٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
میدیای ده‌ره‌وه‌

شەڕی پێشمەرگە دژ بە "داعش" ده‌بێته‌ دوایین شه‌ڕی كورد پێش سه‌ربه‌خۆیی

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.INFO-  مانگی حوزەیرانی ساڵی 2014 وەكو خاڵێكی وەرچەرخان لە گۆڕانكارییەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراقدا دەمێنێتەوە. لەو مانگەدا گرووپی تیرۆریستیی "داعش" هێرشی كردە سەر مووسڵ و شار و شارۆچكە سوننەنشینەكانی دیكەی عێراق و كۆنترۆڵی كردن.

"داعش" توانی دەست بە سەر بڕێكی زۆر چەك و تەقەمەنی پێشكەوتوو و پاڵاوگە و بیری نەوتیشدا بگرێت.

لە هەمان مانگیشدا هێزی پێشمەرگەی كوردستان توانی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دیكەی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ئازاد بكات. جیاوازییەكی زۆر گەورە لە نێوان هێزی پێشمەرگەی كوردستان و گرووپی تیرۆریستیی "داعش"-دا هەیە و كۆمەڵگای نێودەوڵەتییش ئەم جیاوازییە گەورەیە لەبەرچاو دەگرێت لە هەڵگرتنی هەر هەنگاوێكدا بە ئاراستەی چارەسەركردنی كێشە و قەیرانەكانی عێراق.

سیاسەتی سەركەوتووی حكوومەتی هەرێم
كورد نزیكەی 20%-ی دانیشتووانی عێراق پێك دەهێنێت. كوردەكان لە ساڵانی نەوەدەكانی سەدەی ڕابردوەوە كاروباری خۆیان بەڕێوە دەبەن. لە پاش پرۆسەی ڕزگاری عێراق- لە ساڵی 2003دا - تەقینەوە و توندوتیژی عێراقی گرتەوە،

بەڵام لەو كاتەوە هەرێمی كوردستان تەنیا ناوچەی ئارام، پێشكەوتوو و دیموكراسییە لە عێراقدا. هیچ كاتێك حكوومەتی هەرێمی كوردستان نەبووە هۆكاری نائارامی، بەڵكو جیاوازی نێوان شیعە و سوننە بوو وایكرد ڕەوشی عێراق و چەندین وڵاتی دیكەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێك بچێت. ئێستایش "داعش" بەرپرسانی توركیا و ئوردون و سعوودیە و كوێت و چەندین وڵاتی دیكەی ناوچەكەی نیگەران كردووە.

بەڵام حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ماوەی ئەم چەند ساڵەی ڕابردوودا هەمیشە ڕۆڵێكی ئەرێنی لە ناوچەكەدا گێڕاوە. سیاسەتی سەركەوتووی سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان وایكرد توركیا و ئێران بە خۆشحاڵییەوە پەیوەندیی بەهێزی ئابووری و سیاسی لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا دروست بكەن. ئێستا پەیوەندییەكی بەهێزی بواری وزە لە نێوان هەولێر و ئەنقەرەدا هەیە و بەرپرسانی توركیاش پێیان وایە حكوومەتی هەرێمی كوردستان هێزێكی گەورەی تایبەت بە دابینكردنی ئارامی و ئاسایشە لە ناوچەكەدا.

لە مانگی نۆڤەمبەری ڕابردوودا حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی توركیا ڕێككەوتننامەی بواری وزەی نێوانیان واژۆ كرد. بە گوێرەی ئەم ڕێككەوتننامەیە نەوت و گازی سرووشتیی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی سەربەخۆ بە ناو توركیادا ڕەوانەی بازاڕەكانی دەرەوە دەكرێت.

ڕێككەوتننامەكە بۆ ماوەی 50 ساڵە و زۆریش گرینگە، چونكە بەرپرسانی توركیا و كوردستان و بەغدایش دەزانن ئەم ڕێككەوتننامەیە واتای ئەوە دەگەیەنێت هەرێمی كوردستان لە بواری ئابورییەوە سەربەخۆیی بەدەست دەهێنێت و ئەوەش دەبێتە یارمەتیدەرێك بۆ سەربەخۆیی سیاسی. بەغدا زۆر هەوڵی دا ئانکارا ڕازی بكات ڕێز لە بەندەكانی ئەو ڕێككەوتننامەیە نەگرێت، بەڵام هەوڵەكانی بێسوود بوون. پەیوەندی نێوان هەولێر و ئانکارا ئەوەندە پێشكەوتنی بەخۆیەوە بینیوە كە تەنانەت حكوومەتی توركیا خۆشحاڵ بوو بە ئازادكردنی كەركووك لە لایەن هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە.

