٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
میدیای ده‌ره‌وه‌

شوورای داعش، خەلیفەکەیان دەگۆڕێ و بەیعەتی لێ دەستێنێتەوە

سەرچاوە: KDP.info


هەولێر-KDP.info-  هێشتا نازانرێ ئەو خەلیفەیەی کە لە شێوە و هەڵسوکەتدا لە (سەددام حوسێن) دەچێت، لە واقیعدا خەلیفەی ئەو ڕێکخراوەیە کە پێی دەگوترێ دەوڵەتی ئیسلامی، یاخوود هەندێک لە ئەفسەرە تایبەتەکانی (سەددام)ـن وەک ئەوەی هەندێ لە سەرچاوە ڕۆژاواییەکانی دەیڵێن. هەڵبەت کوژرانی ژمارەیەکی زۆر لە تیرۆریستان لە چوارچێوەی پرۆسەی ئازادکردنی زوممار و ڕەبیعە و بۆردوومانی هاوپەیمانان لە کۆبانی، کە سەدان تیرۆریستی داعشی کوشتوون، کێشە و جیاوازییەکانی نێو ئەو ڕێکخراوەی زیندوو کردوونەتەوە.

بە هەر حاڵ، ئەگەر هەواڵەکە ڕاست بێ، ئەوا کودەتا بەسەر خەلیفە دۆڕاوەکەدا دەکرێ. بەڵام هێشتا نازانرێ کە داخۆ خەلیفە بە زیندوویی دەمێنێتەوە یان نا. ئایا دەشێ بەم نزیکانە هەواڵی لەداردانی خەلیفە ببیستین؟
هەندێکی ماڵپەڕە ئەلیکترۆنییەکانی عێراق دەڵێن "گوتەبێژی فەرمیی داعش(ئەبو محەممەد عەدنانی) جەختی کردووەتەوە کە، ئەنجوومەنی شوورا، بڕیاری داوە خەلیفەکەیان کە (ئەبوبەکر بەغدایی)ـە، لە کار لا بدات و بەیعەتی لێ بستێندرێتەوە."

خەلیفەی نوێ بە ڕەگەز سعوودیە
(ئەبو محەممەد عەدنانی) لە تۆمارێکی دەنگیدا کە لە پێگەی ڕێکخراوی داعشدا بڵاو بووەتەوە، زیاتر دەڵێ، "ئەنجوومەنی شوورای دەوڵەت، بڕیای داوە (ئەبووبەکر بەغدایی)ـی خەلیفە، دوور بخاتەوە و بەیعەتی لێ بستێننەوە، لە شوێنی ئەویش بەیعەت بە کەسێکی بە ڕەگەز سعوودیێک دەدرێ"، بەڵام لەبارەی ئەو کەسەوە زیاتری نەگوتووە.
(عەدنانی) ئاماژەی داوە، ئەوەی کە دەبێتە هۆی سەرنەکەوتنی بڕواداران و، مل شۆڕ دەکا و ڕادەکا، هەروەها لە مەیدانی "جیهاد"ـدا دەکشێتەوە، ئەوا نە خەلیفەیە نە بەیعەتپێدانیشی لە ئەستۆی "جیهادییەکانە".

خەلیفە 300ملیۆن دۆلاری بە بازرگانانی کەنداو داوە
بەپێی زانیارییەکانی پێگەی "شەفاف"، سەرچاوەیەکی مێدیای تورکیا نزیک لە داعش، جەختیان کردووەتەوە کە، برای خەلیفەی داعش و ئەمیندارە گشتییەکەی، لە سەرەتای مانگی ڕابردووەوە ون بوون، ئاماژەیشی داوە کە، (بەغدایی) زیاتر لە 300ملیۆن دۆلاری لە بەیتولمالی ڕێکخراوەکە گلداوەتەوە و بۆ کاری وەبەرهێنان داویەتی بە ژمارەیەک لە بازرگانانی وڵاتانی کەنداو بە مەبەستی خستنەگەڕی لە کاری وەبەرهێناندا، ئەمەیش هاوکاتە لەگەڵ ئەوەی کە 2000 تیرۆریست لە سووریا و عێراق لە داعش توڕە بوون و دوور کەوتوونەتەوە.

سەرچاوەکە زیاتر گوتی، "(عەلی حەمدوونی)ـی ئەمینداری گشتیی(ئەبوبەکر بەغدایی) و براکەی بە ناوی (جومعە عەوواد ئەلبەدری)، لە یەکی تشرینی یەکەمەوە دیار نەماون و 20 ملیۆن دۆلاریشیان لەگەڵ خۆیاندا بردووە."
ئەو سەرچاوەیە ئاماژە بە شکستێکی دیکەی پلانەکانی خەلیفەی داعش، ژمارەی کوژراوانی داعش لە سووریا و عێراق ڕادەگەیەنێ کە، "کوژراوانی گرووپەکەی (بەغدایی)، لە 23ی ئەیلوولی رابردووەوە، 70 لە ڕەققە، لە کۆبانی زیاتر لە 750کوژراو و لە دێرزوور 100 کوژراو، لە جرف ئەلسەخەر 600 کوژراو، لە زوممار و ڕەبیعەیش 200کوژراو، لە سەڵاحەددین 50 و لە دیالەیش 100 کوژراو و لە دەوروبەری بەغدایش 45کوژراون"،
ئەو ئاشکرایشی کرد، "(بەغدایی) بڕێکی زۆر پارەی بۆ وەبەرهێنان داوە بە ژمارەیەک لە گەورەبازرگانانی بیانی لە خەلیج ناردووە، کە زیاتر لە 300ملیۆن دۆلاری ئەمەریکاییە."

شیاوی باسە، ئەمیری ڕیکخراوی داعش(ئیبراهیم عەوواد سامەڕایی) کە بە (ئەبوبەکر بەغدایی) ناسراوە، لە پاش شکستی پلانی یەکەمی لە دەستبەرداگرتنی بەغدا، بە 100ئۆتۆمبێلی چەکدارانی داعش، لە مووسڵەوە بەرەو سووریا ڕۆییشت.
لەگەڵ پێشڕەویی هێواشی هێزە ئەمنی و سەبازییەکانی عێراق، هەروەها بە هاوکاریی میلیشیاکان و هاوکات لەگەڵ ڕەتکردنەوەی ئامادەییی داعش لە ناوچە سوننەنشینەکان و تەقاندنەوەی مەزاری پێغەمبەران کە بە هەڵەی کوشندەی ئەو ڕێکخراوە دەزانرێن، وەها دەبینرێ کە، (بەغدایی) لە ئێستادا توانای بەرگری لە مووسڵیش نەمابێ.

زریان زیاد

هەواڵی پەیوەندیدار