٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
میدیای ده‌ره‌وه‌

ڕاپۆرتێكی"CNN": یه‌كلابوونه‌وه‌ی ڕه‌وشی سووریا كاریگەریی لە سەر كوردستانی توركیا و ئێران و عـێراق دەبێت

سەرچاوە: CNN

سەربازانی سوپای سووریا و سوپای سووریای ئازاد لە شاری “قامیشلی” نزیك سنووری توركیا نابینرێن. ئەو كەسانەی سەردانی شارەكە دەكەن باس لەوە دەكەن ئێستا ئاڵای كوردستان لە “قامیشلی” دەشەكێتەوە و چەكدارە كوردەكانیش چەندین خاڵی پشكنیان لە شارەكە داناوە. هاوكات ژمارەیەكی زیاتر چەكداری كوردی سووریا لە هەرێمی كوردستانی عێراق مەشق و ڕاهێنانیان پێدەكرێت.

 كوردەكانی سووریا داوای مافی خۆیان دەكەن
كوردەكان نزیكەی 10%ی دانیشتووانی سووریا پێك دەهێنن و لەم رۆژانەی دواییشدا توانیویانە 2 ناوچە كۆنترۆڵ بكەن. یەكێكیان لە دەوروبەری “قامیشلی”دایە و ئەوی دیكەیشیان دەكەوێتە باكووری حەڵەب و شارەكانی وەك “عەفرین” و “عەین ئەلعەرەب” دەگرێتەوە. كوردەكان یەك ئامانج و مەبەستیان هەیە و ئەو ئامانجەیشیان لە رێپێوانێكی چەند رۆژێك پێش ئێستادا لە ڕێی بەرزكردنەوەی پۆستەرەوە بەڕوونی ناو برد:

“فیدڕاڵیزم باشترین چارەسەرە بۆ سووریای نوێ”. كوردەكانی سووریا لە یەك هەرێم ناژین. ئەوان بە باكوری سووریادا بڵاو بوونەتەوە، بەڵام ئەمە نەبووەتە بەربەستێك لە بەردەم خەونەكانیاندا. ئەوان داوای ئۆتۆنۆمی دەكەن و پێدەچێت ئەم داوایەیش ببێتە هۆی پەیدابوونی كێشە لە نێوان كورد و پێكهاتەكانی دیكەی ئەو وڵاتەدا. دەبێت ئەو ڕاستیەیش لەبەرچاو بگیرێت، كە گۆڕانكارییەكانی سووریا كاریگەریی گەورەیان لە سەر بارودۆخی توركیا و عێراق و كۆماری ئیسلامیی ئێران دەبێت.

سووریا و بەكارهێنانی كارتی پەكەكە
خۆپیشاندان و نائارامی، مانگی ئازاری ساڵی ڕابردوو لە سووریا دەستی پێكرد، بەڵام كوردەكان بەشدارییان لەو خۆپیشاندانانەدا نەكرد، چونكە ترسی ئەوەیان هەبوو لە سووریای نوێیشدا سوننە هەموو دەسەڵاتەكان كۆنترۆڵ بكات و ئەویش هاوشێوەی ئەسەد مافی گەلی كورد دابین نەكات. لەوەیش زیاتر، پارتی یەكێتیی دیموكراسی سووریا واتە “پەیەدە” سوودی بۆ رژێمی سووریا هەبوو. سەرەڕای ئەوەیش، بەرپرسانی ئەم پارتە ماوەیەكی زۆرە پەیوەندییان لەگەڵ پەكەكە هەیە.