به‌ری ئه‌م گۆڕانكاریانە ناگیرێت،
مێژوو پێمان دەڵێت، كاتێك هەندێك گۆڕانكاری خێرا ڕوویان دا ئیدی ئەستەمە بتوانیت ڕایان بگریت. هەوڵێكی گەورە بە ئاراستەی سەربەخۆیی كوردستان دەستی پێ كراوە و پێناچێت هێرشەكانی چەند ڕۆژی ڕابردووی تیرۆریستانی "داعش"-یش بتوانێت ڕێگا لەو هەوڵە بگرێت. لە هەمان كاتیشدا تێڕوانینی پسپۆڕانی ناوچەكە و جیهان بە ئاراستەی ڕەوشی عێراق بە تەواوی گۆڕاوە.

بە درێژایی سەدەی ڕابردوو گەرمترین بابەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پرسی فەلەستین بوو، بەڵام ماوەی چەند ساڵێكە پرسی كورد بووەتە بابەتی سەرەكیی ئەم ناوچەیەی جیهان و زۆرینەی توێژەرانیش ئاماژە بە پێویستیی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردی دەكەن. ئەم تێگەیشتنە نوێیە دەبێتە پاڵپشتێك بۆ سیاسەتمەدارانی كورد بۆ ئەوەی زیاتر داكۆكی لە ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردی بكەن و هەر كاتێكیش ئەو هەنگاوە نرا، ئیدی شەرعیەت بە دەست دەهێنێت.

لە هەمان كاتیشدا، كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەو ئاراستەیە هەنگاو دەنێت كە بارودۆخەكە و ڕاگەیاندنی دەوڵەتێكی سەربەخۆی كوردی قبووڵ بكات. مانگی ڕابردوو تۆڕی میدیایی ڕووداو بڵاوی كردەوە كە ئەمەریكا و فەرەنسا و ئیتاڵیا و بەریتانیا و توركیا و ئوردون و كوێت و ئیمارات بە سەركردایەتیی سیاسیی كوردستانیان ڕاگەیاندووە ئەوان دەوڵەتی سەربەخۆی كوردی قبووڵ دەكەن.

چەند ڕۆژێك پێش ئێستایش پەرلەمانی ئەورووپا ئاماژەی بەوە كرد كە دژی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردی نابێت. چەند هەفتەیەك پێش ئێستایش سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەڕێز (مەسعوود بارزانی) داوای لە پەرلەمانی كوردستان كرد ئامادەكاری بۆ بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم دەربارەی سەربەخۆیی كوردستان بكات.

شەڕی كورد بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌ ده‌وڵه‌تێکی سەربەخۆ
ئێستا شەڕ لە نێوان هێزی پێشمەرگەی كوردستان و تیرۆریستانی "داعش" بە درێژایی سنوورێكی زیاتر لە هەزار كیلۆمەتر بەردەوامە. كێشە سیاسی و ئابووری و ستراتیژییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر نەكراون. سەدانهەزار كەس لە شوێنەكانی دیكەی عێراقەوە لە ترسی هەڕەشەكانی "داعش" و تەقینەوە و توندوتیژی ڕووی لە هەرێمی كوردستان كردووە.

ئەمانە هەموویان گوشارێكی گەورەیان لە سەر حكوومەتی هەرێم و سەركردایەتی سیاسی كوردستان دروست كردووە، بەڵام دەكرێت ببنە دەرفەتێكی دیكەش بۆ بەهێزتركردنی داواكاری كورد بە ئاراستەی سەربەخۆیی كوردستان و بەدەستهێنانی پشتگیریی نێودەوڵەتی بۆ گەیشتن بەو ئامانجە. هێرشە ئاسمانییەكانی ئەمەریكاش بۆ سەر تیرۆریستانی "داعش" ئەو پەیامەی گەیاند كە ئەگەر ڕەوشەكە زیاتر تێك بچێت و عێراق بە یەكپارچەیی نەمێنێتەوە ئەوا دەكرێت واشنتۆن گڵۆپی سەوز بۆ سەربەخۆیی كوردستان داگیرسێنێت.

ئێستا هیچ سنوورێك لە نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقدا نەماوە و "داعش" ناوچەیەكی بەرفراوانی لە ژێر كۆنترۆڵدایە. گومان لەوەدا نییە ئەگەر دەوڵەتێكی سەربەخۆی بەهێزی كوردی هەبێت ئەوا دەتوانێت ڕووبەڕووی تیرۆریستانی داعش ببێتەوە و ڕێگایش نەدات ئەو گرووپە تیرۆریستییە هەڕەشە لە سەر ئارامی و ئاساییشی جیهان دروست بكات. لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوویشدا پێگەی حكوومەتی هەرێم چەند بەرامبەر بەهێز بووە. هەربۆیەش دەكرێت شەڕی ئێستای كورد دژ بە "داعش" ببێتە شەڕی كورد بۆ سەربەخۆیی كوردستان.

سەرچاوە: گۆڤاری "تابلێت"ی ئەمەریكا
لە ڕۆژنامەی هەولێرەوە

هەواڵی پەیوەندیدار