٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
میدیای کورستانی

وڵاتە زلهێزەكانی جیهان پشتیوانی لە گۆڕینی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكەن

سەرچاوە: KDP.info

پیپ ئیسكۆبەر لە ماڵپەڕی "ئەلجەزیرە"ی ئینگلیزیدا بابەتێكی نووسیوە و تیایدا هاتووە، گۆڕانكارییەكی گرنگ ناوچەكەی گرتووەتەوە و وادیارە كوردەكانیش پلانی ئەوەیان هەیە سوود لەم دەرفەتە وەربگرن بۆ ڕاگەیاندنی دەوڵەتێكی سەربەخۆی گەورەی كوردی لە ژێر ناوی "كوردستانی گەورە"دا.

یەكگرتویی پارت و لایەنە كوردییەكان
نووسەر دەڵێت، هەڵوێستی گرنگی كورد لەوەدا دەبینرێت كە گرووپ و پارتە كوردەكان ئامادەیی ئەوەیان تێدایە جیاوازییەكانیان بەلاوە بنێن و پێكەوە بۆ مەبەستی گەیشتن بە ئامانجە هاوبەشەكانیان كار بكەن.

بۆ نموونە، پارت و گرووپەكانی سووریا لە ژێر سەرپەرشتی سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەسعوود بارزانی گەیشتنە ڕێككەوتنێك بۆ ئەوەی پێكەوە كاروباری ناوچە كوردییەكانی سووریا بەڕێوە ببەن. پاش ئەویش، پارتە كوردییەكانی ئێرانیش كۆبوونەوە و بڕیاریان دا كۆتایی بە جیاوازییەكانی نێوانیان بهێنن.

پیپ ئیسكۆبەر نووسیویەتی، وڵاتانی ناوچەكە ڕۆڵی گرنگیان لە ڕووداوەكاندا هەیە، بەڵام ئەوەی كە جێی بایەخە- بەلایەنی كەمەوە بۆ كوردەكان- ئەوەیە كە حكوومەتی توركیا هەڵوێستێكی جیاواز لە زۆربەی وڵاتانی ناوچەكەی بەرامبەر بە ڕووداوەكانی سووریا هەیە و سوورە لە سەر ئەوەی دەبێت كۆتایی بە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد بێت. هەربۆیەیش كوردەكان دەیانەوێت سوود لە هەر هەنگاوێكی حكوومەتی توركیا وەرگرن.

رۆژئاوای كوردستان بووەتە واقیعێك
نووسەر دەڵێت، ئێستا كوردەكانی سووریا بارودۆخی ناوچەكەی خۆیان بەڕێوە دەبەن و بەهێزی پارتی "پەیەدە"یش لەو ناوچەیەدا بەرپرسانی توركیای نیگەران كردووە، بەڵام وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا هیلاری كلینتۆن بە بەرپرسانی ئەنقەرەی ڕاگەیاندووە، كە ڕاستییەك هەیە دەبێت قەبووڵی بكەن، ئەویش هەبوونی ڕێژەیەكی زۆر كوردە لە سووریادا و هەربۆیە لە سووریای نوێشدا ڕۆژئاوای ئەو وڵاتە هەر لە ژێر كۆنترۆڵی كورددا دەبێت.

ئیسكۆبەر دەڵێت: توركیا ناتوانێت هێرش بكاتە سەر ڕۆژئاوای كوردستان، چونكە لە چەند ساڵی ڕابردوودا پێگەی سوپا زۆر لاواز بووە، كوردەكان و عەلەوییەكانی ناو سوپای وڵات ئامادە نین شەڕێكی لەو جۆرە بكەن و پاشانیش ئەو هەنگاوە كاریگەریی گەورەی لە سەر ئابووریی توركیا بەشێوەیەكی گشتی و كەرتی گەشتوگوزاریی ئەو وڵاتە بەشێوەیەكی تایبەتی دەبێت.

رۆڵی گرنگی سەرۆكی هەرێم
نووسەر دەڵێت: سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەسعوود بارزانی هیچ كاتێك بیرۆكەی خۆی بۆ ڕاگەیاندنی دەوڵەتێكی سەربەخۆی گەورەی كوردی نەشاردووەتەوە، بەڵام بۆ ئەوەی ئەو پلانەش سەركەوتن بەدەست بهێنێت وا پێویست دەكات بارزانی تەواوی هەوڵەكانی بۆ مەبەستی كۆتاییهێنان بە جیاوازیی نێوان پارت و گرووپە كوردییەكانی سووریا و ئێران و توركیا بخاتە گەڕ.

ئیسكۆبەر نووسیویەتی: شتی دڵخۆشكەر بۆ كوردەكان ئەوەیە، كە بەرپرسانی ئەمەریكا و ئیسرائیل دژایەتیی پلانی گۆڕینی نەخشەی ناوچەكە و دامەزراندنی دەوڵەتێكی كوردی ناكەن.

خۆ ئەگەر ئەمە هەڵوێستی ئەمەریكا و ئیسرائیل بێت، كەواتە زوو یان درەنگ یەكێتیی ئەوروپایش پشتیوانیی خۆی بۆ ئەم پلانە دەردەبڕێت.

ئەندامانی بەهێزی ڕێكخراوی "بریكس"ـیش، لەوانە "ڕووسیا و چین"ـیش دژی ئەم پلانە نین، هەربۆیەیش زۆر ڕێی تێدەچێت یەكێك لە ئەگەرە بەهێزەكان، كە لە داهاتووی ئەم ناوچەیەدا ببینرێت دامەزراندنی "كوردستانی گەورە" بێت.

وەرگێڕانی: عەلی حەسەن زەڵمی

هەواڵی پەیوەندیدار