رۆژنامەنووسی تورك ڕوسین چاكیر دەڵێت:”پەكەكە هەمیشە پەیوەندییەكی زۆر بەهێزی لەگەڵ كوردەكانی سووریادا هەبووە، بە تایبەتی لەگەڵ پارتی پەیەدەدا”. ئەو رۆژنامەنووسە هەروەها دەڵێت:”ژمارەیەكی بەرچاو لە كوردی سووریا لە شەڕی نێوان هێزی ئاسایشی توركیا و پەكەكەدا كوژراون”. تەنانەت بەرپرسانی پەكەكە دەڵێن 3 هەزار و 500 “شەهید”یان كوردی سووریان. سۆنەر جاگاپاتای

توێژەرەوەیەكە لە “ئەنستیتیوتی واشنتۆن بۆ سیاسەتی رۆژهەڵاتی نزیك” و دەڵێت:”پەیەدە” ئامێرێك بووە كە هەمیشە لە لایەن بەرپرسانی سووریاوە بۆ هۆشداریدان بە توركیا بەكار هێنراوە. ئەم توێژەرەوەیە بە “سی ئێن ئێن”ی ڕاگەیاند:”ئەسەد دەیەوێت ڕێگا بە توركیا نەدات دەست لە كاروباری ناوخۆی وڵاتەكەی وەربدات. بۆ ئەو مەبەستەیش سوود لە پەكەكە وەردەگرێت. پەیوەندیی نێوان پەكەكە و كوردستانی سووریا وەك پەیوەندیی نێوان ئەو گرووپە چەكدارە و كوردستانی عێراق یان ئێران نییە، چونكە پەكەكە خاوەن جەماوەرێكی زۆرە لە ناو كوردستانی سووریادا”.

كشانەوەی سوپای سووریا لە ناوچە كوردییەكان
ئەو بارودۆخەی لە سووریادا هاتووەتە پێشەوە دەرفەتێكی زێڕینی بۆ هەبوونی پەیوەندی لە نێوان ئەسەد و “پەیەدە”دا ڕەخساند. زانیارییە هەواڵگرییەكان ئەوە ئاشكرا دەكەن، كە رژێمی سووریا ڕێگای بە سەدان شەڕوانی پەكەكە داوە بەرزاییەكانی قەندیل بەجێ بهێڵن و بگەڕێنەوە ناو سووریا، لەوانەیش بەرپرسی پەیەدە ساڵح موسلیم موحەممەد.

هەندێك لە ڕاپۆرتەكانیش باس لەوە دەكەن لە خۆپیشاندانی گەنجە كوردییەكانی ئەو وڵاتەدا رژێمی سووریا سوودی لە چەكدارانی “پەیەدە” وەرگرتووە بۆ مەبەستی بڵاوەپێكردنی خۆپیشاندانەكانی دژ بە ئەسەد.
لە مانگی ئۆكتۆبەری ساڵی 2011ـدا چالاكوانێكی ناسراوی كورد بە ناوی مەشعەل تەمۆ تیرۆر كرا. ژمارەیەكی زۆر لە كوردەكان ڕایانگەیاند رژێمی ئەسەد ئەو چالاكوانەی تیرۆر كردووە.

پێدەچێت بەرپرسانی “پەیەدە” ترسی ئەوەیان هەبێت، كە هەبوونی پەیوەندی لە نێوان بەرپرسەكانیان و رژێمی ئەسەددا دەبێتە هۆی تووڕەبوونی كوردەكان و دەرئەنجامی ئەوەیش كەمبوونەوەی جەماوەرییانە لە ناو كورددا. تەنانەت گومانی ئەوەیش هەبوو، كە “پەیەدە” دەستی لە تیرۆری شەمۆدا هەبووە، بەڵام بەرپرسانی ئەو پارتە هەر جۆرە تۆمەتێكی لەو جۆرە ڕەت دەكەنەوە.

“پەیەدە” لە ماوەی ئەم چەند مانگەی پێشوودا نە پشتگیریی لە حكوومەتی سووریا كردووە و نە پشتگیریی لە ئۆپۆزسیۆن كردووە، بەڵام سودیشی لە نەبوونی دەسەڵات لە ناوچە كوردییەكان وەرگرتووە بۆ بەهێزبوونی پێگەی خۆی و كۆنترۆڵكردنی ئەو ناوچانە.

