نووسینگەی گوتەبێژی پارتی: دەربارەی هەر پرسێک، چاوەڕوانی لێدوان و بەیاننامەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیین

هەولێر-KDP.info- سەرچاوەیەك لە نووسینگەی گوتەبێژی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانەوە، وێڕای کەمکردنەوەی لە بەهای ئەو بەیاننامەیەی ئەنجوومەنی ناوەندی(ی ن ک)، کە ئەمڕۆ دووشەممە بڵاو کراوەتەوە، چونکە بە ڕای فەرمیی یەکێتی حیسابی بۆ ناکەن، ڕایدەگەیەنێت، دەربارەی پرس و پێشهاتی سیاسی و هەڵوێست وەرگرتن، چاوەڕوانی لێدوان و بەیاننامەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستانن.
دەقی ڕوونکردنەوەی سەرچاوەیەك لە نووسینگەی گوتەبێژی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان کە تایبەتە بە KDP.info:
"سەبارەت بە دوابەیاننامەی ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان كە لە رۆژی 25/10/2014 بڵاو كراوەتەوە، سەرچاوەیەك لە نووسینگەی گوتەبێژی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، "ئێمە لە پارتیی دیموكراتی كوردستان، بەپێی ئەو ئەزموونەی پێشتر لەگەڵ ئەنجوومەنی ناوبراودا هەمانە، هەمیشە ئەوەیان سەلماندووە، كە گوزارشت لە بیروڕا و هەڵوێستە فەرمییەكانی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان ناكەن، بۆیە ئێمە وەك پارتیی دیموكراتی كوردستان بۆ هەر گرفت و پرس و پێشهاتێكی سیاسی و هەڵوێست وەرگرتن، چاوەڕوانی لێدوان و بەیاننامەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان دەكەین، چ بە ئەرێنی بێت یاخود نەرێنی."



