تورکیا بۆ ساڵح موسلیم: هاوکاریمان لە کاتێکدا دەبێ، واز لە پەکەکە بێنن و هەڵوێستی ڕوونتان بەرانبەر بە بەشار ئەسەد هەبێ

ئانکارا-KDP.info- ڕۆژنامەی حورییەتی تورکیایی ئەمڕۆ یەکشەممە بڵاوی کردەوە کە، هاوسەرۆکی دیارترین حیزبی کوردی لە ڕۆژئاوای کوردستان، دەربارەی دۆخی کۆبانی، دانوستانی لەگەڵ دەستگای هەواڵگریی تورکیادا کردووە. سەرۆکوەزیرانی تورکیایش بە (دەمیرتاش)-ی ڕاگەیاندووە، پێویستە لە بەرانبەر بە هاوکاریی لۆجیستیکی وڵاتەکەی، هەڵوێستی ڕوونیان بەرانبەر بە ڕژێمی سووریا هەبێ و خۆیشیان لە پەکەکە دوور بگرن.
هاوسەرۆکی پارتی یەکێتیی دیموکرات(پەیەدە)، کە بە باڵێکی پارتیی کرێکارانی کوردستان(پەکەکە) لە ڕۆژئاوای کوردستان ناو دەبرێت، ئێوارەی دوێنێ شەممە، لە ئانکارا، لەگەڵ بەرپرسانی دەستگای هەواڵگریی نیشتیمانیی تورکیا(میت)-دا کۆ بووەتەوە، لەو کۆبوونەوەیەدا بەرپرسانی میتی تورکیا (موسلیم)-یان هان داوە، بچێتە نێو ئۆپۆزسیۆنی میانڕۆی سووریاوە. ڕۆژنامەی حورییەت وەهای بڵاو کردووەتەوە.
ئەم سەردانەی (ساڵح موسلیم) دوای ئەوە دێ کە، سەرۆکوەزیرانی تورکیا(داوودئەغڵو) لەگەڵ (سەڵاحەددین دەمیرتاش)-دا کۆ بووەوە، کە تێیدا (دەمیرتاش) داوای لە حکوومەتی تورکیا کردووە، هاوکاریی کوردانی ڕۆژئاوا بکات و بەر بە کەوتنی کۆبانی بگرێ و نەهێڵێ بکەوێتە دەست دەوڵەتی ئیسلامییەوە.
هەر لە میانەی ئەو دیدارەی سەرۆکوەزیرانی تورکیا و (سەڵاحەددین دەمیرتاش)-دا، (ئەحمەد داوودئۆغڵو) ئامۆژگاریی (دەمیرتاش)-ی کردووە بەوەی کە، خۆی لە پەکەکە دوور بگرێ و بە ڕوونی بەرهەڵستیی خۆی بەرانبەر بە ڕژێمی (بەشار ئەسەد) ڕابگەیەنێ، لە بەرانبەردا تورکیا هاوکاریی لۆجیستیکی، دژ بە ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی(داعش) پێشکەش دەکات.
زریان زیاد