نیگەرانی بەرپرسانی توركیا
ساڵی ڕابردوو بەرپرسی پەیەدە ساڵح موسلیم محەممەد بە بلۆگی “كوردوۆچ”ی ڕاگەیاند:”شتی گرنگ ئەوەیە كوردەكان ئاگاداری پێگەی ئێمەن. نە رژێمی ئێستای سووریا ئێمەی قەبووڵە و نە ئەو كەسانەیش، كە پاش ئەم رژێمە دەسەڵات دەگرنە دەست ئێمە قەبووڵ دەكەن”.

لە مانگی تەمموزی ڕابردوودا، هێزی ئاسایشی سووریا لە ژمارەیەك شار و شارۆچكەی كوردی كشایەوە. جەیڵ ساڵح توێژەرەوەیەكە لە “گرووپی قەیرانە نێودەوڵەتییەكان” ئیش دەكات و دەڵێت تا ئێستایش ڕوون نییە ئایا سەربازانی سوپای سووریا بە دەست ئەنقەست لەو شارۆچكە كوردییانە پاشەكشیان كرد یان “پێیان گوترا” بۆ ئەوەی ئەو كارە بكەن- هەروەك چۆن “پەیەدە” باسی دەكات. ئەم پاشەكشەیەی سوپای سووریا بەرپرسانی توركیای نیگەران كرد.

جاگاپاتای مانگی ڕابردوو بابەتێكی لە ماڵپەڕی “سی ئێن ئێن”ـدا بڵاو كردبووەوە و تیایدا هاتبوو “ئاڵای پەكەكە و پەیەدە لە “عەین ئەلعەرەب” و “عەفرین” دەشەكێنەوە. گۆڕانكارییەكانیش ئەوە دەردەخەن، كە پێدەچێت پەكەكە پلانی ئەوەی هەبێت ناوچەیەك بۆ خۆی لە سەر سنووری توركیا كۆنترۆڵ بكات”.

سەرۆكوەزیرانی توركیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان هۆشداری بە بەرپرسانی سووریا داوە و ڕایگەیاندووە هەر سنووربەزاندنێكی توركیا لە سنووری سووریاوە لە لایەن شەڕوانانی پەكەكەوە جێی قەبووڵكردن نییە و لە ڕێی هێزەوە وەڵامی دەدرێتەوە. چەند رۆژێك پاش ئەو لێدوانانەیش، سوپای توركیا لە نزیك سەرسنووری وڵاتەكەی و سووریا دەستی بە

ئەنجامدانی مانۆڕێكی سەربازیی گەورە كرد. ئەمەریكاش نیگەرانی خۆی لەم بارودۆخە هەیە. چەند رۆژێك پێش ئێستا وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا هیلاری كلینتۆن ڕایگەیاند: “پشتگیری لە هەڵوێستی بەرپرسانی توركیا دەكەین. نابێت سووریا ببێتە شوێنێك بۆ شەڕوانانی پەكەكە، ئیدی ئەگەر ئێستا بێت یان پاش كۆتاییهاتنی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد”. چاكیر دەڵێت: “پێدەچێت لە ماوەی 2 ساڵی داهاتوودا كێشەی زۆر گەورە بۆ توركیا دروست بێت. توركیا هیچ كاتێك ڕێگا نادات شەڕوانانی پەكەكە بەشی سووریای ئەودیوی سنووری وڵاتەكەیان كۆنترۆڵ بكەن. هەربۆیەیش زۆر ڕێی تێدەچێت سوپای توركیا بچێتە ناو سووریاوە”.

ڕكابەرایەتیی نێوان پارتە كوردییەكانی سووریا
بارودۆخی ناوچە كوردییەكانی سووریاش بێ كێشە نییە، بەڵكو ڕكابەرایەتییەكی توند لە نێوان پارت و گرووپە كوردییەكاندا دەربارەی كۆنترۆڵی ناوچەكان و دەسەڵاتەكان هەیە. ئێستا “پەیەدە” لە لایەن هاوپەیمانیەتییەكەوە ڕكابەرایەتی دەكرێت، كە بە “ئەنجوومەنی نەتەوەیی كوردی” ناسراوە. ڕاستە چەند كێشەیەك لە نێوان گرووپەكانی ئەم ئەنجوومەنەدا هەیە، بەڵام ئەنجوومەنەكە بەگشتی لە لایەن سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەسعوود بارزانیـیەوە پشتگیری ەكرێت.

