گرنگ و كاريگەري هەيە، هەربۆيە پرس و ڕا وەرگرتن زۆر گرنگە، تەنيا ئەمەش بەس نييە، بەڵكو پێويستە بەفعلي قسە لەيەكتر وەربگرين. خاڵێكي تري گرنگ ئەوەيە ئێمە لەمەودوا دەبێت لەگەڵ حكومەتي عێراقي فيدراڵ سەقفي زەمەنيمان بۆ جێبەجێكردني داواكارييەكان هەبێت، نەك كێشەو گرفتەكان قووڵ بێتەوەو ئەو كات ئاڵۆز بێت هەروەكو ئێستا كە ڕوودەدات. هەروەها دەبێت لەم قۆناخەدا كورد ئەو ڕاستيە بەماليكي بگەيەنێت چۆن پێشتر تواني سەرۆك وەزيران بگۆڕێت، بەهەمانشێوە دەتوانێت ئەويش بهێنێتە خوارەوە، هاوكات پێويستە كورد ئەلتەرناتيڤي ڕاستەقينەي سياسي بۆ ڕەوشي تازەي عێراق هەبێت، ئێمە دەبێت ئەوە بزانين كە زۆرينەيەكي شيعە لەعێراقدا هەيەو دەبێت بەهەند وەربگيرێت، هاوكات هێزە سياسيەكاني تريش هەيە و كورديش ئامادەيي خۆي هەيە و كورد تەنيا نەتەوە نييە، بەڵكو جوگرافيايەكي سياسي هەيە، بۆيە پێويستە كورد ئەو ڕاستيە گەورەيە بدات بەماليكي و ئەويش زۆر باش تێبگات كە كورد دەتوانێت زياد لەبەديلێك پێشكەش بكات بۆ ماليكي بەديلێكي نەك تەنيا فەردێك، بەڵكو بەديلێكي ڕاستەقينەي سياسي كە شەراكەيەكي ڕاستەقينەي سياسي لەو بەديلەدا ڕەنگ بداتەوە لەهەموو كوتلە سياسيەكاني عێراق و كورديش پشكي شێر و ڕاستەقينەي خۆي هەبێت و شەراكەيەكي ڕاستەقينەي هەبێت، ئەو پەيامە نەگات بەماليكي بەبڕواي من ماليكي لەسەر ڕەوتي خۆي بەردەوام دەبێت)).
بەبێ هاوبەشي ڕاستەقينە
كێشەكان چارەسەر ناكرێن
هەموو بۆچوونەكان جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە بەبێ بڕوابوون بەهاوبەشي ڕاستەقينە ناتوانرێت كێشەكان چارەسەر بكرێن، ئەمەش ئەو خاڵەيە كە بەڕێز مسعود بارزاني سەرۆكي هەرێمي كوردستان، لەهەرێمي كوردستان و ئەوروپا و ئەمريكا ڕايگەياند، سەبارەت بەم لايەنە پرسيارمان لەپەرلەمانتاري هاوپەيماني نيشتماني وەليد عەبود كرد، ئەويش بەمجۆرە ڕاي خۆي بۆ گوڵان درەبڕي و وتي: (دانيشتن لەسەر مێزي ديالۆگ و گفتوگۆ و دانوستاني دروست و ڕاشكاوانە لەگەڵ نييەتي باش بۆ جێبەجێكردني بەڵێنەكان شتێكي زۆر گرنگە و پێويستە هەموو لايەنەكان بەقەناعەتەوە لەسەري ڕێككەون، سەبارەت