ئەمەریكا لە كشانەوەی لە عێراق پەشیمانە

دوای ئەوەی رۆژنامەی "داخ بلاد"ی هۆڵەندایی ئاماژەی بۆ لێدوانی چەند سیاسەتوانێكی ئەمەریكایی كرد كە هەست دەكەن كشانەوەی ئەمەریكا لە عێراق زوو بووە و پێویست بووە ئامادەسازیی زیاتر بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە ناوچەكەدا بكرێ، دوو شارەزای سیاسیی عەرەب ئاماژەیان كرد كە ئەمەریكا لە كشانەوەی لە عێراق پەشیمانە.
عەبدولوەهاب بەدرخان نووسەر و شارەزای لبنانی بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند، كشانەوەی سوپای ئەمەریكا داوایەكی عێراقی و خواستێكی عەرەبی بوو و بەراستیش رووی دا، ئەگەرچی رەنگە سوودی لێ وەربگیرێ لە شەقامی سیاسیی ئەو وڵاتەدا، بەڵام هاوكات زیانێكی گەورەی ستراتیجیەتیی ئەمەریكا بوو.
زیاتر گوتی، كشانەوەی سوپای ئەمەریكا بەبێ هیچ گرێنتیەك بۆ گەیشتنی ئەو وڵاتە بەدیموكراسی راستەقینە هات و لە بەرامبەردا كشانەوەكە بۆشاییەكی دروست كرد كە دەبوایە عێراقییەكان خۆیان پڕی بكەنەوە.
بەدرخان روونی كردەوە، ئێرانییەكان ئەو بۆشاییەیان قۆزتەوە و نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانیش بۆ فرەوانكردنی دەسەڵاتەكانی سوودی لێ وەرگرت، بەڵام تا ئێستەش خاوی ئەمەریكا بەرامبەر دۆخی عێراق جێی پرسیارە.
سەمیر سەعید نووسەر و رۆژنامەوانی تایبەت بە كاروباری ناودەوڵەتی و عەرەبی لای خۆیەوە گوتی، ئەو كاتەی ئەمەریكا عێراقی جێهێشت پەشیمانییەكی ئاشكرای پێوە دیار بوو، چونكە دۆخەكە پێویستی بە یەكلاكردنەوەی فایلی سووریا هەبوو.
زیاتر گوتی، شەڕی ئەمەریكا دژی عێراق ئەو وڵاتەی بۆ چەند كیانێكی تایفەیی و ئەتنی دابەش كرد و لە كۆتاشدا بووە هۆی كۆنترۆڵكردنی تایفەیەك بۆ سەرچاوەی بڕیار تێیدا.