چاگاپاتای دەڵێت بارزانی هەوڵیداوە “پەیەدە” و “ئەنجوومەنی نەتەوەیی كوردی” لە یەك نزیك بكاتەوە، بەڵام چەندین بەڵگە هەن ئەوە دەسەلمێنن هەماهەنگییەكی زۆر كەم لە نێوان ئەم 2 گرووپەدا هەیە. جەیڵ ساڵح پێی وایە مەترسی ئەوە لە ئارادایە لە ماوەی چەند مانگ داهاتوودا شەڕ لە نێوان گرووپە كوردییەكانی سووریادا لە سەر

كۆنترۆڵكردن و بەڕێوەبردنی “قامیشلی” ڕوو بدات. ئەم توێژەرەوەیە دەڵێت:”ئەنجوومەنی نەتەوەیی كورد” لەم شارەدا پێگەیەكی بەهێزی هەیە، بەڵام لەم چەند هەفتەی ڕابردویشدا جەماوەری “پەیەدە”ش لە شارەكە زیادی كردووە. ئەو هەروەها دەڵێت لە چەند رۆژی ڕابردوودا چەندین جار شەڕ لە نێوان لایەنگرانی ئەو ئەنجوومەنە و لایەنگرانی “پەیەدە”دا لە شارەكەدا ڕووی داوە. جەیڵ ساڵحیش دەڵێت، ئێستا سەدان كوردی سووریا لە هەرێمی كوردستانی عێراق مەشق و ڕاهێنانیان پێدەكرێت، بەڵام وا دیارە تاكو ئێستا هیچ چەكدارێكی مەشقپێكراوە نەگەڕێنراوەتەوە ناو سووریا.

بارزانی و پاراستنی بەرژەوەندییەكانی گەلی كورد
مەسعوود بارزانی دەیەوێت كاریگەریی لە سەر ڕووداوەكانی ناو سووریا هەبێت، بەڵام لە رۆڵی گرنگی توركیایش بۆ هەرێمەكەی تێدەگات، بە تایبەتی لەو بوارەدا، كە پەیوەندی بە ناردنە دەرەوەی نەوتەوە هەیە.

بارزانی نایەوێت پەیوەندییەكانی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ئەنقەرە تێك بچن و هەربۆیەیش پێدەچێت هەوڵ بدات كاریگەریی لە سەر سیاسەت و مامەڵەی “پەیەدە” هەبێت. چەند رۆژێك پێش ئێستا وەزیری دەرەوەی توركیا ئەحمەد داودئۆغلو سەردانی هەولێری كرد و لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەسعوود بارزانیـ دا كۆ بووەوە.

پاشانیش هەردوو بەرپرس ڕایانگەیاند:”هەر هەوڵێك بۆ قۆستنەوەی دەرفەتی نەبوونی دەسەڵات لە لایەن گرووپێك یان ڕێكخراوێكەوە، كە پەنا بۆ توندوتیژی ببات لە سووریادا بە هەڕەشەیەكی هاوبەش دادەنرێت”. دەكرێت ئەم هۆشداریدانەیش وەك پەیامێك بۆ “پەیەدە” بخوێنرێتەوە.

گرژبوونی پەیوەندییەكانی نێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی ناوەندی
یەكێكی دیكە لە گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە گرژبوونی پەیوەندییەكانی نێوان حكوومەتی هەرێم كوردستان و حكوومەتی ناوەندیی عێراقە.

چاگاپاتای دەڵێت: كوردەكان و توركیا دژایەتیی ئەو سیاسەتە دەكەن كە حكوومەتی عێراق بە سەرۆكایەتیی نووری مالیكی پەیڕەوی دەكات. ڕاپۆرتەكانیش باس لەوە دەكەن، كە هێزی پێشمەرگەی كوردستان و سوپای عێراق لە ناوچە سەرسنوورییەكانی نێوان سووریا و عێراقدا هەندێكجار تەنیا چەند سەد مەترێك لە یەكترییەوە دوورن.