بە بارودۆخي ئێستاش، ئەو بارودۆخەي ئێستا لەعێراق دەيبينين هۆكارەكاني دەگەڕێتەوە بۆ پاشەكشە لەدۆسيەكاني سياسي و ئەمني و خزمەتگوزارييەكان لەگەڵ قۆڕخكردني دەسەڵات، ئەمڕۆ گومان و نيگەراني لەنێو هەموو قەوارە سياسييەكاندا هەيە بەليستي دەوڵەتي ياسا-شەوە، لەبەرئەوەي تێڕوانينێكي ڕوون و ديار لەنێو لايەنەكاندا نابينرێت بۆ دۆزينەوەي چارەسەر و هەروەها هيچ جددييەتێك لەئارادا نييە بۆ بەكۆتاهێناني ناكۆكييەكاني نێوان قەوارە سياسييەكان، بەڵام ئەم بارودۆخە تەنانەت بۆ ئەو كەسانەش زياني هەيە كە دەيانەوێ دەسەڵات قۆڕخبكەن لەبەرئەوەي ئەمڕۆ ناكرێ عێراقي نوێ حوكمڕاني بكرێت لەلايەن يەك لايەن يان يەك حزب، بۆيە تەنانەت گەر چەنديش بەهێز بێت و چەند دەسەڵاتي لەدەستدا هەبێت و تاچەنديش پشت و لايەنگري هەبێت، ئەوە هەر ڕۆژێك دێت كە بڕوات و پۆستەكەي بەجێبهێڵێت لەبەرئەوەي هەموو عێراقييەكان كۆكن لەسەر ئەو بۆچوونە كە پێويستە لەعێراق شەراكەتێكي نيشتمانيي ڕاستەقينە بێتەكايەوە كە هەموو لايەنەكان لەخۆبگرێت و هيچ لايەنێك يان پارتێك يان كەسێك دەسەڵات قۆڕخ نەكات، بەڵكو لەسەر بنەماي شەراكەتي ڕاستەقينە بێت لەگەڵ لێكتێگەيشتني هاوبەش لەنێو هەموو قەوارە سياسييەكان و هەروەها لەنێو هەموو تايفە و لايەنەكاني گەلي عێراقي، ئەمە ئەمڕۆ قەناعەتي هەموو هاووڵاتياني عێراقە، بەڵام هەندێك هەن كە دەيانەوێ گوێي خۆيان داخەن بۆئەوەي ئەم ڕاستييە نەبيستن، بەڵام پێيان خۆش بێت يان نا، ئەوە هەر دەبێت ڕۆژێك بێت و ڕووبەڕووي ئەو واقيعە ببنەوە و ئەو دەنگە ببيستن، ئێمە ئەمڕۆ لەكێبڕكێين لەگەڵ زەمەن و ئەگەر دەستپێشخەر نەبين ئەوە خولانەوەي زەمەن دەمانشێلێت و جێماندەهێڵێت، ئەمڕۆيش شتەكان بەلاي هاووڵاتياني عێراقييەوە ڕوون و ئاشكرايە و لەمەسەلەكان تێدەگەن و چيتر هيچ لە قسەيەك يان هيچ لە بەڵێنەكاني هەڵمەتەكاني هەڵبژاردن بەسەريان تێناپەڕێت، هەربۆيە بەڕاي من پێويستە لەسەر هەمووان هەوڵدەن بۆ ڕاستكردنەوەي ڕێچكەكە لەبەرئەوەي هاووڵاتيي عێراقي كە ئەمڕۆ ئێمەي گەياندووە بۆ پۆستەكانمان بەداخەوە تەنيا ئەو يەكەم و دوايين قوربانييە)).
