گۆڤاری تایمی ئەمەریكی: گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە لە بەرژەوەندیی گەلی كورددان

ئامادهكردن و وهرگێڕانی: عەلی حەسەن زەڵمی
پێلین تێرگێت لە گۆڤاری تایمی ئەمەریكیدا بابەتێكی نووسیوە و تیایدا هاتووە، پرۆسەی ڕزگاریی عێراق لە ساڵی 2003دا لە سەر دەستی ئەمەریكا و خۆپێشاندانەكانی جیهانی عەرەبی دەبنە هۆی گۆڕینی نەخشەی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
نووسەر دەڵێت: دەكرێت ئەمجارەیان گۆڕانكارییەكان لە بەرژەوەندیی گەلی كورددا بن، چونكە گرووپ و پارتەكانی ئەو گەلە بێ وڵاتە بە شێوەیەكی باش خۆیان ڕێك خستووە و هەماهەنگییەكی تەواویش لە نێوانیاندا هەیە بۆ ئەوەی ڕووداوەكان لە بەرژەوەندیی خۆیاندا كۆتایی پێ بهێنن.
رۆڵی بارزانی لە یەكڕیزیی كورددا
تێرگێت باس لە ڕۆڵی گرنگی سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەسعوود بارزانی دەكات بۆ لێك نزیككردنەوەی گرووپ و پارتە سیاسییە كوردەكانی خۆرئاوای كوردستان و دەڵێت: ئەو هەوڵەی بارزانی بووە هۆی ئەوەی ئەو گرووپانە بەڵێن بدەن جیاوازییەكانیان بەلاوە بنێن و كار بۆ بەدەستهێنانی مافەكانی كورد لە سووریا و پاراستنی بەرژەوەندییەكانی گەلەكەیان بكەن.
موستەفا گوندوگدوی توێژەرەوە لەو بارەوە بە تایمی ڕاگەیاندووە:سیاسەتی لایەنی كوردی لە سووریادا زۆر گرنگ و سەركەوتووە. ئەوان نە پشتیوانی لە بەشار ئەسەد دەكەن و نە پەیوەندییان بە ئۆپۆزسیۆنی سووریاوە كردووە.
ئەو هەنگاوەی ئەوان هەڵیانگرتووە پشت بە پاراستنی بەرژەوەندییەكانی گەلی كورد دەبەستێت. ڕاستە ئەوان لەگەڵ هێزە ئۆپۆزسیۆنەكاندا كار دەكەن، بەڵام بەشێك نین لەوان و سیاسەتی تایبەت بە خۆیان هەیە. ئەوان ئێستا ڕۆڵێكی گەورە لە گۆڕانكارییەكانی ناو سووریادا دەگێڕن.
سەدا ئاڵتوگ پسپۆڕێكە لە زانكۆی بۆگازیجی ئەستەنبوڵ و دەڵێت:كوردەكانی سووریا هەر لە سەرەتای خۆپێشاندانەكەوە زانیان چۆن مامەڵە بكەن و چ جۆرە هەنگاوێك هەڵگرن. ئەوان بەشدارییان لە خۆپێشاندانەكانی ڕۆژانی هەینیدا دەكرد، بەڵام دروشمی تایبەت بە خۆیان هەبوو.
نیگەرانیی بەرپرسانی توركیا
تێرگێت زیاتر نووسیویەتی، بەرپرسانی توركیا ترسی ئەوەیان هەیە پارتی پەیەدە ناوچە كوردییەكانی سووریا بە تەواوی كۆنترۆڵ بكات، چونكە ئەم پارتە پەیوەندییەكی لەگەڵ پەكەكەدا هەیە.
هەربۆیەیش بەرپرسانی توركیا هەڕەشەی ئەنجامدانی كردەی سەربازییان بۆ ڕۆژئاوای كوردستان كردووە، ئەگەر هات و لەو شوێنەوە هەڕەشە لە سەر ئاسایشی توركیا دروست بوو. ئەو پرسیارەی دێتە پێشەوە ئەوەیە، كە ئایا توركیا دەتوانێت ئەو كارە بكات؟
نووسەر پێی وایە، حكوومەتی توركیا هیچ كاتێك ناتوانێت ئەو هەڕەشە زارەكییانە بكاتە كرداریی، چونكە هەڵگرتنی ئەو هەنگاوە دەبێتە هۆی توڕەبوونی كوردەكان بەشێوەیەكی گشتی و پاشانیش عەرەبی سوننەی سووریا تووڕە دەبێت، چونكە ئەوان ماوەیەكی زۆرە داوا دەكەن كردەی سەربازی بۆ كۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی ئەسەد ئەنجام بدرێت، بەڵام تاكو ئێستا هیچ وڵاتێك گوێی بۆ ئەم داوایە نەگرتووە.
ئاڵتوگ دەڵێت:توركیا بەبێ پشتگیریی ناتۆ یان ئەمەریكا ناتوانێت هەنگاوی لەو جۆرە هەڵگرێت. بەرپرسانی ئەنقەرە پێیان باشە ئەم كێشەیە لە ڕێی دیپلۆماسیەوە چارەسەر بكەن و بەشێك لە ئامانجی سەردانەكەی هەفتەی ڕابردووی وەزیری دەرەوەی توركیایش بۆ هەرێمی كوردستان و كۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆكی كوردستان مەسعوود بارزانی بۆ تاوتوێكردنە ئەو پرسە بوو.
گۆڕانكارییەكان لە بەرژەوەندی گەلی كورددان
ئاڵتوگ هەروەها پێی وایە گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە بەشێوەیەكی گشتی لە بەرژەوەندیی گەلی كورددان، چونكە كوردەكان خۆیان سیاسەتێكی ژیرانە پەیڕەو دەكەن.
نووسەری بابەتەكەی گۆڤاری تایم دەڵێت: گۆڕانكارییەكانی سووریا و پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستان وا دەخوازن حكوومەتی توركیایش بیر لە چارەسەرێكی ڕاستەقینەی دیپلۆماسی بۆ كوردانی وڵاتەكەی بكاتەوە.
تێرگێت ئاماژە بە چەند دێڕێك لە بابەتێكی نووسەری گەورەی توركی محەممەد عەلی بیراند دەكات و دەڵێت:ئێمە حكوومەتی توركیا چ هەوڵێكمان داوە بۆ چارەسەركردنی كێشەی گەلی كوردی وڵاتەكەمان و دابینكردنی ژیانێكی باش بۆ كوردەكان؟