بارودۆخی كورد دەگۆڕدرێت
چاكیر دەڵێت گۆڕانكارییەكانی سووریا و پێگەی كوردی ئەو وڵاتە لە سووریای نوێدا كاریگەریی گەورەی لە سەر بارودۆخی توركیا و كۆماری ئیسلامیی ئێران دەبێت، بە تایبەتی ئەوەی، كە پەیوەندیی بە كوردی ئەو 2 وڵاتەوە هەیە. چاكیر پێی وایە سووریا دەرفەتێكی زێڕینی بۆ پەكەكە ڕەخساندووە، چونكە بەرەیەكی دیكەی بۆ ئەو گرووپە چەكدارە بۆ شەڕی دژ بە توركیا كردووەتەوە. هەربۆیەش وا پێویست دەكات حكوومەتی توركیایش بزانێت چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم بارودۆخەدا بكات. ئەو بە “سی ئێن ئێن” ڕاگەیاند:”پێویستە حكوومەتی توركیا بە ڕێگایەكی دیبلۆماسی مامەڵە لەگەڵ پەكەكەدا بكات و هەوڵ بدات بەرپرسان و شەڕوانانی ئەو پارتە ڕازی بكات واز لە كاری توندوتیژی بهێنن و چەك دابنێن. بێگومان ئەم كارە ئاسان نابێت، هەروەك چۆن لە ئەزمونی ئایرلەندای باكووردا بینرا. بەڵام دەبێت بەرپرسانی توركیا لەو ڕاستیەیش تێ بگەن، كە سوپای وڵاتەكەیان ناتوانێت كۆتایی بە دەسەڵات و پێگەی پەكەكە بهێنێت”.

چاكیر پێی وایە ئێستا ئەم پرۆسە سیاسییە ئەنجام نادرێت، چونكە لە ساڵی 2014ـدا هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی لە توركیادا بەڕێوە دەچێت، بەڵام جەخت لە سەر ئەوەیش دەكاتەوە ئەگەر توركیا كێشەی كورد و پەكەكە چارەسەر نەكات، ئەوا ڕووبەڕووی كارەساتێكی گەورە دەبێتەوە.


چاگاپاتایش دەڵێت هەوڵەكان بۆ نووسینەوە دەستوورێكی نوێ بۆ توركیا چڕبوونەتەوە و پێویستە لەم دەستورە نوێیەدا مافی كورد دابین بكرێت.

ئەو دەڵێت، پێدەچێت لە ماوەیەكی كورتی داهاتوودا كوردەكانی توركیا سەیری ناوچەكە بكەن و بزانن بارودۆخ و ژیانی برا كوردەكانیان لە عێراق و سووریا زۆر لە بارودۆخ و ژیانی ئەوان باشترە و هەربۆیە ئەوانیش داوای مافی خۆیان بكەن.

زۆر ڕێی تێدەچێت سەرۆك وەزیرانی توركیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ساڵی 2014ی توركیا بپاڵێوێت. چاگاپاتای پێی وایە ئەردۆغان بەهێزترین كەسایەتیی سیاسیی هەڵبژێردراوە توركیا لە سەدەی ڕابردوودا هەیبووە.

ئەو دەڵێت: ئەردۆغان دەرفەتی ئەوەی لەبەردەستدایە كێشەی كوردی وڵاتەكەی چارەسەر بكات، ئەوەیش بە پێدانی مافی ئۆتۆنۆمی پێیان، بەڵام دەبێت ئەم سیاسەتمەدارە بەهێز ئەوەیش بزانێت، كە دەنگدەرانی توركیا، بە تایبەتی نەتەوەپەرستەكان، بە هیچ شێوەیەك پشتگیری لەم هەنگاوەی ناكەن.

 

ڕۆژنامەی هەولێر : عەلی حەسەن زەڵمی

هەواڵی پەیوەندیدار