پەرلەمانتار مەحما خەليل قاسم پەرلەمانتاري ليستي كوردستاني سەبارەت بەم بارودۆخە پێيوايە دەبێت هەموو بەدەنگ بانگەوازەكەي سەرۆك بارزانييەوە بچن دواي گەڕانەوەي لەسەردانەكەي، لەبەر ئەوەي بێجگە لەو ڕێگەيە شتێكي ديكە نييە بتوانێت كێشەكاني عێراق چارەسەر بكات، دواي ئەمە كورد ناچار دەبێت پەنا بۆ ڕيگە چارەي ديكە بەرێت، لەمبارەوە لەلێدوانيكي تايبەتدا بەگوڵاني ڕاگەياند: (پرۆسەي سياسي عێراق و ئاڵۆزبووني دۆخە سياسيەكەو ئەو كێشەيەي كەوتۆتە نێوان ليستي هاوپەيماني نيشتماني بەتايبەت لايەني ماليكي و ليستي ئەلعێراقيە تێي كەوتوون ئەو كێشەيە نايەتە چارەسەركردن بێ كۆنفرانسێكي باڵاي نيشتماني كە سەرۆك بارزاني داواي بەستني كردووە، چونكە ڕۆژ لەدواي ڕۆژ قەيرانەكان بەرفراوانتر و ئاڵۆزتر دەبن و نايەتە چارەسەركردن، هەربۆيە پێموايە بێ ئەو كۆنفرانسە چاوەڕوانكراوە چارەنووس و ئاييندەي عێراق بەرەو ڕەوشێكي ناديار دەچێت، كە ڕەنگە هەڵبژاردني نوێي پێشوەختە بێتە ئاراوەو هەڵوەشاندني حكومەت و عێراق ڕووبدات و چەندين سيناريۆي تري تاڵ چاوەڕێي عێراق دەكات تەنانەت دەستێوەرداني وڵاتاني دەوروبەري عێراقيش ڕوودەدات، بگرە ئەجندەو مەرامي ئەو وڵاتانە لەعێراقدا يەكلابێتەوە يا بڕيارە نێودەوڵەتيەكان بەسەر عێراقدا بسەپێنرێت و بەردەوام بێت، بەردەوامبووني ئەم دۆخە ئاڵۆز و دژوارە سيناريۆي تاڵي جۆراوجۆر لەگەڵ خۆيدا دەهێنێت. هەربۆيە هەتا كۆنفرانسي نيشتماني نەيەتە جێبەجێكردن كە لەسەر بانگێشتي سەرۆك بارزاني و بەڕێز مام جەلال كراوە ئەم سيناريۆ ڕەش و تاريكانە بەردەواميان دەبێت)).
سياسەتي ماليكي
خزمەتگوزارييەكاني پەكخستووە
ئەم بارودۆخەي سەرۆك وەزيراني عێراق هێناويەتە ئاراوە، ڕەوشي خزمەتگوزارييەكاني پەكخستووە و دەرگاي بۆ گەندەڵي واڵا كردووە، سەبارەت بەم لايەنە شيخ جەلالەدين سەغير لەدرێژەي لێدوانەكەيدا بۆ گوڵان بەمجۆرە لەسەر ئەم لايەنە هەڵوەستەي كردو وتي: (هەڵبەتە ئەوە ئاشكرايە كە خراپي بەڕێوەبردن لەڕووي بەڕێوەبردني دۆسيەي خزمەتگوزارييەكان و هەروەها لەڕووي دۆسيەي ئابووري لەناو حكومەتي عێراق هەيەو ناكۆكييە سياسييەكانيش كێشەكەيان ئاڵۆزتركردووە، من ناكۆكييە سياسييەكان ناكەم بەپاساو لەبەرئەوەي تاكو ئەمڕۆيش شێوازي بەڕێوەبردن بەوشێوەيەيە كە هەر دەڵێي شتەكان بەمەبەست و سەرلێشيواوي لەڕووي چارەسەركردني دۆسيەي خزمەتگوزارييەكان هەنگاوي بۆ هەڵدەگيرێت، ئەگەر نا ئيتر چۆن ئەم بارودۆخە شيدەكرێتەوە؟ عێراق نزيكەي 26 مليار دۆلاري لەسەر كارەبا خەرجكردووە لەكاتێكدا لەماوەي 8 ساڵي ڕابردوودا توانرا تەنيا نزيكەي 1200 ميگاوات زياد بكات، لەكاتێكدا نرخي دروستكردني وێستگەيەك بۆ بەرهەمهێناني يەك مێگاوات كارەبا لەسەر ئاستي جيهانيدا بريتييە لە 850 هەزار دۆلار، ئێوە لەلايەن خۆتانەوە دەتوانن 26 مليار دۆلارەكە دابەشبكەنە سەر 850 هەزار و ئەنجامەكەتان بۆ دەردەچێت، هەربۆيە من پێموايە كە ئەوە هەڵەيە لۆمەكە بخرێتە ئەستۆي ناكۆكييە سياسييەكان، بەڵكو كراوە بۆ پاساو بەمەبەستي خۆدزينەوە لەبەرپرسيارەتي لەهەموو دامەزراوە جێبەجێكارييەكاني دەوڵەت و هيچ وەزارەتێك ئيستيسنا ناكەم لەمبارەيەوە)).




